ئەرێ بەڕاست هەموو ئەم خەڵکە دژی شەڕی ناوخۆن؟

‌شاسوار عەبدولواحید

بەشێکی زۆر لەوانەی کە بە حساب دژی شەری براکوژین و ئێستا لە فەیسبوکەوە قسە دەکەن دژی ئەو شەڕە، ئەوا ڕاست ناکەن (هەندێکیان، نەک هەموویان)! چونکە ئەم خەڵکە خۆیان بە بێ جیاوازی بیروبۆچونی حیزبایەتیان بەشێکن لە شەڕی براکوژی و ژیلەمۆی شەرەکەن، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری ئەم خەڵکە بە لایەوە ئاسەییە هێزێکی چەکداری یەکێتی دەست بگرن بەسەر بیری نەوت (تەنانەت ئەگەر شەڕیشی لێ بکەوێتەوە)، کەچی بە لایانەوە ئاسایی نییە پارتی بچێتە شارێکی تری باشوورەوە !!! هەروەها بەشێکی تری ئەو خەڵکەیش ئەوەی دوێنێی کەرکوک بەخیانەت دەزانن کەچی دەست بەسەراگرتنی کێڵگەکانی بای حەسەن و هاڤانا لە لایەن پارتی و تەنانەت ئەوەی ئەمڕۆی شەنگالیان بەلاوە ئاساییە (تەنانەت ئەگەر شەریشی لێ بکەوێتەوە).

کەی هاوڵاتی کوردی توانیی لە دەرەوەی حیزبایەتی بیر بکاتەوە و توانیی تەواوی حیزبە کوردییەکان موحاسەبە بکات، ئەوا دڵنیا بن هیچ حیزبێک جورئەتی شەری ناوخۆی نابێت. بەڵام تا ئەو ساتەی خەڵک بەردەوام بەڕاست و چەپ پشتگیری حیزبەکەی خۆی بکات و بەردەوام خەریکی هێنانەوەی پاساو بێت بۆ هەڵەکانی حیزبەکەی و لە بەرامبەریشدا خەریکی شکاندنی ئەو حیزبە بێت کە کەیفی پێنایەت (تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت) ئەوا چاوەڕوانی خراپتیر بن و دڵنیابن کە داهاتوی خۆتان و مناڵەکانتان هەر شەڕ و وێرانە و دەربەدەرییە .

پێم سەیرە خەڵکانێک ژیانی چەکداری و هێزی حیزبیان بە لاوە گرنگ و کاریگەرە ، کەچی دژی شەری ناخۆن! ئەی هێزی چەکداری حیزبیتان بۆ چییە ئەگەر شەڕی پێ نەکەن دژی یەکتر؟ قابیلە کارەبای لێ دروست بکرێت؟ قابیلە کێشەی بێ پارەیی و خراپی دۆخی ئابوری خۆتانی پئ چارەسەر بکەن بەو هێزە چەکدارانە؟

هەر کات حەزت لە چەکداری بوو، وە پێت وا بوو ئەوەی هێزی حیزبی هەیە موهیمە، ئەوا بزانە تۆ حەزت لە شەڕی براکوژییە ، بزانە یان خۆت یان مناڵەکەت یان کەسێکت لەو شەڕەدا دەمرن ، بزانە تا ماویت نە خۆت و نە وەچەکانت و نە خێزانەکەت ئاسودە نابن و ژیانێکی خۆشتان نابێت.


PM:04:25:03/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 6634 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی