بۆ دەست دەبەن بۆ موچەی فەرمانبەران و دەست نابەن بۆ کۆمپانیاکان؟

‌شاسوار عەبدولواحید

لە ئێستادا باس باسی چاکسازییە ، باس باسی کەمکردنەوەی موچە و کەمکردنەوەی خەرجییە ، بەڵام پرسیارێکی زۆر گرنگ هەیە کە بۆچی حکومەت ئامادەیە دەست بەرێت بۆ موچەی چەند سەد هەزارێکی فەرمانبەران بەڵام دەست نابات بۆ سەدان ملیۆن دۆلاری داهاتی کۆمپانیاکان.

لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئەرکێکی قورسیان دەکەوێتە سەر لە دابینکردنی بودجەی گشتی وڵات، بە جۆرێک لە هەندێک وڵات ڕێژەی باج دەگاتە ٪٦٠ی قازانج، واتە ئەگەر کۆمپانیایەک ساڵانە ملیۆنێک دۆلاری دەستبکەوێت ئەوا پێویستە ٦٠٠ هەزار دۆلاری بداتە حکومەت وەک باج. بەم شێوەیەش دەبینین لەو وڵاتانەدا کەمترین تێبینی و ناڕەزایی هەیە بەرامبەر کۆمپانیاکان لە لایەن هاوڵاتیانی ئاساییەوە ، بۆ؟ چونکە هاوڵاتیان دەزانن کە ئەو کۆمپانیا گەورانە زۆرترین رێژەی باج دەدەن بە دەوڵەت، کە لە کۆتاییدا خزمەت بە هاوڵاتیان دەکات و وا دەکات هاوڵاتیان رێژەیەکی کەمتر لە باج بدەن، هەر بۆ نمونە وڵاتێکی وەک دانیمارک لە ساڵی رابردودا بودجەکەی ٢٥٧ ملیار دۆلار بووە کە سەرچاوەی سەرەکی ئەم بودجەیە باجە، بێ ئەوەی ئەم وڵاتە نە نەوت یان هیچ سەرچاوەیەکی تری سروشتی هەبێت.

لە هەرێمی کوردستان دەتوانرێت داهاتێکی زۆر زۆر گەورە کۆبکرێتەوە ساڵانە، کە ڕەنگە لانی کەم نیوەی ئەو بودجەیەی جاران بێت کە لە بەغداوە بۆمان دەهات، هەر لە دانانی باج لەسەر کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی (مۆبایل و ئینتەرنێت) کە بە پێی راپۆرتی هەندێک لە کۆمپانیاکان داهاتی ئەو کۆمپانیانە لە ساڵی ٢٠١٥ دا مەزەندە دەکرێت بە سەروو یەک ملیار دۆلار، هەروەها دانانی باج لەسەر کۆمپانیاکانی بواری نەوت و پاڵاوتگەکان (کە ئەمانیش داهاتێکی یەکجار زۆریان هەیە ساڵانە) و جگەرە و چیمەنتۆ و ئینجا تەواوی کۆمپانیاکانی کوردستان لە هەموو بوارەکانی وەبەرهێنان ، گەشتیاری ، بازرگانی گشتی یان هەر بوارێکی تر بێت.

خوێندنەوەی ئێمە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا حکومەت بۆ دەست نابات و ئەم مەلەفە دەستکاری ناکات و لە بری ئەوە دەست دەبات بۆ موچەی مانگانەی فەرمانبەران، ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەم کۆمپانیایانە یان هی حیزبەکانن یان پارە دەدەن بە حیزب و بەرپرسان ، بۆیە دەستبردن بۆ ئەم کۆمپانیایانە و دانانی باج لەسەریان بە واتای دەستبردن بۆ گیرفانی خۆیان دێت بە راستەوخۆیی، هەر بۆیە ئەگەر تێبینی بکەین ئەوا موچەی بەرپرسە باڵاکانیان کەم کردۆتەوە، چونکە هەموو ئەو بەرپرسانەی کە ئەم وڵاتە بە رێوە دەبەن لەسەر موچە ناژین بۆیە دەستکاریکردنی موچە هیچ لە گوزەرانی ئەوان ناگۆرێت، بەڵام دەستکاریکردنی داهاتی کۆمپانیاکان و دانانی باج لەسەریان راستوخۆ پەیوەندی بە گیرفانی خۆیانەوە هەیە، بە تایبەت کە چەند کۆمپانیایەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان داهاتێکی یەکجار گەورە و خەیاڵیان دەست دەکەوێت لەم دۆخە خراپەی کوردستاندا ، چونکە ئیش و بازرگانی ئەوان هەر بەردەوامە و حکومەتیش کۆمەڵێک ئاسانکاری زۆری بۆ کردون .

رەنگە لە کۆتایشدا کەسێک لە من بپرسێت بڵێت ئێوە ئامادەن باج بدەن؟ یان بۆ باج نادەن ، وەڵامەکەی ئاسانە، ئەویش ئەوەیە کە تا ئێستا زۆربەی یاساکان لە بەرژەوەندی کۆمپانیا گەورەکانە و لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە بە گشتی، وە ئێمە نەک پێشوازی لێ دەکەین، بەڵکو پێم وایە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان لە بەر دوو هۆکار: یەکەمیان زیادکردنی داهاتی هەرێم و کەمکردنەوەی فشارە لەسەر فەرمانبەرانی ئاسایی. دوەمیش کەمکردنەوەی ناڕەزایی خەڵکە بەرامبەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، چونکە ئەو کات هەمووان دەزانن کە کۆمپانیاکان بەشێکی زۆری داهاتیان دەدەنە حکومەت و حکومەتیش لە ڕێی خۆیەوە خزمەتی هاوڵاتیانی پێ دەکات.

 


PM:04:14:08/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 5348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی