لەدوای مام جەلال چ قەوما؟

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


تا دێت تێگەیشتن و تێروانینەکانی مامجەلال زیاتر جێی خۆیان دەگرن، تا دێت پانتایی جیاوازییەكانی (مام) لەگەڵ بەشێك لەسەركردایەتی حزبە سیاسیەكانی كوردستان دەردەكەوێت، ئەو جیاوازییەش بێگومان بەرەنجامی خوێندەواریی و ئەزمونێكی دورودرێژی (مام) بوو بەراورد بەوانی دیكە.

جارێكیان لە 2009 لە دوكان كۆبونەوەی ژمارەیەك كادری هەولێر بوو، لەو كۆبونەوەیەدا برادەرێك هەستایەوە، دیاربوو حەماسەتی ناوچەگەرێتی گرتبوی و وتی مامە حەزدەكەین پەیكەرێك بۆ وەستا رەجەب لەرواندزێ‌ دروست بكەین. مام بەخێرایی وڵامی دایەوە كە ناكرێت و نابێت ئەو كارە بكرێت چونكە كێشەمان لەگەڵ ئێزدییەكان بۆ دروست دەبێت! ئەو دور بینیە بۆ كەسێك ئەگەر ئەگەر خوێندەوار نەبێت و مێژووی نەخوێندبێتەوە رەنگە كاردانەوەی زۆر خراپی هەبێت، بەڵام كاتێك تەماشا دەكەیت لەسەردەمی پاشای رواندز ئێزدییەكان لە بناری هەریرو ئەو ناوچانەی دەوروبەر لەسەردەستی ئەمارەتەكەی دیسان فەرمانیان لەدژدا جێبەجێكراوە، بێگومان ئەوكاتە لەوڵامەكەی مام حاڵی دەبیت!

سەرباری ئەو دڕەندەییەی سەدام، كەچی (مام) ئامادە نەبوو ئیمزا لەسەر ئیعدامكردنی بكات! رەنگە ئەگەر تەماشای ئەو رەشەكوژیی و جینۆسایدو كیمیابارانكردنەی كوردستان بكەین، دەبێ‌ بڵێین دەبو ئەو بۆخۆی ئەو ئیمزایەی كردبا! بەڵام كاتێك بارودۆخی عیراق و رەهەندەكانی دیكەی گرێدراو بەو پرسە دەبینین، بەدڵنیاییەوە لەوەدەگەین باشترین بڕیاریدا بەوەی بەئیمزای ئەو، سەدام ئیعدام نەكرا!

ئەگەر بەئیمزای ئەو بوایە، بەدڵنیاییەوە سەدان هەزار كورد لەبەغدا دەكەوتنە بەر هەڕەشەی جددی و لەسەر دەستی سوننەكان و قەتلوعام دەكران، ئەمە سەرباری سوننە لەسەر تخوبی هەرێمی كوردستانن و ئەوەندەی دیكە دەبونە دوژمنی كورد، بەڵام بەو ئیمزا نەكردنە، لەلایەك سوننە قەرزارباری كورد بونەوە، لەلایەكی دیكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێزێكی زۆری هەڵویستی كوردیان گرت كە مامجەلال نوێنەرایەتی دەكرد لەوەی پارێزگاری لەمافی مرۆڤ كرد، سەرەنجام سەدام هەر ئیعدام دەكرا، كەوایە بەدڵی ئێمە بوو، بەڵام بەدەستی ئێمە نەبوو.

لەپرسی دەوڵەتی كوردستانیش هەڵوێستێكی سەقامگیرو روونی هەبوو، پێیوابو ئاسان نییە ئەو پرسە، نەخاسمە بە خوێندنەوەی بارودۆخی ئیقلیمی و خواستی میللەتانی داگیركەر، لەگەڵ ئەوەی 60 ساڵ بوو خەباتی لەپێناودا دەكرد، كەچی لەراگەیاندندا وتی دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانەیە! تێگەیشتن لەو دێڕە ئاسان نەبوو، بۆیە زوو زوو دەكەوتە بەر رەخنەی بەشێك لەوانەی تێنەدەگەیشتن، بەڵام كاتێك ریفراندۆمەكەی كوردستان بەڕێوەچوو، هەندێك لە سەركردایەتی حزبە سیاسییەكان كە دروشم و پرۆژەی قەبەی بێ‌ ئارگۆمێنتیان خستە رۆژەڤەوەو سەرەنجام كۆی باری سیاسی و ئیداریی كوردستان روبەڕوی پاشەكشەیەكی زۆر خێراو خراپ بوو، ئەزمونی كوردستانیان خستە مەترسی جددیەوە، دیسان تێگەیشتین تێروانینی مامجەلال، بەرەنجامی خوێندنەوەی مێژوو، ئەزمونی 60 ساڵەی كاری سیاسی بوو.

بەكورتی وجودی (مام) تەنها ئەوە نەبوو هاوسەنگی نێوان هەرێم و بەغدای رادەگرت، بەڵكو رێگەی لەپرۆژەی بێ ئەرگۆمێنت و پفدراو دەگرت، بۆیە دەبینین لەغیابی ئەودا لەماوەیەكی كورت، ریفراندۆمێك بەڕێوەچوو هەموو دونیامان هاتە سەیرانێ، دواتر ساڵ نەسوڕایەوەو چلەی نەچوو، هەندێک لەسەر پۆست و سوێندخواردن بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عیراق، سەری مەیدانێیان لێ گرتین و ئێستا لەمەلیك مەلەكیترن.


PM:09:33:27/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی