چاكسازیی، لەدروشم واوەترە

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


قسەوباسی زۆر لەبارەی ئەجێندای حكومەتی نوێ‌ دەكرێت. جارێ‌ دیار نییە ئەولەیەت و كاری لەپێشینەی ئەم كابینەیە چییە، بەڵام ئەوەی ئێمە لێمانەوە دیارە، دروشمەكانی ئەم كابینەیە زۆر گەورەن و جێبەجێكردنیان ئاسان نییەو ئیرادەیەكی بەهێزی دەوێ‌.

ئەجێندای ئەم حكومەتە، ئەجێندای پێكهێنەرانی كابینەكەن. واتە ئەجێندای پارتی و یەكێتی و گۆڕانە، بەشێك لەئەجێندای ئەم حكومەتە لەچوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەكان بەتایبەت لەنێوان یەكێتی وپارتیدا نوسراوەتەوەو كراوەتە مەرجی بەشداریكردن لەكابینەی نوێ‌.

كەموكوڕیی و كێشەكانی حكومەت زۆرە، زادەی كەڵەكەبونی دەیان ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانە، ئاڵۆزییەكانی حوكمڕانیی چۆتە هەموو كون و قوژبنێك و دەستبردن بۆ چاككردنی هەم وەختێكی زۆری دەوێت، كورد وتەنی لەدروشم واوەترەو كرداری هەقیقی گەرەكە!

با لەئێستاوە رەشبینی نەبین، بەڵام راستەڕێ كردنی بەشێك لەئیشوكارەكانی حوكمڕانیی لەهەرێم پێویستی بەخوێندنەوەیەكی واقعی بارودۆخ و هەروەك دەكرێت بڵێین پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی پێشوەختەش هەیە! بۆیە بەدڵنیاییەوە چاكسازیی بەكەسێك و حزبێك و تیمێكی دیاریكراو ناكرێت، بەڵكو هەموو لایەنەكان تێیدا بەشداربن.

شەفافكردنی پرسی نەوت لەهەرێمی كوردستان دەرگایەكی گەورە دەكاتەوە لەسەر دروستكردنی ئەو تێگەیشتنەی كە نیەتێك هەیە بۆ چاكسازیی لەكوردستان. پێویستە نەك تەنها لایەنە سیاسییەكان، بەڵكو هەموو هاوڵاتیەكی كوردستان بزانێت چەند نەوت دەفرۆشرێت و بەچەند دەفرۆشرێت و پارەكەیشی چۆن دەگەڕێتەوە كوردستان بەهەموو وردەكارییەوە.

هەروەك پێویستە حكومەت لەئێستاوە بڕی قەرزی سەر حكومەت بە وردەكارییەوە رابگەینێت، تا بەرچاو روون بین قەرزەكە چەندەو لەكوێ و بۆچی قەرزكراوە، چونكە ئەمە وڵامی زۆر پرسیاری خەڵكی كوردستان دەداتەوە! بەتایبەت ئێمە لەوە تێدەگەین كە ئەگەر حكومەت دەیان ملیار دۆلاری قەرز كردووە، ئەی بۆچی چەند ساڵ موچەی فەرمانبەران بەناوی پاشەكەوت گلدەدرایەوە؟ بەومانایەی ئەگەر پارە هەبووە (ئەگەر پارەی قەرزیش بوبێت) ئەی موچەی خەڵك دابین نەكراوە؟!

رەنگە هەموو چاوەڕوانی ئەوە بین كە لەم كابینەیەدا قانونێكی تایبەت لەپەرلەمانی كوردستان دەربچێت بۆ چاككردنی موچەی فەرمانبەران و پێداچونەوە بەخانەنشینی بەشێوەیەكی گشتیی، چونكە بەپێی ئەو ژمارانەی بەردەستن، هەزاران كەس پلەی تایبەتی پێدراوەو سەدان كەسیش بەپلەی تایبەت خانەشینكراون و بەشێكیان یەك رۆژ وەزیفەیان نەبینیوە!
بۆ دەستبردن بۆ ئەم پرسە، دەبێ‌ چاو لەهیچ بارودۆخێك نەپۆشرێت، مەنسوبیەت و مەحسوبیەتی حزبیی ناعەدالەتییەكی ئێجگار گەورەی لەحكومەتدا دروستكردووە.

چارەسەركردنی گەندەڵی كۆمپانیاكان و ئەو هەموو زەوی و زارە تەخشانكراوەی پرۆژەكانی بەناو وەبەرهێنان و هەروەها ئەو هەموو پرۆژە تەواو نەكراوەی نیشتەجێبون و سپیكردنەوەی پارە، بەشێكی دیكەی گرفتە گەورەكانی بەردەم ئەم حكومەتەیە، هیچ دەرفەت نەماوە بۆ زیاتر دواخستنی، گەیشتۆتە زروەت و زیانی ملیارەها دۆلاری بەخەڵك گەیاندووە.

خولاسەی كەلام دەتوانین قسەی زۆرتر لەبارەی گرفتە گەورەكانی حوكمڕانیی كوردستان بكەین، بەڵام ئەوەی بۆ ئەم دۆخە پێویستە ئەوانەی ئەمڕۆ هاتونەتە حوكمڕانی هانبدەین دۆخەكە چاكبكەن، لەلایەك ئاگاداریان بكەینەوە بۆ نەهێشتنی كەموكوڕیی و گەندەڵییەكان، لەلایەكی دیكە هاوكاریان بین لەجێبەجێكردنی وەعدو پەیمانەكانی خۆیان، ئەگینا دوبارە یەخەگیریان دەبینەوە.


PM:03:20:15/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی