چۆن دەزانیت سەرکردەیەکی مەزن بەسەر خاکێکدا تێپەڕ بووە ؟

‌شاسوار عەبدولواحید


هەرکاتێک وڵاتێک یان شوێنێکتان بینی کە خەڵکەکەی وەک میللەتێکی یەکگرتوو مامەڵەیان دەکرد ، نەک وەک گروپ گروپ ، هەر کات بینیت کە بە چاوی دوژمنەوە سەیری یەکتر ناکەن ، رێزی یەکتریان لابو ، جیاوازی یەکتریان قبوڵ کرد ، هەمیشە بیریان لە وڵات و خاک و نیشتیمانەکەیان دەکردەوە پێش بیرکردنەوە لە حیزب و سەرکردە و پروپاگەندە .

هەر کاتێک وڵاتێکتان بینی ئابوریەکی بەهێزی هەبوو ، خەڵکەکەی خۆشگوزەران بوون ، مناڵەکانیان لە قوتابخانەکان فێری پەروەردەی جوان و خۆشەویستی نیشتیمان کران ، گەنجەکانیان لە زانکۆکان فێری زانست و توێژینەوە و داهێنان کران ، تاکی وڵاتەکە فێری خاوەن ئیرادەیی و بەهێزی و باوەڕبەخۆبوون کران ، ئەوا بزانە ئەو وڵاتە رۆژێک لە رۆژان سەرکردەیەکی مەزن پێیدا تێپەڕیوە .

رەنگە بپرسن بۆچی کوردستان کوردستانە ؟ بۆچی ئێمە بەم حاڵەی ئەمرۆ گەیشتوین ؟

چونکە حیزبی کوردی و سەرکردەی کوردی خەڵکی فێری رق کردوە لە بری خۆشەویستی ، فێری چاو لە ژێری کردون لە بری باوەڕبەخۆبوون ، فێری کردون حیزبیان خۆشبوێت لە بری خۆشەویستی نیشتیمان ، فێری ئەوەی کردون کە بە چاوی دوژمن سەیری هاونیشتیمانییەکی خۆی بکات ئەگەر وەک ئەو بیری نەکردەوە یان باوەڕی بە حیزبەکەی ئەو نەبوو ، فێری جنێودانی کردون لە بری گفتوگۆ ، فێری کردوون سەرکردەی بیانی خۆشیان بوێت ،وەک لە سەرکردە کوردییەکان ، فێری کردون هەرچی لە جیهان هەیە مەترسی نییە لەسەر ئەوان ، جگە لەو هاوڵاتیە کوردەی کە سەر بە حیزبەکەی ئەو نییە .... بۆیە حاڵمان وایە .

لە بیریشتان نەچێت ، ئێمەیش بەشێکین لەم وڵاتە و لە جێبەجێکردنی ئەو پلانانەی کە هەمومانی بە ئەمرۆ گەیاندوە ، بۆیە قەت کەس پرسیاری ئەوەی لە خۆی کردوە کە بۆ رقی لە هاونیشتیمانیەکی خۆی هەیە بێ ئەوەی بینیبێتی و گفتوگۆی لەگەڵ کردبێت ؟ قەت پرسیارت کردوە کە چۆن دەبێت هەمومان وەک یەک بیر بکەینەوە لە کاتێکدا ئێمە جیاوازین و خوا بە جیاوازی دروستی کردوین ؟ قەت بیرت کردۆتەوە کە رەنگە رۆژێک تۆیش را و بۆچونت وەک ئێستا نەبێت ، ئەوەی پێت راستە هەڵە بێت و ئەوەی لات هەڵەیە راست دەرچێت ؟ ئەگەر وا بیرت کردەوە ، ئەوا بزانە تۆ جیاوازیت و داهاتویەکی رونتر چاوەڕوانتە .


PM:12:58:03/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 4343 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی