بەر لە هەڵبژاردنەكان بڕیار لەبارەی دۆخی كەركوك بدرێت

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق چەند رۆژێكی ماوەو بەپێی ئەو بارودۆخەی دەبینرێت، كورد لەبارودۆخێكی باشدا نییەو پێویستی بەوەیە بە گوڕو تینێكی زیاترەوە بچێتە هەڵبژاردنەوە، بۆ ئەوەی رێژەی دەنگی كورد لەوناوچانە كەم نەكات.

سەرەتا دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك كە سەرۆكی دۆسییەی ئەمنی و ئیدارییە لەشارەكە، كاریگەری زۆری لەسەر رێژەی دەنگی كورد لەشارەكە هەیە، لەهەمانكاتدا فشارێكی ئەمنی زۆر لەشاری كەركوك و هەموو ناوچەكانی دیكە هەیە، بەشێك لەو هێزەی هاتۆتە ناوچەكە هەڵگری ئەجێندای مەزهەبی و قەومین و هەر گروپێكیان سەر بەحزبێكی شیعەن، بەڕونی كار بۆ سەرخستنی لیستەكانی خۆیان دەكەن، بەكورتی كورد لەكەركوك نە ئیدارەی بەدەستەوە ماوەو نە دۆسییەی ئەمنی، ئەو هێزانەی هاتوونەتە ناوچەكەش لەهەڵمەتێكی بەرفراوان و چڕی بەعەرەبكردن و بەشیعەكردنی ناوچەكانن!

بەپێی زانیارییەكان سەركردایەتی و ئاگایانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكەركوك، نیگەرانییەكی زۆری خۆیان بەرامبەر بارودۆخی ئێستای كەركوك دەربڕیوەو هەموو لایەكیان لەمەترسییەكانی بەردەوامبونی بارودۆخەكەو بەشداریكردنی ئەم هەڵبژاردنە بەمشێوە دەربڕیوە، یەكێك لە ئەگەرەكانی خستویانەتە بەردەست سەركردایەتیی یەكێتی، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووە!

لەماوەی چەند مانگی رابردوو دەسەڵاتدارانی عیراق، هێزێكی زۆری چەكداریان لەخەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكان دروستكردووە، هاوكات لەهەڵبژاردنی داهاتوو ئەو هێزەی حەشدی شەعبیی و ئەوهێزە بارگاوییە بەبارودۆخی سیاسی گوایە ئەركی پارێزگاری سندوقەكانی دەنگدانیان پێدەسپێردرێت، ئەمەش وادەكات ترس لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان زۆر زیاتربێت، تەنانەت ترس هەیە نەك دەنگی كورد، بەڵكو كاریگەری گەورە لەسەر رێژەی دەنگی سوننەش لەناوچەكە دروستبكەن بۆ بەرژەوەندیی شیعە.

سەرباری گرفتی ئەمنی، هاوكات كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەو ناوچانە لەژێر كاریگەری بونی ئەو هێزە چەكدارانەن كە لەناوچەكە بونیان هەیە، ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە بۆئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق لەوناوچانە جێی متمانە نەبێت.

هۆكارێكی دیكە، نەمانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە كاریگەری گەورەی كردۆتە سەر باری دەرونی خەڵكی ناوچەكان و هەست بە ناسەقامگیریی ئەمنی ناوچەكان دەكەن، نەخاسمە ئەو هێزەی هاتۆتە ئەو ناوچانە بیانین و بەخەڵكی ناوچەكان نامۆن، بۆیە بەبێ‌ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەنگی كورد لەوناوچانە لەمەترسییەكی گەورەدا دەبێت و كەم دەكات.

جگە لەهۆكاری بابەتیی، هاوكات هۆكاری خودیش بونی هەیە، ئەویش بایكۆتكردنی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەهەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك، نازانم چ هۆكارێك پاڵنەری ئەو بڕیارەی پارتیی بووە، بەڵام كاریگەری لەسەر ئەنجامی كۆتایی دەنگی كورد لەو شارە دەبێت.

قسەی زۆر لەسەر بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە هەیە، رەنگە دەرفەت نەبێت باسی بكەین، بەڵام ئەوەی روونە بەشداریكردنی كورد بەبێ‌ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، یان پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش، بەدڵنیاییەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان زۆر خراپ دەبێت بۆ كورد، مەترسیی ئەنجامی ئەمجارە لەوەدایە، رەنگە بكرێتە پێوەر بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كورد لەو ناوچانە، بۆیە پێویستە بەر لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بڕیارێكی جددی لەبارەی كەركوکەوە بدرێت، بەجۆرێك ئەگەر گرەنتی هەڵبژاردنێكی سەقامگیر نەدرێت، ئەوا هەموو لایەنەكان كۆببنەوەو بڕیارێكی دەستەجەمعی لەبارەی كەركوك بدەن، ئەگەر بە كشانەوە لەهەڵبژاردنەكانیش بێت.


AM:11:11:09/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 3812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی