سەرنجێکی خێرا لەسەر چاوپێکەوتنەکەی رەغد سەدام

‌توانا عوسمان

دەرکەوتنەوەی رەغد سەدام دوای 15 ساڵ لەئاخر چاوپێکەوتنی لەهەمان کەناڵ کەکەناڵی ئەلعەرەبیەی سعودیە، مانای سیاسی و میدیای جۆراوجۆر هەڵئەگرێت.

ئاماژە میدیاییەکانی چاوپێکەوتنەکە

پێش هەموو شت ئەگەر چاوپێکەوتنی پێشتری رەغد لە 2006 دا پەیوەست بوبێت بەرووخانی بەعس و کوژارانی براکانی و دادگایکردنی باوکیەوە، ئەوا ئەم چاوپێکەوتنە پەیوەست نیە بەهیچ رووداو و پێشهاتێکەوە.

چاوپێکەوتنی یەکەمی بەو گرنگیەوە تەنها 35 خولەک بوو، بەڵام چاوپێکەوتنی ئەمجارەی بێ ئەوەی رووداوێک هەبێت 150 خولەک بوو، ئەوەی یەکەم سەرباری گەرمی رووداوەکان بەیەکجار بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە شەش جار بڵاوکرایەوە و ماوەیەکی درێژ بینەری پێوە مەشغوڵکرا.

ئاماژە سیاسیەکانی چاوپێکەوتنەکە

کەناڵی ئەلعەرەبیە کەناڵێکی سعودیە، خاوەنەکەی وەلید ئیبراهیم بن عەبدولعەزیزە کە ژنبرای شا فەهدی شای پێشوتری سعودیەوە و بەپێی بەڵگەنامەکانی ویکڵیکسیش بەشێکی تری خاوەندارێتی گروپی MBC و ئەلعەرەبیە، عەبدولعەزیزی کوڕی شا فەهدە.

ئەم کەناڵە کەبەشێکە لەگروپێکی میدیایی گەورە، کەناڵی بنەماڵەی دەستەڵاتدارە، ئەگەر پرۆژەیەی سیاسی لەم کەناڵەوە پشتیوانی بکرێت، دەبێتە ڕای ناراستەوخۆی دەستەڵاتدارێتی سعودیە.

ئەم زنجیرە چاوپێکەوتنەی رەغد کەبواری پێدرا بەدرێژی وێنەیەکی باوکانە و پۆزەتیڤ بۆ باوکی بکێشێت و ئاماژە بەهاتنەوەی سیاسی خۆی بکات بۆ بەغدا، وەک پشتیوانی سعودیە لێکدرایەوە.

هەڵوێستی سعودیە لەسەر سەدام

لە 1990 وە هەڵوێستی فەرمی سعودیە دژی سەدامە، بە ئەندازەیەک کە موفتی سعودیە عەبدولعەزیز بن باز کاتی خۆی فەتوای دژی سەدام دا و بەموڵحد وەسفی کرد.

بەڵام ساڵانێکە سعودیە بەهۆی بێ ئومێدبوونی لەدەستەڵاتدارێتی بەغدا و پەیوەندی شیعەی عێراقی و کۆماری ئێران، کەوتۆتە ختوکەدانی بەعسیەکان، چاوپێکەوتنەکەی رەغد و مشەوەش بوونی شیعەکانیش بەچاوپێکەوتنەکە دەلیلە.


PM:12:40:21/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 2080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی