دەستەڵات لەسعودیە لەبنەماڵەوە گواسترایەوە بۆ خێزان

‌توانا عوسمان



ئەوەی ئەمڕۆ لەسعودیە ڕوویدا گۆڕینی دەستەڵات بوو لەهەیکەلیەتی بنەماڵەییەوە بۆ هەیکەلیەتی خێزانی.

لابردنی محەمەد نایفی برازا لەخەلیفەی پادشای سعودیە و دانانی محەمەی سەلمانی کوڕ لەبریدا، کۆتایهێنان بوو بەمۆدێلی حوکمڕانی ئاسۆیی بنەماڵەی عەبدولعەزیز کە80 ساڵ زیاترە لەسعودیە باوە.. 
بەم بڕیارەی ئەمڕۆ ئیتر مۆدێلی حوکمڕانی ئاسۆیی بنەماڵە تەواوبوو کەدەستەڵات لەنێوان کوڕەکانی عەبدولعەزیزدا دەگوازرایەوەو بڕیاربوو بەشێوەیەکی ئاسۆییش لەنێوان بەرەبای نەوەی دووەمی عەبدولعەزیزدا بێت و بچێت.

لەئەمڕۆوە دەستەڵاتداری لەسعودیە بوو بەمۆدێلی خێزانی شاقوڵی.. ئیتر دەستەڵات لەناو خێزانی بچوکدا لەباوکەوە بۆ کوڕ شۆڕدەبێتەوە.

گۆڕانی مۆدیلی بنەماڵە بەمۆدێلی خێزان لەسعودیە دوای چەندین ساڵ هات بەدوای زاڵبوونی هەمان مۆدێل لەئوردن و سوریا و قەتەر و مەغریب و هتد..
لەئوردون شا حسێن لە 1999 دا و لەدوا ساتەکانی وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجەدا و کیمیایدا، میر حەسەنی برای لابردو عەبدوڵای کوڕی کرد بەپاشا.. عەبدوڵاش بەبەرچاوی حەمزەو عەلی برایەوە کوڕە 5 ساڵانەکەی خۆی کرد بەجێگری.
حافز ئەسەدیش کاتی خۆی ڕەفعەتی برای ڕاوناو لەبریدا باسل و بەشاری کوڕی هێنایە شوێنی.

ئەوەی ئەمڕۆی سعودیە، چەسپاندی ئەو ڕەوتە بوو کەکۆتایی بەهاوپەیمانی نێوان براکان هێناو و لەبریدا هاوپەیمانی باوک و کوڕی دامەزراند.

بەبۆچونی من ئەم ڕەوتە لەماوەیەکی نزیکدا لەکوردستانیش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ملمێلانێ بنەماڵەیەکان و رەنگە لەچەند ساڵی داهاتوودا دەستەڵاتی بنەماڵە پاشەکشێ بکات بۆ دەستەڵاتی خێزان.


PM:01:16:21/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 32206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی