" مۆدێلەکان"

‌توانا عوسمان

ماوەیەکە لەسۆشیال میدیا، هەڵمەتێک ئەگوزەرێ دژ بە کچەکانی سۆشیال میدیا "مۆدێلەکان".

ئەم هەڵمەتە کەهەندێک نێوەندی ڕەجعی و لایکخواز و کۆنخواز دەفعی ئەکەن و سەدان کەسی جیاجیای تێکەوتوە هەر لەخەڵکی سادە و دڵپاکەوە تا جوانناس و قین لەدڵ و تاریکبین، تەنها مەبەست لێی داپڵۆسینی ئەو کچانە نیە کەدیارن، بەڵکو سەرکوتینەوەی ئەوانەیە کەدەیانەوێت دەرکەون.

من بەشەخسی هیچ یەکێک لەو مۆدێلانە ناناسم، ناشمەوێت بیانناسم، پێشموایە جوانی ئافرەت لەو شکڵانەدا نیە کەئەوان بەرجەستەی ئەکەن، ئەشزانم تیایاندایە حەوت فرسەخ لەمۆدێلبوون و ئایدڵ بونەوە دوورە، بەڵام ئەوان هەموو وەک یەک نین، کچی خاوەن کاراکتەر و هونەرمەندو سەرکەوتوی تیایە، سەرکوتکردنیشیان لێدانە لەپرۆسەی کرانەوەی کۆمەڵگـا.

ئەوەی ئەم هەڵمەتە ئەبات بەڕێوە، ئەجندەکەی تەنها لێدان نیە لەم کچانە، بەڵکو لێدانە لەمەیلی کرانەوەی کۆمەڵگە و ئامادەگی کۆی ئافرەت لەبوار و مەیدانی گشتیدا.

ئێمە نابێت دژی بەئەستێرەبوونی ئافرەت بین، ئەبێت، ئەبێت شەڕ لەسەر جۆری ئەستێرەبونەکە بکەین، جارێ با ئەوانیش وەک پیاوان بێنە مەیدانەکەوە و چەندێتیان زیاد ببێت، پاشان فشارەکە بۆ چیەتیان بکرێت.

ئەوەی ئێستا دژی مۆدێلەکان ئەکرێ، فشارێکە بۆ گێڕانەوەی ئافرەت بۆ بەرتەباخ، بۆ ناو موبەق و بۆنی قیمە و فاستی فێری.. ئەم هەڵمەتەش کەبەناوی ئەخلاق و ئادابی گشتیەوە بەڕێوەئەبرێت، لە هەڵەکەی هێلین ئاواتەوە دژ بەمامۆستا کەریم کابان وە دەستیپێکرد و "بەیۆ" ش بێ قەزابێت، بیانویەکی بەهێزی دایە و تەقاندیەوە.

ئەگەر ڕەخنەکە جدی و بێ ئەجندەیە، با لەسەر کەیس و هەڵسوکەوتەکە بێت بەدیاریکراوی، نەک لەسەر کچانی مۆدێل بەگشتی، چونکە کچانی "مۆدێل و سۆشیال میدیا" ڕەوتن، دیاردەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەن وبەشێکن لەسروشتی کرانەوەی خێزانەکانمان.

ئەگەرنا مەعنای نیە، گوێ لەهەیفا وەهبی بگریت، حەزت لەکارداشیان بێت و پاریس هڵتن بەسەرکەوتوو بزانیت و کایڵی جینر بەبەهرەمەند دابنێت و بەدزیەوە سەیری گرتەی سایە کەریم بکەیت و لەفەیسبووکیش جنێو بەکچە دەرکەوتوەکانی سوشیالمیدیا بڵێیت!


PM:08:46:09/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی