بۆچی جیهان دژی ترامپ بوو؟

‌فەرحان جەوهەر


هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا تەنها پەیوەست نییە بەو وڵاتەوە، بەڵكو جێگای گرنگی هەموو وڵاتانی جیهانە، لەبەرئەوەی ئەمریكا سەركردایەتی جیهان دەكات، چوار ساڵی سەرۆكایەتی دۆناڵد تڕامپ كێشەی گەورەی بۆ هەموو جیهان دروستكردووە، لە دیارترین ئەو كێشانەش كشانەوەی لە رێككەوتنی پاریسی تایبەت بە ژینگە و رێكخراوی تەندروستی جیهانی و رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و داننانی بە قودس وەك پایتەختی ئەبەدی وڵاتی ئیسڕائیل و چارەسەرنەكردنی كێشەی سوریا بوون، هەروەها گرنگی نەدان بە مافی مرۆڤ و پرسی دیموكراسی لە دەرەوەی وڵاتەكەی و دڵداریكردنی لەگەڵ نەعرەی رەگەزپەرستی لە ناوخۆی وڵاتەكەی و دژایەتی كردنی كوچبەران.

تێڕامانی تڕامپ بۆ هەموو پرسەكان لە ڕوانگەی بازرگانی و ئابورییەوە بوو، هەروەها سەركردەیەكی پۆپۆلیستی پلە یەك بوو، زۆرترین درۆی دەكرد، گوێی لەوە نەبوو دوای چەند سەعاتێك درۆكانی ئاشكرا ببن، هەروەها دژی نوخبە و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان بوو، چاوی تەنها لە خەڵكی نا وشیار و نەخوێندەوار بوو، دەیزانی چۆن هەست و سۆزیان بجوڵێنی، كێشەی فراوانخوازی روسیای نەبوو، بەڵام جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین هەڵگیرساند، ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبوو ڕای خەڵكی دەستەبژێر بوو.

وەك مەكینەی پارە دەیڕوانییە هەموو وڵاتان، ئەوانەشی كە هاوپەیمانی ئەمریكا بوون ، بەتایبەتی وڵاتانی ئەورپا و كەنداوی فارسی هیچ رێزێكی بۆیان نەبوو، جگە لەوەی شارەزای جوگرافیای سیاسی جیهان نەبوو، حەزیشی لە سەركردایەتی كردنی جیهان نەدەكرد ، دروشمی یەكەم ئەمریكای هەڵگرتبوو ، هەروەها هیچ رێزیشی لە داو دەزگاكانی وڵاتەكەی نەدەگرت، هەردوو دامەزراوەی بەرگری و دەرەوەی فەرامۆش كردبوو، لە رێگای تویتەكانییەوە سیاسەتی دەرەوەو ناوەوەی بەڕێوە دەبرد، هەرچی بەرپرسێك بەمیزاجی خۆی نەبا دەری دەكرد، بۆیە بەشێكی دەستەبژێری حزبەكەشی لە هەڵبژاردن دژایەتیان كرد.

تڕامپ وەك وەك سەرۆك كۆتایی هات، بەڵام ئەوەی گرنگە كۆتایی بە ترامپی (الترامبیە) بێت و چیدی نەبێتە كەلەپوری سیاسی و نمونەیەك بۆ چاولێكردن، حاڵەتی ترامپ بە كردەیی سەلمێنرا نمونەیەكی مەترسیدارە، ئەگەر لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا نەبایە كە خاوەن داوو دەزگای بەهێزە ، هەموو جیهان دووچاری مەترسی دەبوەوە ، هەروەها ئەوەش سەلمێنرا كەسی بازرگان ناتوانێ سیاسیەكی باش بێت، سیاسەت و بازرگانی دوو دنیای جیاوازن، ئەوانەی فێرە پارە ژماردنن ناتوانن بیر لە بەرژەوەندی خەڵكی بكەنەوە، سیاسەت جگە لە بەرژەوەندی خەڵك شتێكی تر نییە، ئەوەی سیاسەت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵك ناكات ، رۆژێك دێت هەر دەشكێت.


PM:06:49:09/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی