72 کاتژمێر لەتاران

‌توانا عوسمان

بەکارێک سێ ڕۆژە لەتارانم، لەم ماوەیەدا ئەگەرچی لەئوتێلێکی پێنج ئەستێرەی "تەعبانم" بەڵام بەمەبەست ئەم سێ ڕۆژە سادە گوزەرام.

نانی هەرزانی سەر عەرەبانەم خوارد، بەڕۆژ بە تەکسی نەفەرات لەگەڵ خەڵک هاتووچۆ دەکەم و شەوانیش بەسواری مۆتۆر لەدواوە دەگەڕێمەوە هوتێڵ.

پیاسەی درێژ بەشەقام و کۆڵانەکانی ڤانەک و وەلی عەسر ومەیدانی ئیمام خومەینی و سەعدئاباد ئـەکەم، لەچایخانە شەعبیەکان چا ئەخۆمەوەو جارێکیش میترۆم بـەکارهێنا.

پێرێ شـەو کابرای مۆتۆر بەعەکسی سایدەوە لێی ئەخوڕی وجارجار دەچوە سەر شۆستەی پیادەو کەخۆشی دەکردەوە بەبەینی باریکی ئۆتۆمبێلەکاندا، لەترسی پیانـەچوون دەمی خۆمم بچوک ئەکردەوە.

لەڕاستیدا لەم ماوەدایە کەهەواڵەکانی دونیا لەسەر خۆپیشاندانی ئێران بوو، بەشبەحاڵی خۆم
هیچ جۆرە سیمایەکی خۆپیشاندانم لەهیچ لەو شەقام و مەیدانانە نەدی کەسێ رۆژە سەردانیان دەکەم.
خەڵک لێرە بەجۆرێک وابەستەی کاروکاسپیە وادیارە کەسیستەمەکە گیرۆدی گوزەرانی رۆژانەی کردون.

هەرچـەندە هیلاکی بەخەڵکەوە دیارە و هەموو باس لە"سەختی زیندەگی" دەکەن بەڵام کـەس عەساب ساردی ئێرانیانەی لەدەست نەداوە.

لێرە سەرباری قەرەباڵغی "18 ملیۆن کەس" هەموو شت هێواشە، میترۆ وا هێواش ئەڕوات وەک ئەوەی بیەوێت لەهەر لەحزەیەکدا بێت بوەستێت، لەفەیەک لەدوکانێکی ئاسایی چارەکێکی پێئەچێت تا حازر ئەبێت کەچی لەسەر جامخانەکەشی نوسراوە "فاست فوود" بەگشتی کەس پەلەی نیە من نەبێت.

میدیای فووتێکراوی عەرەبی و بەشێکی خۆرئاوا واپیشان ئەدا کەوەزعی ئێران لەئان و ساتدایە، میدیای گومڕای ئێرانیش وانیشان ئەدات کەلەدەرەوەی ئێران هەموو دونیا یان شەڕوشۆڕە یان لەبێ بەهاییدا دەژی.

بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کەسیاسەتی نەوتخۆری و هاوپەیمانفرۆشی ئەمەریکا، بۆتە بەهانەیەک بۆ سیستەمی ئێرانی و لەسەر حسابی ئەم ناشرینەیەی ئەمەریکا، خەڵکی ئێران بە"خوا خراپتر نەدات" ئەیگوزەرێنێت.

تازە لەبەغداش وەک باخچەی پێشەوەی ئێران، جارێ گۆڕانکاری دراماتیکی لەسیستەمی سیاسیدا ڕوونادات، ئێران لێناگەڕێت لەم قۆناغەدا عەبدولمەهدی لەبەغدا و عماد میشێل عەون و هاوپەیمانەکانی لەلوبنان بکەون، چونکە دیمەنە بەیەکەوە نوسـاوە.

فرۆکەخانەی ئیمام خومـەینی-تـەهران.


PM:06:44:22/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 7372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی