ته‌نهایی‌

‌توانا عوسمان


ده‌رباره‌ی‌ چه‌مكی‌ ته‌نهایی‌ 

کۆمەڵگەی ئێمە لەتەنهایی تێناگات، قبوڵیشی نیە تاکەکان تەنها بن، بەردەوام دەخوازێت فڕێمان بداتەوە ناو قەرەباڵغی.

لەزهنیەتی کۆمەڵگەی ئێمەدا تەنهایی ڕەگێکی دەچێتەوە سەر شێتی، دەمارێکیشی بەنەخۆشی دەروونیەوە ڕەبتە.. بۆیە هەمیشە بەنیگەرانیەوە تەماشای تەنهاکان دەکەین و پێمان وایە یان خۆیان ئەکوژن یان پلانی کوشتنی خەڵک دائەنێن.

کۆمەڵگەی ئێمە چونکە کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵخوارە، لەگەڵ یەکەی تاکدا مامەڵە ناکات، بەڵکو تەنها سەودا لەگەڵ گروپ و خێڵ و خێزاندا دەکات، ئامادەنیە تا یەکەی تـاک شۆڕبێتەوە، تاک لەناو ئەجندای کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستا لەڕووی کۆمەڵناسیەوە حساب لەسەر نەکراوە.

ئێمە مناڵی کۆمەڵگەیەکین کەبە شێوەیەکی نێگەتیڤ تەماشای دۆخی تەنهایی دەکات، تەنهایی لەتێڕوانینی کۆمەڵگەی ئێمەدا دۆخی بێ ئیشیە، تەنها کان واتە بێ ئیشەکان، بەجۆرێک هەندێک جار ووشەی تەنهايی وەک مورادیفی بێ ئیشی و بەتاڵی وەسف دەکەین.

تەنهایی لای ئێمە دۆخی تێکشان و کۆستکەوتن و دەستلەخۆشتنە، هەر بۆیە کۆمەڵگە قبوڵ ناکات تاکەکانی بکەونە تەونی تەنهاییەوە.

لەکاتێکدا ئەم تێڕوانینە ڕاست نیە، تەنهای دۆخێکی فەلسەفیە، ژینگەیەکی شاعیریی تاکە، ئەشێت دۆخی ڕاستەقینەی ئیش و بەرهەمهێنانیش بێت.. 

 مرۆڤ بۆ ئەوەی تەندروست بێت، پێویستە کاتی هەبێت بۆ خۆی، بۆ وتوێژ لەگەڵ ناوەوەی خۆی، پێویستی بەوەیە لەگەڵ خۆی بێت، زۆرجار ئیشی بەخۆی هەیە، ئەرکێک کە تەنها لەحاڵەتی تەنهاییدا ئەنجام دەدرێت.

ئەشێت تەنهایی سیمبولی سەرقاڵی بێت، نیشانەی بەرهەمهێنان و بیرکردنەوەی قووڵ بێت.. بەبۆچونی من گێڕانەوەی ڕێز بۆ تاک لەکۆمەڵگەی ئێمەدا لەتێگەیشتنمانەوە دەستپێدەکات بۆ دۆخی تەنهایی.

له‌په‌یجی‌ نوسه‌ره‌وه‌ وه‌رگیراوه



AM:01:20:25/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 11938 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی