ماكگۆرك، دیپلۆماتێكی لایەندار و پیلانگێڕە

‌سه‌رۆ قادر

ئەو گەشتە گومانلێكراوەی ماكگۆرك لە هەفتەی ڕابردوو لە عێڕاق و كوردستان كردی، بە ئاشكرا دیار بوو دەیەوێ دووبەرەكی بخاتە ناو ڕیزی كوردستان و ئیرادەی كوردستانیانەوە بۆ ئەوەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی لەبار ببات.

ماڵ بە ماڵی سیاسییەكانی كوردستان گەڕا و بێئومێدی بڵاو دەكردەوە. وەك پارێزەرێكی شۆڤێنی و تاییفی عەرەبی عێڕاقی دەجووڵایەوە. 
هەر زوو سەرۆك بارزانی لە بەرانبەر جەماوەری زاخۆ و ئامێدیدا، بەرپەرچی جموجۆڵە گوماناوییەكەی ماكگۆركی دایەوە و ئیرادەی سووری كوردستانیانی بۆ سەربەخۆیی ڕاگەیاند.

كەمتر لە 24سەعات، دەركەوت ماكگۆرك دەیەوێ ڕوانگای خۆی بەسەر كودستاندا بسەپێنێ و دوایی لە ئەمریكا جێگیری بكات!، ڕێك وەك ئەو ڕاپۆرتەی سەد ساڵ لەمەوبەر دوو دیپلۆماتی بەریتانیایی و فەڕەنسایی(سایكس- پیكۆ) زاڵمانە كوردستانیان پێ دابەش و بەدبەخت كرد و، لە گەڕانەوەیاندا بڕوای دەوڵەتەكانی خۆیان پێی هێنا.

ماكگۆرك و دۆگڵاس سلێمان (سەفیری ئەمریكا لە بەغدا)، شەڕ بۆ یەكپارچەیی عێراق دەكەن و لە ڕوانیندا لایەنگری شۆڤێنیزمەكانی شیعەی عێڕاق و باڵادەستی ئێرانن.

ناوەندە بەهێزەكانی دەستلەكار بۆ گۆڕانكاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو سیاسەتە بێزارن و قبووڵی ناكەن. لەم بارەدا قسە زۆرن. بۆیە وێناچێ ئیدارەی نوێی ئەمریكا هەوڵەكانی ماكگۆرك- سلێمان پەسند بكات. چونكە وەك درێژبوونەوەی سیاسەتی جۆن كێرییە كە پشتی ئەمریكای لە ناوچەكە لە عەردی دا و ئێرانی بەهێز كرد.

كار وا بڕوات، سەركردایەتیی كوردستان دەتوانێ ماكگۆرك نەبینێ و گوێی نەداتێ، وەك ئەوەی لەگەڵ پۆل بریمەردا كردی. بارزانی بە بریمەری گوت، ئەگەر پیاوی دێیتە كوردستان!، بریمەر كە تێكشكا پەنای بۆ داوای لێبوردن لە بارزانی برد. دوور نییە ماكگۆركیش ناچار بێ داوای لێبوردن بكات!

كەواتە راست ئەوەیە هەموو كوردستانیان بە قسەی سەرۆك بارزانی بكەن كە دەڵێ: گوێ مەدەنە پیلانگێڕان و بێ دوو دڵی بەرەو ڕیفڕاندۆم بچوون.

بژی بارزانی


PM:04:44:16/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 3814 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی