‌لە ماكرۆن ماكرۆنیتر كێن؟!
PM:02:28:28/10/2020
محمد حكيم


ژمارەیەك كەس كە لە نێویاندا خەڵكێكی تێدایە خۆیان بە داكۆكیكار لە ئازادی و دیموكراسی دەزانن، بەڵام زۆر ناڕەحەتن بە یاداشتنامەیەكی بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان، كە تەسلیم بە كونسوڵخانەی فەرەنسا كراوە لە ھەولێر، وە پێیان وایە ئەمە زەرەر لە ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندی نێودەوڵەتی كورد دەدات! كە ئەمە پاساوێكی ساویلكانەیە بۆ بەرگری لە ناڕەوایی.

ئەوەی بینرا ھەندێك كۆمێنت و بابەتی سەیری ئەوانە بوو كە سەد تانەو ڕەخنەی نابەجێ لە یاداشتنامەكە دەگرن، كە خودی قونسوڵی فەرەنسا بە كارێكی مەدەنیی و جوان لە قەڵەمی داوە، كەچی ئەمان لەبری فرنسا نیگەرانن.

* بەڵێ، لە ماكرۆن ماكرۆنیتر ئەوانەن كە ناڕەزایەتی موسوڵمانان لە بێڕێزییكردن بە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)، دەدەنە پاڵ ئیخوان، بەتەنیشت ناخ ڕەشی خۆیانەوە بەرانبەر بە ئیسلام، ئیخوان وەكو كۆمەڵێك تاوانكارو تیرۆریست لە قەڵەم دەدەن و بەحساب خۆشیان بە دیموكراتخواز و ئازادیخواز پێناسە دەكەن، كەچی ڕای ئازادی كەسیان قبوڵ نیە! باشە ئیخوان جگە لە زوڵم و زیندان و كوشتن و دەربەدەری بەشی چی بووە!! لەڕێی دیموكراسییەكەی ئێوەوە ھاتنە پێش، بەڵام بە دەبابەی كودەتاچی و جنراڵ و ستەمكاران لابران و كوژران و خرانە ژووری تاریكی بەندیخانەكانەوە.

* ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە ئەگەر ئەو چینە دەستیان بڕوات لە ماكرۆن خراپتر دەكەن، كە پێیان وایە چی كێشەی میللەتی ئێمە ھەیە ئیسلامیی سیاسییە (بەقسەی ئەوان، ئەگەر نا من لەگەڵ بەكارھێنانی ئەم چەمكە نیم بۆ پارتە ئیسلامییەكان)، لەبەرئەوەی ئەمانە ناڕەزایەتی ھاوڵاتیانی كوردستان و پەرلەمانتاران بەرانبەر بە بێ ڕێزییكردن بە پێغەمبەرەكەیان (صلی اللە علیە وسلم)، ئەوەندە ماكرۆنیەكانی كوردستانی نیگەران كردووەو كە چاویان خەڵكی ئاسایی موسڵمان نابینن كە سەدان هەزار خەڵكی ڕوو لە قیبلەیە كەچی پێیان وایە نیگەرانیەكە هی پارتە ئیسلامیەكانە و ئەوان وەك تاوانبار سەیردەكەن، لە كاتێكدا ئەو بەرگریە شانازیە.

بەداخەوە ئەمانە لایان ئاساییە جنێو بە خواو بە پێغەمبەری خۆشەویست بدرێت و لایان ئاساییە ماكرۆن پشتیوانی بڵاوكردنەوەی كاریكاتێری گاڵتەئامێز بكات لەسەر پێغەمبەری خۆشەویست، وە دەڵێن ئەو كارە لە فەرەنسا یاسا ڕێی پێداوە، كەچی بیرناكەنەوە كە هیچ یاسایەك ڕێی نەگرتووە لەوەی موسوڵمانانی كوردستان بەشێوازی ئاسایی و یاسایی خۆشەویستی بۆ پێغەمبەرەكەیان دەربڕن و ئەوە لە چوارچێوەی مومارەسەی ئازادیدایە و پێچەوانەكەی لە چوار چێوەی پێشێلكردنی ئازادیە ئاینیەكاندایە، ئیتر تۆ بۆ ناڕەحەت و بۆ قەڵسی!

ئەگەر لانی كەم لە ناختدا خۆت بە موسوڵمان دەزانیت، خۆ تۆ نابێت چاوەڕێ بیت گاڵتە بە پێغەمبەر بكرێت و موسوڵمانانی كوردستان تەنھا بڵێن ( oh my god)!



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.