بۆچی حكومەت لە چارەسەری قەیران، شكستی هێنا؟

‌سه‌رۆ قادر

بۆچی حكومەت لە چارەسەری قەیران، شكستی هێنا؟ دەبێ چی بكەین؟

ئەگەر خەریكی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەبین كە بۆچی حكوومەتی بنكە فراوان شكستی هێنا؟ دەبێ دوور لە ڕوانگەی بەرچاوتەنگی حیزبیانە، خۆمان دوور بخەینەوە لە كێبەركێی سیاسی و ئەو پڕۆژانەی كە لە كوردستاندا بەرەنگاری یەكتری بوونەتەوە، تا بتوانین لەو پێناوەدا وەڵامێكی باش بۆ ئەم كێشە گەورەیە بدۆزینەوە. 

بەڕای من یەكێك لە شكستەكانی حكوومەتی بنكەفراوان لە تەجرەبەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، بۆ ناوەرۆكی فكریی هاوكاری كردن و بنكەفراوانێتی حكوومەت ناگەڕێتەوە، چونكە ئەم رێگەچارەیە لە دونیادا بۆ زۆر لە میلەتان و وڵاتان تاكە پردە بۆ ئەوەی تەنگوچەڵەمەی وڵاتەكەی تێپەڕێنێ، بەڵام كاتێك كە بە تەواوی ڕوانگەی هاوبەشیان نەبوو ئەوكاتە حیزبەكان وەكو كوردستان بە نیازی هاوكاری بۆ پڕۆژەیەكی هاوبەش نایەنە ناو حكوومەت، بەڵكو پڕۆژەی خۆیان دێنن كە پڕۆژەی وەستاندن و چەقاندنی حكوومەتە، هەروەها بە نەفەسی ئەوەی كە حكوومەت حكوومەتی خۆیانە و بە تەواوی توانای خۆیان كاری تێدا ناكەن. 


هەر ئەو هۆكارەی دووەمیشە وایكرد كە هەموو حیزبەكان گیانی ئۆپۆزیسیۆنی خۆیان بهێڵنەوە و قاچێكیان لەناو حكوومەتدابوو بەڵام هەموو لەشیان لەدەرەوەی حكوومەت بوو. لە ناو وەزارەتەكانەوە تا دەگاتە ناو خەڵك بەردەوام خەریكی پڕوپاگەندە بۆ لێدانی پێگەكانی حكوومەت بوون، ئەوەش وایكرد خەڵك هەست نەكات كە ئیرادەی سیاسی وڵات كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی لەكاتێكی پڕ لە ترس و هەڕەشەدا وڵاتەكەمان بتوانێ بەرەوپێشەوە بڕوات. 

سێیەم: هاوكاری سیاسی نێوان حیزبەكان زۆر كەم بووەوە، واتە حیزبەكان لە سەركردایەتیدا وردە وردە ساردی نێوانیان پەرەیسەند، كارگەیشتە مقاتەعە كردنی یەكتری، كاتێك كە مقاتەعە دەست پێدەكات ئەوجار ئیرەیی بردن و گومانكردن كە لە كولتووری سیاسی كورددا مێژوویەكی دووری هەیە شوێنی هاوكاری كردن و هاوخەمی گرتەوە، ئەمەش لە میدیاكاندا دەنگ و ڕەنگی دایەوە، پاشان مێدیای حیزبەكان بوو بە مێدیای دژایەتی كردنی حكوومەت و هەڵتەكاندنی.

ئەمە وایكرد كە هۆكارێكی دیكەی نێگەتیڤ بێتە ناو حكوومەتەوە ئەویش مونافەسەی شەخسی بوو، واتە كەسایەتییە سیاسییەكانی ناو حیزبەكان، لە هەر حیزبێك كەسێك یان دوو كەس سەری هەڵدا كە پێی وایە ئەو سەرۆكی هەموو كوردستانە و دەبێ هەموو حكوومەت و سیستەمی پەیڕەوی لە ڕوانگەی ئەو بكات، بۆ ئەو مەبەستەش حیزبەكەی و حكوومەت و پەیوەندییەكانی دەرەوە و پێگە جەماوەرییەكەی خۆشی بەكاردەهێنا. ئەمە مێژوویەكی دوور و درێژی لە كوردستاندا هەیە و بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ كەسایەتییە گەورەكان بەیەكەوە مونافەسەیان دەكرد، بۆ نمونە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا بارزانی نەمر هەبوو كە برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی مخالیفی بوون. 

لە شۆڕشی دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلولدا و لە شۆڕشی گوڵاندا زیاتر مونافەسە لە نێوان تاڵەبانی و بارزانی بوو، لە كاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشدا دوای ڕاپەڕین بینیمان ئەو مونافەسەیە لە توندووتیژیەوە بوو بە هاوكاری، ئەو هاوكاریەش خێر و بێرەكی زۆری بۆ كۆكردنەوەی حكوومەتی هەرێكی كوردستان و یەكگرتوویی هەرێم و لە هەمان كاتیشدا بەشداری كوردی لە بەغدا و لە رووداوەكانی ناوچەكەدا هێنا، هەروەها لەگەڵ ئەورووپا و ئەمەریكاشدا دەوری ئیجابیان دەگێڕا. 

بە داخەوە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال دەوری ئەو دوو كەسایەتییە كاریگەرە كۆتایی هات و سەرۆك بارزانی بە تەنیا مایەوە و حیزبەكان كەوتنە مونافەسەكردنی بێمانا لەگەڵ بارزانی، لە كاتێكدا ئەو حیزبانە قەت حازر نەبوون كەسێكی خۆیان بۆ سەرۆكایەتی كوردستان بخەنە كێبەركێی هەڵبژاردن، چونكە باوەڕیان بە خۆیان نەبوو، بۆ نمونە كاتێك كە هەڵبژاردن دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی دەدا بە كەمال میراودەلی، بەڵام نەوشیروان خۆی باوەڕی بە خۆی نەبوو بێتە مەیدان. كاتێك كە هەڵبژاردن تەواو بوو، حكوومەتی بنكەفراوان دروست بوو، سەرۆكی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت كەوتنە كار و لەوێدا نەوشیروان مستەفا كەوتەوە دنەدان بۆ كێشە و پیلانگێڕان، نەوشیروان پێی وابوو ئەو كەسێكە كە دەبێ بە ئەندازەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان حیسابی بۆ بكرێ. لە ڕاستیدا ئەمە ڕوانگەیەكی پاشكەوتووانەیە و هیچ ئیعتبارێك بۆ یاسا و بۆ مەدەنییەت و بۆ پێكهاتنی سیاسی دانانێت. ئەوەمان لەناو كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و یەكێتیش بینی، بەڵام ئەوەی كەوا توانی بە شێوەی سەرەكی بارودۆخەكە تێكبدات بزوتنەوەی گۆڕان بوو. بینیمان چۆن پەلاماردانی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی دەستی پێكرد، سەرەنجام بە سەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا و عەلی باپیر سەنگەری دژی سەرۆكایەتی كوردستان وەكو موئەسەسەی سیاسی هەرێم و دژی سەرۆك بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بوو بە سەنگەرێكی سەرەكی، لە هەمانكاتیشدا حكوومەتیان بۆ لێدانی بارزانی بەكاردەهێنا. حیزبەكانی خۆیان و میدیایان كرد بە جێی پڕوپاگەندەیەكی خەراپ، كە ئەم خەراپییە بەریانهەڵدا و ئێستا لەگەڵ پڕۆژەی ئێرانی بۆ تێكدانی كوردستان بە گشتی تێكەڵ بووە.

هۆكارێكی دیكەی شكست پێهێنانی تەجرەبەی بنكەفروانی حكوومەت لە كوردستاندا ئەوەبوو كە ئەو حیزبانەی هاتنە ناو حكوومەت كادیری شارەزایان نەنارد، لە ڕاستیدا ئەوانەی كە ناردیانن هیچ فەرقیان نەبوو لەگەڵ كادیرەكانی پێشووی هەموو حیزبەكان كە لەكاتی هەڵسەنگاندندا پێیان دەگوترا كادیری شكست خواردوو. كادیرەكانی گۆڕان و حیزبەكانی تریش كە هاتنە ناو حكوومەت بەس خەریكی كێشانەوەی پارە بوون بۆ خۆیان و حیزبەكەیان، ئێستاش لە فایلی هەموویاندا دیارە كە هیچ حیزبێك بە بێ جیاوازی، پاك دەرنەچووە.

ئەوە وایكرد كەوا جارێكی تر گەندەڵی برەوبستێنێ و هەموو حیزبەكان تێیدا بەشداربن و هەموویان خەریكی كێشانەوە بن، ئەوەش لەكاتێكدا هات كە گەندەڵی ساڵانی ڕابردوو بارێكی گران بوو لەسەر دام و دەزگەی حكوومەتی هەرێم و ژیانی خەڵكی كوردستان، پاشان لە كاتی شەڕی داعش و هاتنی ئەو هەموو ئاوارە و دابەزینی نرخی نەوت و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا لە ڕووی داراییەوە، بەجارێك حكوومەتی پڕوكاندەوە. لە ڕاستیدا چۆكدادان و كەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری ماڵیدا لەم راستیەوە دێت، هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەی نێچیرڤان بارزانییەوە نییە، نێچیرڤان بارزانی خاوەنی پڕۆژەی دابین كردنی نەوت و گازە بۆ كوردستان و سامانی سروشتیی كوردستانی بۆ كوردستان گێڕایەوە و بازاڕی جیهانی بۆ كردەوە و پارێزگاری نێودەوڵەتیشی بۆ وەرگرت. 


سەرۆكی كوردستان لە هەموو پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی خۆی پارێزەری بۆ بەرژەوەندییە ئایووری و سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر كرد، لە هەمان كاتیشدا نەخشەی ڕێ و شوێنی ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆییشی كێشا. ئەوەی كەوا خەراپكاری كرد لەو بوارەدا هەموو حیزبەكان بوون و بە شێوەی سەرەكی گۆڕان و بە پلەی دووەمیش كۆمەڵی ئیسلامی دێت. هۆكارێكی دیكە نەزانین بوو لە كاتی چارەسەر كردنی ڕووداوە گەورەكاندا، ئەم حیزبانەی كە زۆربەی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی حكوومەتیان بەدەستەوە بوو، نێچیرڤان بارزانیش وەك كاری خۆی دەورێكی زۆری پێدابوون، زۆر نەشارەزایی و نەزانینیان نیشاندا لەو ڕووداوانەی كە لە دوو ساڵی دواییدا توشی كوردستان بوون.

هەر لە هاتنی ئاوەرەكانی عێراق بۆ ناو كوردستان، پەلاماری داعش بۆ عێراق و پاشان بۆ كوردستان، جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە ناوچەی شەنگال، دابەزینی نرخی نەوت لە ئاستی جیهانی و پچڕانی پەیوەندی مالی كوردستان و بەغدا بەیەكەوە، لە هەرچوار فایلەكەدا بەیەكەوە حیزبەكان نەشارەزاییەك و نەزانینەكی زۆریان نیشاندا. لە راستیدا نەشارەزایی و نەزانین لە ستافی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا بە ئاشكرا دیارە، بەڵام ئەوە تەنیا پارتی نییە كە لەو پرۆسەیەدا شكستی هێنابێت. كام وەزیر، كام راوێژكار و پلەداری حكوومی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە سەر بە حیزبێكە خاوەنی پڕۆژەیەكە كە بتوانێ پشتیوانی لێ بكات؟ لە راستیدا پڕۆژەی حیزبەكان بریتی بوون لەو وتارە بێ سەروبەر و دیراسە نەكراوانەی كە لە میدیاكانی خۆیاندا بە فراوانی بڵاویان دەكردەوە و وەكو ئاگر بە گیانی حكوومەتیان وەردەكرد، هەوڵیاندا لە نێوان حكوومەت و خەڵك هیچ متمانەیەك نەمێنێ. ئەمە وایكرد كە ئێستا بگەینە نەتیجەیەك ، حكوومەتی بنكە فراوان لەسەر ئەساسی ئەمانە شكستی هێنا. هەروەها نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی حكوومەت دەبوایە لە ڕووی سیاسییەوە مراعاتی ئەو حیزبانە بكات و بەرژەوەندیان دابین بكات، لە هەمان كاتیشدا ڕۆژانە دەیگوت كە ئەم پرۆسەیە بەرەو خەراپی دەچێ و ئەم تەجرەبەیە دەبێ هەموو هاوكاری یەكتری بكەین بۆ ئەوەی سەركەوێ. 


PM:03:09:12/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 2640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی