کۆرۆنـا و کۆمیدیـا
توانا عوسمان
چەند ڕۆژێکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی مەترسی کۆرۆنـاڤایرۆس لەجیهاندا سەرنجدەدەین کە مەیلی کۆمیدی زۆربەمان بەرزبۆتەوە.
سۆشیالمیدیا پڕ بوە لەقسەی خۆش و وێنەو ڤیدیۆی کۆمێدی، تەنانەت هەندێک لەهاوڕێکانمان پێچەوانەی سروشتی پێشتریـان، بەهرەی کۆمیدیـان تیا تەقیوەتەوە.
لەڕاستیدا پەیوەندی پێکەنین و ترس لەمرۆڤدا پەیوەندیەکی دێرینە، مرۆڤ لەحاڵەتی ترسانیدا پێئەکەنێت تا قەرەبووی سەرچاوەی ترسەکە بکاتەوەو خۆی هاوسەنگ بکاتەوە.
لەدۆخی ترس و شڵەژاندا پێئەکەنین تا مەسجێک بدەینە چواردەورەکەمان کەنەترساووین.. بەپێکەنین و بـە کۆمیدیکردنی دۆخەکە، هەوڵئەدەین سەرچاوەی ترسەکە نۆڕمەڵایز و ئاسایی بکەینەوە.
ترس و پێکەنین هەردووکیان یەک چاوگیان هەیە، هەردووکیان پەرچەکرداری شتێکی چاوەڕواننەکراو و کتوپڕە.
بەکۆمیدیکردنی مەترسی کۆرۆنـا دوو دیوی سایکۆلۆژی هەیە، بەدیوێکدا ئینکاری سەرچاوەی ترسەکە دەکەین و ئاسایی نیشانی ئەدەین تاوەکو بەرگەی بگرین، بەدیوێکی تردا، دان بەو تـرسە جەماعیەدا دەنێین و دەمانەوێت لەگەڵی هەڵبکەین.
من ئەمڕۆ لەڕۆژانی تر زیاتر پێکەنیم، دیارە جدیترە.
PM:11:47:23/03/2020
ئهم بابهته 2696
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی