ئێوە كوردن یان نادیە؟

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

(ستیڤ مامان)ى كەنەدی ویستی كچانی ئێزدی رزگاربكات، كەچی لەكوردستان رێگەیان نەدا!

ئەوانەی بەدەست تیرۆرستانی داعش ئازاریان چەشت زۆربوون، چیرۆكی هەریەكەیان تراژیدیایەكی سەربەخۆیەو ئازارێكی بێ‌ هاوارە، لەنێوان ئەو هەزاران هەزار قوربانییەی دەستی داعش، نادیە بووە سیمبولی ئازارو چەوسانەوەی كوردانی ئێزدی.

لەكوێی دونیا بووە كچێك خەڵاتی ساخارۆف و نۆبڵ وەرگرێت كە میللەتانی دونیا خەونی پێوەدەبینن، كاربەدەستانی وڵاتەكەی پیرۆزبایی لێنەكەن؟! خراپتر لەوە، تۆمەتی كورد نەبونی بۆ داتاشن!
ئازاری ئێزدییەكان چیرۆكی 3ی ئابی 2014 نییە، بەڵكو درێژكراوەی سەدان ساڵی رابردووەو هێشتا كۆتایی نەهاتووە، نە فەرمانێك و نەدووان، نەپەلامارێك و نەدووان، فەرمان بووە لەلایەن كورد خۆیەوە كراوەتە سەر كوردانی ئێزدیی، كە بەكوردی دەپەیڤن و بەكوردی نوێژ دەكەن و بەكوردی دوعای خێرو خۆشی دەكەن، سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانە لەپای پارێزگاریكردن لەدین و زمان و كلتوری كوردەواریی، ئێستا كەمینەیەكی كوردی (موسڵمان!) دەیانەوێ‌ لەكوردبونیشیان بكەن!

لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەدەست ئازارێكی نەپساوەوە، خەریكە هەناسەبڕ دەبن، خاك و خۆڵ و ئاوی وڵاتەكەیان لێبوە بەژەهرو دەرخواردیان دەدەن! ئاخر لە 2014 هەزاران هەزار پێشمەرگەی كوردستان بەبێ‌ هیچ بەرگرییەك و بێ‌ ئاگاداركردنەوەی كوردانی هاوخوێنیان ناوچەكەیان جێهێشت و لەئەنجامدا كچانی كۆچۆو گر عوزێر تەل بەنات و تەل قەسەب..تد كەوتنە دەست دڕندەترین مرۆڤەكانی سەرزەمین بونە كەنیزەك و بەدیاری دەبەخشرانە دێو درنجی نەوەكانی بەر لە 14 قڕن، لاوك و مێرو جامێری كوردان كەوتنە بەر هەڵگرانی شمشێرەكەی بیابان، زارۆك و دایكانیش، بونە كارەكەرو بەردەستی ئەمیری موسڵمانان..

ئێوە دەزانن تۆمەتبارانی چۆڵكردنی شنگال و جێهێشتنی ناوچەكە تائێستا نەدراونەتە دادگایەكی عادل تا راستی ئەو مەرگەساتە بۆ هەموان روون ببێتەوە؟ ئەی بۆ نەپرسین ئەوانەی بەشداربوون لەتاوانەكانی تیرۆرستانی داعش و هاوكارانیان وا لەخاكی كوردستان دەسوڕێنەوە، ئەوەتا دەیانی وەك مەحمود موراد عەلۆ رەیحانەو زیاد تەرگۆو شێخەكانی بەیعەتیان بە ئەبوبەكری بەغدادی دا، لەكوردستان دەسوڕێنەوەو جار جارەش دەم شرین دەكرێن و كۆنگرەو لێدوانی رۆژنامەوانیش هەر لەم كوردستانە دەدەن!

كاتێك شنگال و سنون و بەشێك لەناوچەكە رزگاركرا لە 2016 رێگەنەدرا خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە، لەگەڵ كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، هێزی پێشمەرگە كۆچۆو گر عوزێرو تەل بەنات و تەل قەسەبی رزگارنەكرد! ئێستاش تێنەگەیشتین هونەر چی بوو ناوچەكە رزگارنەكرا!

لەدوای جێهێشتنی هەموو ناوچەكانی شنگال و سنون و شاخی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بەبێ‌ ئەوەی لولەی تفەنگێك گەرمدا بێت، كەچی تائێستا زیاتر لە 150 هەزار ئاوارەی ئەو ناوچانە لە نزیكەی 20 كەمپ لە دهۆك و زاخۆو بادینان ماون و لەژیانێك دەژین، مەگەر لەوەسفی دۆزەخدا بیدۆزینەوە!

دەیان هەزار خێزانی كوردی ئێزدی، لەژێر چادرگەكان لەژیانێكی پڕ لەكولەمەرگی و لەژێر كۆنترۆڵی ئاسایش و بارێكی ئەمنی زۆر توند دا ژیان بەسەر دەبەن! لەدەنگدانی 2018ى پەرلەمانی عیراقدا، بەزۆر و بەبەرچاوی هەمووان دەرگای كەمپەكانیان داخست و پەنجەی هەموانیان مۆركرد بۆ لایەنێكی دیاریكراو!

ئاخر دۆستان، كە ئێوە پەروەردەی كوردیتان لەشنگال و ناوچەكە كێشاوەتەوە، بۆ بەنادیەو كوردانی ئێزدی دەڵێن كورد نین! ئێوە دەزانن هەرچی ئاوارەی دەستی داعشە لەهەموو ناوچەكانی عیراق بەرەو ناوچەكانیان گەڕاونەتەوە تەنها رێگەی دهۆك و بادینان بەرەو شنگال لەلایەن كوردەوە گیراوەو ناكرێتەوە؟!  

ئێوە خۆتان ئەو هەموو تاوانە دەرهەق بەئێزدیان بكەن، دەتانەوێ‌ تۆمەتێكی دیكەیان بخەنە پاڵ و ئەمجارەیان دەتانەوێ‌ بڵێن ئێوە كورد نین؟!

نادیە نوێنەرایەتی ئازاری میللەتێكی هەشبەسەری دەكرد، تازە لەدەست تیرۆرستانی داعش دەربازیی ببوو، دەیویست ئەو قیژەو هاوارەی رۆژانی دەسبەسەریی، بكاتە دەنگێكی هێمن و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێ‌ وەئاگا بێنێتەوە، ویستی بەپەیامی مرۆییانە بڵێیت میللەتێك هەن لەهەرچواردەورەوە دەچەوسێنرێنەوە! كةچى ئيوة ڤيان دةخيلتان لئ قوتكردةوة، بةلام زوو شكستيخوارد..

ئێوە دەزانن (ستیڤ مامان) گەورە بازرگانی كەنەدی ویستی كچانی ئێزدی رزگاربكات و پارەیەكی زۆری كۆكردەوە، كەچی لەكوردستان رێگەیان نەدا، داوایانكرد پارەكەی بداتە لایەنێكی دیاریكراو لە هەرێم، بەڵام رەتیكردەوەو رۆیشت پارەكەی لە كەمپێكی ئاوارەو لێقەوماوانی ئێزدی لە یۆنان خەرجكرد..

ئاخر ئێوە ئەو هەموو ئازارەی ئێزدیان بدەن، هێشتا دەتانەوێ‌ بڵێن نادیە كورد نییە! نادیە بەكوردی دەپەیڤی، بەكوردی دەگریت و بەكوردی دوعا دەكات و هەر بەكوردی نوێژان دەكات، باشە ئێوە كوردن یان نادیە؟!


PM:12:10:10/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 1361 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی