ئافرەت وەک کەرەستەیەکی بەلەزەت

‌توانا عوسمان

زیاتر لە٢٠ ساڵە لەخۆرئاوا ڕەخنەی جدی لەوە دەگیرێت کەبازاڕی سەرمایەداری.. لەمیدیادا ئافرەت وەک کەرەستەیەکی سێکسی نمایش دەکات و وێنەیەکی باووی جنسی بۆ کێشاوە.. بەجۆرێک ئافرەت بەجلی ژێرەوە و بەشێوەیەکی سێکسیانە دەخاتە تەنیشت هەموو بەرهەمەکانی بازاڕەوە، هەر لەفیلم و ئوتۆمبێل و خانوەوە تاوەکو کۆی کەرەستە وردەکانی ژیانی ڕۆژانە.

لۆجیکەکەش ئەوەیە کە بازاڕ پێی وایە گیرفانی ڕاستەقینە و بڕیاری پارە سەرفکردن لای پیاوە، بۆیە ڕووی لەڕازیکردنی دڵی باووی پیاوە.

لەکۆمەڵگەی عەرەبیشدا ١٠ ساڵێکە هەندێک نێوەندی ئەکادیمی ڕەخنەی جدی لەوێنەی نەرێتی ئافرەت دەگرن لەناو میدیای عەرەبیدا، کەمیدییاکە زیاتر وێنەیەکی خزمەتکارانە بۆ ئافرەت دەکێشێت تاوەکو وێنەیەکی سێکسی.

لەمیدیای عەرەبیدا ئافرەت لەڕیکڵام و دەرکەوتنەکانیدا ڕۆڵەکەی پتر ماڵداریە، دایبی مناڵ ئەگۆڕێت و چێشت لێئەنێت و گسکی ماڵ ئەدات..

لای خۆمان لەگەڵ تازەیی میدیادا، ڕەخنەگرتنەکەش تازەیە، چەند دەنگێکی کەم نەبێت وەک هاوڕێیان پێشواز سەعدوڵا و سەرهەنگ حارس کە هەندێک ڕەخنەی جدیان لەوێنەی نەرێتی ئافرەت گرتوە لەمیدیای کوردیدا و بەندەش لەچەند سیمینار و بۆنەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕەخنەم لەم وێنەیە گرتوە.. بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی ڕەخنەگرتن لەم دیاردەیە نەکەوتۆتە سەرپێ.

بۆیە پێویست دەکات تەوژمی ڕەخنەگرتن لەم دیاردەیە بەهێزتر بکرێت، بەتایبەت کەدەرکەتوە تەماشاکردنی ئافرەت لەمیدیای کوردیدا قۆناغی وێنەی تێپەڕاندوە بۆ قۆناغی وەسفی زارەکی و ووشەی ئامادەکراوی ناو هەواڵەکان...کەبڕیار وایە فلتەرکراوترین جۆری قسەکردن و ووشەسازی ناو میدیا بێت.

ئەو کورتە ڤیدیۆیەی دامناوە، بێژەرێکی کەناڵی ڕوداوە، کەبە ئاشکرا مەیلی جنسی خۆی لەسەر شاشەو لەحەرەمی نەشرەی هەواڵەکاندا بۆ ئافرەتێک دەردەبڕێت... ئەمەش دەرچونێکی ڕوونە لەستانداری رۆژنامەنوسی و لوتکەی تەماشاکردنی ئافرەتە وەک مادەیەکی سێکسی.

تێبینی: ئاکۆ محەمەدی بەڕێوەبەری کەناڵی ڕووداو هاوڕێیەکی خۆشەویستە، دەیان کارمەندی ئەو کەناڵەش هاوڕێمن.. داوام وایە ئەم ڕەخنەیەم بەشێوەیەکی پیشەیی و دوور لەحەساسیەت وەربگیرێت.. با ئەم تەقلیدە بشکێنن و وەک سیاسیەکان و بەندەکانیان نەبین کەناتوانن دوور لەدوالیزمی ڕق و مەدح دونیا  بخوێننەوە.


AM:11:40:31/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 6985 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی