دەزانیت کلیلی سەرکەوتن لە هەر کارێکدا چییە؟

‌شاسوار عەبدولواحید


- مەرج نییە زیرەکی بێت بە تەنها، چونکە خەڵکانێکی زۆری زیرەک و عەبقەری هەن، بەڵام شکستیان هێناوە و نەگەیشتونەتە ئامانج.

- مەرج نییە لێهاتویی و بەهرەمەندی بێت، چونکە چەندین کەسی بەهرەمەند هەن، بەڵام لە ئێستادا تەنها ئیشێکی رۆتینیی بچووکیان هەیە.

- مەرج نییە کلیلی سەرکەوتن پارە، هێز، دەسەڵات بێت، چونکە هەموو ئەوانە دەکرێت لە چرکەیەکدا لە دەستی بدەیت.

- مەرج نییە شەهادە بێت بە تەنها، چونکە دەشێت شەهادەداربیت و لای نەخوێندەوارێک ئیش بکەیت.

- مەرج نییە داهێنەر بیت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت، چونکە چەندین کەس کە بیرۆکەی نوێ و دەگمەنیان داهێناوە، بەڵام شکستیان هێناوە و بیرۆکەکە سەری نەگرتووە و سەرکەوتوو نەبوون.

- مەرج نییە ماندوبوون بە تەنها نیشانەی سەرکەوتن بێت، چونکە کرێکارێک بە جەستە لە خاوەنی کۆمپانیایەک زیاتر ماندوو دەبێت.

- بۆیە کلیلی سەرکەوتن یەک شتە، تاکە یەک شتە، ئەویش "کۆڵنەدانە".

پێویستە بەردەوام بیت و کۆڵ نەدەیت و پشودرێژ بیت، بۆ هەر کارێک کە دەستت دایێ، جا بازرگانی و بزنس بێت یاخود هەر کارێکی تر بێت لە ژیانتدا.

دەکرێت ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، دانە بە دانەی زۆر گرنگ بن، خۆ ئەگەر هەمویت تێدابێت ئەوا هەر زۆر زۆر گرنگە، بەڵام ئەگەر کۆڵ بدەیت، یان پشودرێژ نەبیت، ئەوا لە نیوەی رێگات بەرەو سەرکەوتن، واز دەهێنیت و لە بری ئەوەی بگەیتە کۆتایی رێگاکە و ببیتە کەسێکی سەرکەوتوو، ئەوا دەبیتە کەسێکی شکستخواردوو.

بۆ؟ چونکە وازت هێنا لە نیوەی رێگا
چونکە بەرگەی نارەحەتی و زەحمەت و کێشە و دژایەتی و قەیرانت نەگرت و وازت هێنا. بۆیە نەگەیشتیتە ئامانج.

ئەوەش بزانە کەسی شکستخواردوو (کە بە عەرەبی پێی دەگوترێ فاشل) سیفەتێکی خراپ نییە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە جورئەتی هەبووە و وێراوێتی کارێک بکات، بەڵام لەو قۆناغەدا سەرکەوتوو نەبووە.

شکستخواردویی چارەسەری هەیە، بە بەردەوامبون و کۆڵنەدانت، دەبیتە کەسێکی سەرکەوتوو.

بەڵام ئەوانەی لە ژیانیاندا هیچ هەوڵ و هەنگاوێک نانێن و ئازایەتی موجازەفەیان تێدا نییە، ئەوا ئەوانە قەت شکستناهێنن و ناکەون، چونکە قەت هەوڵیان نەداوە سەرکەوتوو بن.بەڵکو کەسانێکی ئاسایی دەژین، نە قازانج دەکەن، نە زەرەر.


PM:08:36:17/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 7064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی