‌ئەم حکومەتە تەنها بە نەقیزە ئیش دەکات!
PM:07:28:12/10/2020
شاسوار عەبدولواحید

مەعقولە دوو مانگی تەواوە مووچەی نەداوە. داهاتی بەغداد، پارەی نەوت و ناوخۆ، پارەی قاچاغ و هاوپەیمانانیشت هەبێت، مانگانە سەروو ملیار دۆلارت دەست بکەوێت، کەچی نەتوانیت مانگی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بدەیت بە مووچە! 

نەک مووچەی تەواویش نادات، بەڵکو بە دوو مانگ جارێکیش نیو مووچەی پێنادرێت، بەڵکو %٣٩ی موچەی فەرمانبەران دەدات (واتە مانگی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەداتە مووچە لە کۆی زیاتر لە ١ ملیار دۆلاری داهات).

مانگەکانی تر و لە رابردوودا هەندێ کەسی حیزبیی دەیانگوت نەوەی نوێ سواری شەپۆل دەبێت، ئەم مانگە ئێمە بێدەنگبووین و گوتمان بزانین ئەو شەپۆلە کامەیە کە سواری دەبین، کەچی نەک شەپۆلمان نەبینی، بەڵکو یەک هێز و لایەنی سیاسیی و نوخبەمان نەبینی لەسەر مافی ئەم خەڵکە بێتە دەنگ، بەڵام کە ئێمە لەگەڵ هاوڵاتییان دێینە دەنگ ،ئەو هێزانە نەک پشتگیریی داوای خەڵک ناکەن، بەڵکو خەڵک سارد دەکەنەوە.

بۆ زانیاریتان، مانگەکانی پێشوو پارەی عێراقیش نەبوو، بەڵام دەسەڵات لە ترسی خۆپیشاندانی جەماوەری و ئەو بانگەشانەی نەوەی نوێ دەیکرد، لە ٤٨ رۆژدا مووچەی دەدا، ئیستا بەغدادیش پارە دەنێرێت، کەچی دوو مانگە مووچەی نەداوە.

جا ئەمەیە کە دەڵێین ئەم دەسەڵاتە بەس بە نەقیزە ئیش دەکات و لە زمانی فشار و هاتنە دەنگی جەماوەری دەترسێت، کەچی هەر لە ڕێی خەڵکی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە کە خەباتی مەدەنیی سودی نییە، بۆ ئەوەی خەڵک بێدەنگ بن و هیچ نەکەن و هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکیان نەبێت.

کاتی هەڵبژاردنیش هەموو هێزەکان دەکەونە موزایەدە و قسەی زل، کەچی لە ئێستادا کەسیان دەنگیان نییە.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.