‌بزوتنەوەی گۆڕان، نزیكبوونەوە لە كۆتایی
PM:12:49:06/03/2019
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌



لەدوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان روبەرووی واقعێكی زۆر تاڵ بۆتەوە، بەپێی ئەو پێشبینیانەی دەكرێت، لەوەیە بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە نیوەی ئەو دەنگەش بەدەستنەهێننەوە كە ئێستا هەیانە!

كاتێك گۆڕان دروستبوو، وەك بەدیلی یەكێتی نیشتیمانی دەركەوت، بەخێراییەكی زۆر گەشەیكرد! بگرە لەدەرەوەی هەموو پێشبینیەك دەنگی بەدەستهێنا، بەجۆرێك سەركردایەتی یەكێتی توشی واقعێكی زۆر چاوەڕواننەكراو بوو!

بوون و گەشەكردنی گۆڕان لەبۆشاییەكی گەورەوە بوو، بۆشاییەكە فكری یان سیاسی نەبوو، بەڵكو كاردانەوەیەكی جەماوەریی بوو دەرهەق بەبارودۆخی ناوخۆی یەكێتی و مامەڵەی لەگەڵ حوكمڕانیی و رێككەوتنی لەگەڵ پارتیی، بەڵام خەریكە گۆڕان تەواوی ئەو ئارگۆمێنت و بیانوانە لەدەستدەدات كە پێشتر ململانێ و شەڕی یەكێتی پێدەكرد.

سەرەتای دروستبونی گۆڕان، ئەوان باسیان لەپیربونی سەركردایەتی یەكێتی دەكرد، بەدڵنیاییەوە ئەم قسەیە ئەندازەیەك لەراستی تێدابوو، باسیان لەوەدەكرد كە یەكێتی لەژێر كاریگەری یەك كەسدایەو حزب لەژێر هەژمونی بنەماڵەیە! هەروەك پرسی ناشەفافبونی باری دارایی حزب و دانانی خەڵك بەتەزكیەی حزب و داگیركردنی موڵك و سامانی گشتیی و ..تد دەكرد! لەڕێی میدیاكەیانەوە بەهەموو شێوەیەك خەریكی ناشرینكردنی یەكێتی و سەركردایەتی یەكێتی بوون، بەڵكو بەشێك لە بنكەی جەماوەری یەكێتیش لەژێر كاریگەری ئەو هێرشە ئیعلامییەی بزوتنەوەی گۆڕاندا بوون. زەمینەیەكی زۆر دژواری لەناوخۆی یەكێتیدا دروستكردبوو، زیانێكی گەورە بەدەنگەكانی یەكێتی كەوت و باری بڕیاردانی یەكێتی لاوازكردو سەرەنجام ئەو لاسەنگییەی ئێستای كوردستانی بەدوایخۆیدا هێنا.

دوای ماوەیەكی كورت، كۆی ئەو ئارگۆمێنت و بیانوانەی گۆڕان لەهەموو هەڵبژاردنەكان تەنها لەدژی یەكێتی بەكاریهێنا، بەتەواوی سەرهەوراز رووی خۆیانی گرتەوە، بۆیە ئێستا لەبارودۆخێكدان كەس ئیرەییان پێنابات! ئەوان كەباسی پیربونی سەركردایەتی یەكێتیان دەكرد، ئێستا خانەی راپەراندنیان پڕە لەوانەی بۆخۆیان لەناو یەكێتی پیر ببون، باسی هەژمونی بنەماڵەیان بەسەر حزبدا دەكرد، بەڵام ئێستا كوڕەكانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا تەواوی بزوتنەوەكەیان كۆنترۆڵ كرووە، بگرە هەرچی سامانی حزب هەیە بەناوی ئەو دووانە كران! سەرباری هەموو ئەو بارودۆخە ناهەموارە كەچی تەنها لەپێناو بەشداریكردن لەحكومەت رێككەوتنێكیان لەگەڵ پارتی ئیمزاكرد! ئەمەش دوایین بزماربوو كە لەتابوتی بزوتنەوەی گۆڕان درا.

سیاسەت و هەڵسوكەوتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوی دژی ئەو دروشم و بیانوانەیە كە بزوتنەوەكەی لەسەر دامەزرا، بۆیە ئاساییە ببینین لەماوەیەكی كورتدا جەماوەرێكی زۆر لەدەست بدات، رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بزوتنەوەكە بەجۆرێك بپوكێتەوە بای ئەوە نەكات حزبێكی دیكە لەمیدیاكەی خۆی باسی بزوتنەوەكە بكات! بەدڵنیاییەوە رەخنەو بیانوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڕەتی ئۆپۆزسیۆن بونیان رەوایەتی هەبوو، لەجێی خۆیاندا بوون، دروستبوون، بەڵام ئەوان پێچەوانەی ئەو دروشمانە ئیشیانكرد! كەوایە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەكی بێ‌ فكرو، ئۆپۆزسیۆنێكی بێ ئەجێندا بوو، بۆیە ئەمڕۆ تەنها لەپێناو بەشداریكردن لەحكومەت، بەبێ‌ گرێ و چاوەڕوانی ئیمزایان خستەسەر رێككەوتنێك رەنگە بای ئەوە نەكات جارێكی دیكە لەبازگەی هەولێر یەخەیان نەگرن و رێگریان لێنەكەنەوە.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.