دوای کۆرۆنـا چی ئەگۆڕێت؟

‌توانا عوسمان

ئەگەر مرۆڤایەتی سەرکەوت بەسەر کۆرۆنـاڤایرۆسدا، دۆخێکی نوێ دێتە پێشەوە کەهەندێک شتی جیاواز دەبێت لەساڵانی پێش 2020.

 هەڵبەت ئەم سەرنجانەی دەریدەبڕم ناچێتە خانەی پێشبینیەوە، بەڵکو پشت بەو ئاماژانە دەبەستێت کەلەئێستاوە دەرکەوتون و لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکاریانەشە کەخۆرئاوا دوای ئەنفلۆنزای ئیسپانی لەدوای 1918 وە تێیکەوتوە. 

بەدرێژای مێژوو پەتـا و کارەساتەکان هاتوون و ڕۆیشتوون بەڵام دوای خۆیان کلتور و بەهای تازەیان جێهێشتوە.

دوای کۆڕۆنـاڤایرۆس:

٭ڕەنگە سنوری نیشتمانی وڵاتان تۆختر بێتەوە، دوورنیە سنوری نەتەوەییش تا ئەندازەی ڕەگەزپەرستی بەهێزترنەبێتەوە، چونکە دەرکەوت کۆرۆناڤایرۆس سوودی لەکرانەوەو ئازادی سنورەکان وەرگرتوە.

٭ڕەنگە کەرتی گەشتوگوزار لەجیهاندا لەگەشەکردن بوەستێت و بەسیستی بمێنێتەوە، بەهۆی ئەوەشەوە هەرزانی لەگواستنەوەو گەیاندندا ڕووبدات.

٭ڕەنگە دوای کۆرۆناڤایرۆس کەرتی ئۆنڵاین و دیلیڤەری و بازاڕکردنی ئۆنڵاین و کارکردن لەدوورەوە و سەرمایەگوزاری دیجیتاڵ زۆر بەهێزببێت لەدونیادا.

٭ڕەنگە کەرتی تەندروستی بەهێزبێتەوە لەدونیاداو بچێتەوە ئاستی ساڵانی شەستەکان کە لەلوتکەی گرنیگیپیدان و سەرمایەگوزاریدا بوو.

٭نەریتەکانی ماچ و تەوقە و هەندێک پیسوپۆخڵی ڕێگەپێدراو لاوازتربێت و مرۆڤایەتی هۆشیارتر و هەستیارترو پاکوتەمیزتر ببێت.
٭ڕەنگە زانست و چەمکی زانست ڕێزو بڕوای زیاتر بەدەستبهێنێت و مەلا عەلی کەڵەکەکان کۆمیدیترببن.

ئەم شتانە ڕەنگە خۆیان ئۆتۆماتێک ڕووبدەن و لێکەوتەی کۆڕۆناڤایرۆس بن، بەڵام ئەوەی دەبێت ئێمە خۆمان فشاری بۆ بکەین ئەمانەیە:

٭فشاربکەین کەکارمەندی تەندروستی و پەرستیارەکان مووچەیان زۆربکرێت وڕێزی زیاتر لەئەرکەکەیان بنرێت و سەرمایەگوزاری گەورە لەبواری تەندروستی بکەین.

٭خۆمان بەشەڕی بچوک و لابەلاوە خەریک نەکەین و  شکۆی مرۆڤ بخەینەوە چەقی ململانێ و هاوکێشەکان، هەموو لایەک لەوە تێبگەین کە"ئاسوودەی مرۆڤ" لەسەرەتادا ئامانجی هەموو فیکر و سیاسەت و فەلسەفە و ئاینەکان بوون، ڕاستیەک کەبیرمان چوبۆوەو کردبوومان بەبیانویەک بۆ کوشتن و تەکفیر و ڕق و قینە.


PM:08:35:19/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 1972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی