کۆمەڵی ئیسلامی چی دەوێت!؟
محەمەد حەكيم
کۆمەڵ کەواسووری بەر لەشکر نیە ، بەڵکو کۆمەڵ ھێزێکی سیاسیە ڕەوایەتی لە خەڵکی کوردستان وەرگرتووە ، بەپێی خواستی قۆناغەکان شێوازو فۆرمی جیاوازی خەباتی پەیڕەو کردووە ، ھەوڵدان بۆ گێڕانەوەی شکۆی پەرلەمان و ڕێزگرتن لە یاساو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیھێنانی دادگەری کۆمەڵایەتی لە ئەرکە ھەنووکەییەکانی ئێستای کۆمەڵی ئیسلامییە ، داکۆکی کۆمەڵ لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان و دۆستانیشمان لە جیھاندا متمانەیان بە ھەرێم و دامەزراوەکانی - بەتایبەت پەرلەمان - بمێنێت. کۆمەڵ سەرەڕای فشارەکان بەڵام ههمیشه بەرەی خەڵکی ھەژارو ستەملێکراوی کوردستانی ھەڵبژاردووه ، کە ئەمەش دەبێت ئەرکی ڕاستەقینەی ھەر حیزبێکی سیاسیی واقیع بین .
ئێمە لە کۆمەڵی ئیسلامی دەزانین بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی لەکوێیەو و دەزانین بەرژەوەندی خەڵک و ڕەزامەندیی میللەتیش لە چیدایە ، بۆیە ھەڵوێستەکان بارتەقای ئەو دۆخە دژوارەیە کە بۆ خەڵکی کوردستان خوڵقێنراوه .
کۆمەڵ دەزانێت دڵسۆزی بۆ سەرکردەو حکومەت و لایەنەکان چیەو چۆن دهبێت ، بۆیە دڵسۆزانە لە کاتی خۆی و لە شوێنی خۆیدا قسەی خۆی کردووە ، له سۆنگهی ئهو پهندهوه كه دهڵێت : دۆستت ئهوهیه دهتگریهنێ ، نهك ئهوهی قاقهنیت بدات ، بۆیه مەرج نیە ئەوانەی دەست لەسەر سنگن و چەپڵە بۆ چاک و خراپی سەرکردەو لایەنەکان لێدەدەن دڵسۆزبن ، بەڵکو بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو ئەوانە لەپاڵ سەرکردەو لایەنی دەسەڵاتداردا بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن .
کۆمەڵ کەسەکان بەپیرۆز نازانێت و شەڕی کەس ناکات و شەڕیش بۆ کەس ناکات و دوای ھیچ کەس و لایەنێک نەکەوتووەو ، لەگەڵ ھیچ لایەن و وڵاتێک دژی لایەنێک نابێت ، ھێزێکە سەربەخۆیە ، لەکاتی خۆیدا چ ھەڵوێستێک پێویست بووبێت دەینوێنێت ئەگەرچی باجیشی ھەبێت ، باش دەزانێت بەرژەوەندی کەسی و حیزبی لە کوێدایەو بەرژەوەندی گشتی لەکوێیە ، بەڵام پێیوایە درێژە کێشانی ئەم دۆخە نەخوازراوە سەر بۆ بێ متمانەیی یەکجاریی ھاووڵاتیان دەکێشێت و ئاشتی كۆمهڵایهتیی دهخاته مهترسییهوه ، ئهوه ههڕهشه نیه و نابێ تهفسیری خراپی بۆ بكرێت ، ئهوه هاوكێشهیهكی كۆمهڵناسیی كۆمهڵگهكانه و گشت كۆمهڵناسان لهسهری كۆكن كه بێ متمانهیی لهم جۆره حاڵهتانهدا رووداوی چاوهڕوان نهكراویان لێدهكهوێتهوه .
لهڕاستیدا مەترسی هەیە ناحەزان ! سوود لە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان وەربگرن ، ھەربۆیە كۆمهڵ پێیوابوو ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە پەلەی تێدابکرێت و ڕاستەوخۆ بڕیاری بۆبدرێت ، سەرنەکەوتنی لیژنەی کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕاستی بۆچوونەکەی کۆمەڵی سەلماند ، کۆمەڵ پێیوایە بێدەنگی و سەرلەقاندن و بێ ھەڵوێستی و پیاھەڵدان بۆ کاری خراپ و بڕیاری ناتەندروست ئەم ھەرێمەی بەم ڕۆژە گەیاندووه ، بۆیە درێژەدان بە شێوازوسیاسەتی حوکمڕانی پێشوو سەرکەوتوو نابێت ، پێویستە واز لە زمانی ھەڕەشەو تەشھیرو پیلانگێڕی بھێنرێت ، دەبێت بە جورئەت و ئازایانەو بە دەنگی بەرز داکۆکی لە مافی ھاوڵاتیان و داوای چاکسازیی ڕیشەیی بکەین ، ھەموو خەڵکی کوردستان ئەوە دەزانن کە دەبێت دەسەڵات چۆن چاکسازیی بکات ، لە جیاتی مووچە بڕین با دەستی کۆمپانیا حیزبیەکان لە گیرفانی حکومەت ببڕێت ، پارەی بانکەکانی دەرەوە (بە وتەی سەرۆکی کابینەی پێشوو!!) بھێننەوەو بانکە بەتاڵەکانی ھەرێمی پێ ببوژێننەوەو با ڕۆژێک زووتر بە دڵسۆزانە بڕیارە بوێرەکان بدرێن ، حکومەت و ئەزموونەکەمان لە داڕووخان ڕزگار بکەین ، سوود لە ھەڵەکان وەربگرین و ڕێگە بە دەستێوەردانی ئەم وئەو نەدەین .
PM:06:53:16/02/2016
ئهم بابهته 2274
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی