سەبارەت بە حیزب و کاری سیاسی!!

‌شاسوار عەبدولواحید

لێرە و لەوێ هەواڵی جیاواز دەبیستم، هەرچی تایبەتە بە خودی خۆم و کارکردن لە دەرەوەی بزنس و چونم بۆ ناو سیاسەت، ئەوا بە راستی لە ئێستادا هیچم نییە و لە کاتی خۆیدا قسەی لەسەر دەکەم .

لە سەر ئەوەیشی کە ناوم لەگەل ئەم و ئەو دەهێنن و هەندێک حیزب و لایەنی سیاسی ناوی من بۆ ململانێی نێوان خۆیان و بەرژەوەندی و گەمە ناشیرینەکانی نێوان خۆیان بە کار دەهێنن، ئەوا بە پێویستم زانی یەک خاڵ رونبکەمەوە، ئەویش ئەوەیە پێم وایە دۆخی ئێستای کوردستان دۆخێکی زۆر زۆر ناخۆش و ناهەموارە، وە هەرچی پارتی سیاسی و کەسایەتی و فیگەرە سیاسییە دیارەکانی ناو ئەم حیزبانەی ئێستایە، بۆ تەواوی خەڵکیان سەلماند کە نە توانای سیاسەتکردنییان هەیە، وە هەروەها توانای بەرێوەبردنی وڵاتیان نییە، بەڵکو ئەمانە کۆمەڵێک کەسایەتین کە هیچ ئیشێکی تر و کارێکی تر نازانن هەر بۆیە بەردەوامن لە کەرای سیاسی، وە هەر بۆیە ئەمانە  بەرۆکی ئەم میلەتەیان گرتوە و سەرباری ئەوەی کە تەنانەت لە کاری سیاسیش نازانن، بەڵام هێشتا وازی لێ ناهێنن و دەستبەرداری نابن، وە پێم وایە کاتی هەمویان تەواو بوە و سەردەمیان بە سەرچوە و خۆیشیان لەوە تێگەیشتون کە بەشێکی زۆری خەڵک هیوای بەم کەسایەتیانەی ئێستای گۆڕەپانی سیاسی نەماوە.

وە سەبارەت بەوەی گوایە من لەگەڵ کارەکتەرێکی سیاسیدا خەریکی کاری سیاسیم یان خەریکی حیزب دانانم، ئەوا بەش بە حاڵی خۆم من نەک ئیشی سیاسیان لەگەڵ ناکەم، بەڵکو باوەڕم بە هیچ کارەکتێری سیاسی نییە کە پێشتر پۆستی باڵای هەبوبێت لە حکومەتدا و چانسی خۆی تاقیکردبێتەوە یان پۆستی باڵای هەبوبێت لەم حیزبانەدا، وە هەروەها باوەڕم بە کارەکتەرێکی سیاسی نییە کە بەشێک بوبێت لەم سیستەمە و لە قەیرانەکان و ئێستایش بەشێک بێت لە ململانێی حیزبی و خەریکی کێشەی بچوکی  شەخسی خۆیان بن!!

بەڵکو من پێم وا بێت کوردستان پێویستی بە رۆحی تازە و بەرگی تازە و عەقڵی تازە و دەموچاوی تازە و خەڵکانێکە کە لە دەرەوەی ئەم گرێ کوێرانە بن و بەشێک نەبن لەو قەیران و نەگبەتیانەی کە لە  ئیستادا کۆمەڵێک سیاسی بۆ کوردستانیان دروستیان کردوە.


PM:11:32:07/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 6019 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی