لەسەر شەڕە قسەکەی بنەماڵەی مەلا موستەفا و بنەماڵەی برایم ئەحمەد

‌شاسوار عەبدولواحید

ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا دەیبینین و دەیبیستین  لەسەر شەرە قسە و تۆمەتبارکردنی یەکتر لە لایەن هەر دوو بنەماڵەی  مەلا موستەفا و برایم ئەحمەدەوە  ئاست و توانای  بیرکردنەوەی وەچەکانی  ئەو دوو زاتە دەردەخەن .

ئەمەی کە ئێستا لە راگەیاندنەکانەوە ئەم دوو بنەماڵەیە بە یەکتری دەکەن ، جگە لە سوک کردنی یەکتر و کەمکردنەوەی ێێزی مەلا موستەفا و برایم ئەحمەد ، هیچی تر نیە .

میلەتی کورد ساڵانێکی زۆرە گیرۆدەی دەستی ململانێی نێوان ئەم دوو کەسایەتییەیە ، کە وایان کردوە لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانەوە میلەتی کوردیان پەرت پەرت و بەش بەش کردوە و تا ئەمرۆیش ئەو کەرت بونە دیارە و بگرە رەنگە لە ئێستادا لە لوتکەدا بێت .

پێم سەیرە ئەم بەرێزانەی کە ئێستا خۆیان بە وەچەی ئەو دوو زاتە دەزانن ئاواهی مامەڵە لەگەل یەکتر دەکەن ، لەبەر ئەوەی بەم کارەیان تەنها یەک ئامانج دەپێکن ، ئەویش کەمکردنەوەیە لە رێزی ئەو دوو کەسایەتییە (مەلا موستەفای بارزانی و مامۆستا برایم ئەحمەد )  ، ئەوەی ئەمانە دەیکەن تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی قسەی ناشیرین بەم دوو سەرکردەیەی کورد بڵێن (هاوسۆزانی مامۆستا برایم قسە بە بنەماڵەی مەلا موستەفا بڵێن و بەرامبەرەکەیش بە پێچەوانەوە قسە بەمان بڵێن ) ،وە ئەمانە وا دەکەن کە هیچ قیمەتێک و بەهایەک بۆ رابردوی ئەو دوو سەرکردەیە نەمێنێت، هەر ئەمەیش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە هەمیشە دەپرسین (بۆچی تا ئێستا کورد نەبۆتە  خاوەنی سەرکردایەتیەکی هاوبەشی یەک دەست و زمانێکی هاوبەش و ئیدارەیەکی هاوبەش)، وە نەک ئەوەیش ، بگرە تا ئێستا میلەتی کورد هاوهەڵوێست نین لەسەر هیچ سەرکردەیەکی کورد بە درێژایی مێژوی رزگاریخوازی گەلی کورد کە وەک سەرکردەی تەواوی کوردستان دانی پێدا بنێن .

بە رای من ئەم بەرێزانەی ئێستا ئەگەر سەیرێکی وەزعی خەڵکی و گوزەرانی خەڵکی و باری ژیانی خەڵکی بکەن ، ئەوا حەق نییە ئەم وتە و جنێودان و دەستەواژانە بهێننە سەر میدیا ، هاوڵاتیەکی ئاسایی کە ئێستا پارەی نیە و موچەی نیە و ئاوی نیە و کارەبای نییە و سەیری وڵاتەکەی دەکات لە خراپترین باری ئابوریدایە، هیچ بە لایەوە گرنگ نییە کاتی خۆی مامۆستا برایم ئەحمەد چی کردوە و مەلا موستەفا چی کردوە ، خەڵکی ئەمرۆیان بە لاوە گرنگە، خەمی هاوڵاتی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانە کە بۆ خۆی و مناڵ و تاکەکانی خێزانەکەی فەراهەم بکات،وە بە راستی کێشەی خەڵکی کوردستان شەری مەلایی و جەلالی و عوقدە و گرێ کوێرەکانی نێوان بنەماڵەی مەلا موستەفا و بنەماڵەی برایم ئەحمەد نییە .

هیوادارم ئەم وتارەی من بە وتارێکی دۆستانە و دلسۆزانە سەیر بکەن و لێکی بدەنەوە ، لەبەر ئەوەی دڵنیا بن ئەوەی ئێستا رقی لە ئێوە بێت و نەیارتان بێت ئەوا دلخۆشە بەم شەرە قسە و دروست کردنی ئەم بارە خراپە دەرونیە بۆ هاوڵاتیان ، چونکە لە کۆتاییدا تەنها دوو کارەکتەر لەم شەرەدا سوک دەکرێن و قسەیان پێ دەوترێت و مێژو و خەباتی چەند ساڵەیان لەکەدار دەکرێت ، ئەویش ئەو دوو زاتەیە کە باسمان کرد .

دڵنیا بن ئەوەی ئێستا  پەیوەندیتان پێوە دەکەن و پێتان دەڵێن دەستان خۆش وتارێکی جوانتان نوسیوە و هانتان دەدەن ، ئەوانە تەنها هانتان دەدەن بۆ سوک کردنی رابردوی خۆتان ، بۆ سوک کردنی رابردوی بنەماڵەکەتان ، بۆ سوک کردنی مێژوی سەرکردەکانی کورد . 

من بە شەخسی خۆم ، سەرباری تێبینی و ڕەخنەم لەسەر زۆربەی سەرکردە کوردیەکان بە درێژایی مێژوو ، بەڵام هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لەو کەسایەتیانە دەروانم (بە بێ جیاوازی ) ، لە مەلا موستەفاوە ، تا مامۆستا برایم و بە تێپەربون بە مام جەلال و کاک مەسعود و کاک نەوشیروان و تەواوی سەرکردە کوردیەکانی تر ... ئەوانە هەمویان شایەنی رێز و تەقدیرن ، ساڵانێکی زۆر تەواوی ژیانی خۆیان تەرخان کردوە لە پێناو خاک ومیلەتەکەیان ، بۆیە ئەوانە شایەنی ئەوەن کە لە ئێستادا  بە رێزەوە باس بکرێن و هەڵەکانیان تەنها لە چوارچێوەی رەخنەی دۆستانە و کوردانەدا بمێنێت و سود لەو رەخنانە وەربگیرێت بۆ داهاتوی میلەتەکەمان، چونکە بێ ڕێزی و کەمکردنەوە لەبەها و خەباتی بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد و تەواوی سەرکردەکانی تری ئەو کاتە ، کەمکردنەوەیە لەبەها و خەباتی قۆناغێک لەبزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد .

بۆیە ئەگەر ئێوە نەتوانن ئەم زمانە عەقڵانیە و ئەم بیرەی کە من باسی دەکەم بهێننە کایەوە ، ئەوا دڵنیا بن تا ماوین ئێمەی کورد بەش بەش و بێ گەورە و بێ سەرکردە دەبین و تا ماوین رێز نە لە رابردوی خۆمان و نە لە رابردوی سەرکردەکانمان و نە لە رابردوی میلەتەکەمان ناگرین ، کە ئەمەیش ئامانجی بێگانەیە بۆ  چاندنی باوەر بە خۆ نەبوون و بە کەم سەیرکردنی خۆمان و رابردومان ، بۆ ئەوەی کاتێک سەیری رابردومان کرد ، ئەوا هەمیشە بێ هیوابین لە داهاتومان .


PM:10:10:07/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 8316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی