ئایا یەكیەتی ڕیفراندۆمی كرد؟

‌ محەمەد حەكيم

لەساڵیادی ڕیفراندۆمدا، جێی خۆیەتی ئەم پرسە شەن و كەو بكرێ و ھەڵوێستەی لەسەر بكرێت و سەرپێیانە لێی نەڕوانین و بەموزایەدەو هێرشكردنە سەر یەكیش كارتەكان تێكەڵ نەكەین، بۆیە پێویستە بەرپرسیارێتیی ھەمووان لەو پرسەدا دیاری بكرێت، بەھەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامیشەوە كە ڕەنگە ھەندێك رەخنەو گلەییان هەبێت لەسەر دوابڕیاری حیزبەكەمان بەدەنگدان بە"بەڵێ" بۆ ڕیفراندۆم لەڕۆژی ڕاپرسییەكەدا.

هاوڵاتیان و چاودێران و چالاكان مافی خۆیانە لەسەر ریفراندۆم كە لێكەوتەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا قسەیان ھەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت كە پشتگیری ھەموو لایەنەكان جگە لە گۆڕان و كۆمەڵ لە بڕیاردان لەسەر ڕیفراندۆم لەلایەك و بریاڕو پشتگیری یەكێتی لە لایەكیتر، ڕوونتر بڵێم پشتیوانی هێزەكانی تر ھیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەدەبوو، بەراورد بەپشتگیرییەكەی یەكێتی نیشتمانی، چونكە یەكێتی دەیتوانی ڕێگر بێت و نەھێڵێت ئەم ڕیفراندۆمە بكرێت، ڕەنگە بپرسن چۆن؟

چونكە یەكێتی حاكمی موتڵەقی سنووری خۆیەتی و ئەو ناوچەیە لە هەموو روویەكەوە ئەو بەڕێوەی دەبات، یەكێتی نیشتیمانیی وەكو چۆن توانیویەتی دەزگاكانی ئاسایش و زانیاری و دژەتیرۆرو داھات و پێشمەرگەو گومرگی جیای هەبێت لەزۆنی سەوزدا، بەو شێوەیەش دەیتوانی بۆ ڕیفراندۆم بڵێت نابێت و ناكرێت و نابمە بەشێك لەو بڕیارە، لانیكەم لەكەركوك و ناوچەكانی ماددەی ١٤٠، بەڵام ئەو كارەی نەكردو دواتر ھەر یەكێتی خۆی باجەكەیدا، بەتایبەتی لە كەركوك، پێش چەند ڕۆژێك لەڕاپرسییەكەی ٢٥-٩ بە شاندی یەكێتیمان وت كە ھاتبوونە سەردانمان – بۆ مێژوو پێتان دەڵێین، دڵنیابن كەركوكتان لەدەست دەردەچێت و دواتریش لەڕاگەیاندن ئەڵێین پێمان وتن.

پاساوی جیاوازیی ڕاوبۆچوونی ناو یەكێتی، ئەو حیزبە لەو بەرپرسیاریەتییە مێژووییە ناپەڕێنێتەوە، هەرچەندە ئێمە تێگەیشتووین لەو قۆناغی راگوزەرەی یەكێتیی، بەڵام ئەو دۆخە تایبەتەش ناتوانێت شانی یەكێتیی لەژێر باری ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییە خاڵی بكات.

هیواخوازم یەكێتی تەنیا لەكاتی بوونی ھەڕەشەو مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە حیزبییەكانی خاوەنی هەڵوێستی (نا) نەبێت! بەڵكو بەزانستیانەو دانایانە بەمێژووی نزیكییدا چوبێتەوە، بەتایبەتیی بە"نەخێر"و "بەڵێ"كانیدا !


PM:01:13:25/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی