ماكڕۆن پێش عۆن سەردانی شوێنی تەقینەوەكەی كرد

‌فەرحان جەوهەر

دوای دوو رۆژ لە تەقینەوەكەی بەیروت ماكڕۆن سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی لبنان و شوێنی تەقینەوەو گەڕەكە بەركەوتووەكانی كرد . پێش سەرۆكی وڵات میشێل عۆن شوێنەكەی بەسەر كردەوە و لەگەڵ خەڵك قسەی دەكرد . تەقینەوەكەی رۆژی سێشەممە بۆ وڵاتێكی وەك لبنان كارەساتێكی ئێجگار گەورەیە ، چونكە ئەم وڵاتە ئابوریەكەی داڕماوە و دووچاری هەڵاوسانێكی مەزنی دراوی بۆتەوە ، بەجۆرێك نان پەیداكردن بۆتە كێشەیەكی مەزن بۆ بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییەكانی ، ئەوەی وای كردووە خەڵكەكەی بەرگەی ئەم قەیرانە مەزنە بگرن ، هەبوونی شانزە ملیۆن لبنانییە لە دەرەوەی وڵات كە هاوكاری بۆچوار ملیۆن كەس و كاریان لە ناو وڵات دەنێرنەوە .

لبنان وڵاتێكی گرنگە بەهۆی شوێنی جیۆسیاسیەكەیەوە هەروەها وڵاتێكی فڕانكۆفۆنییە، بۆیە فەڕەنسا بە ئەركی خۆی دەزانێ هاوكاری بكات، بەڵام ئەوەی ئەم وڵاتەی وێران كردووە گەندەڵیی و ململانێی سیاسی و مەزەبی و ئاینییە، بەتایبەتی گەندەڵییەكەی بە جۆرێكە ئەمە چل ساڵە حكومەت ناتوانێ لە هەشت تا دە سەعات زیاتر كارەبا بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین بكات، جگەلەوەی هەر ناوچەیەك بەدەست حیزبێك و كەسێكی دەست رۆیشتووە و حكومەت ناتوانێ رووبەڕوویان ببێتەوە ، بوودجەی سوپا هەمووی بۆ مووچەی سەربازەكانە سیستەمی بەرگریان بێ بوودجەیە ، هەڵبژاردن دەكەن و كەمتر لە رێژەی سەدا بیست بەشداری دەكەن و هەر ئەو حزب و تائیفانە دەسەڵات وەردەگرنەوە ، بەتایبەتی حیزب وڵلا خاوەن میلیشیا و دەسەڵاتی كردەنییە و هەر خۆی بڕیاری شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل دەدات و هەرخۆشی ئاگربڕ رادەگەیێنێ ، شوێنە گرنگەكانی وەك فڕۆكەخانە و بەندەرو دەروازە سنووریەكان بەدەست خۆیەتی .

وڵاتێكی ئەوەندە گەندەڵە بۆتە شوێنی مامەڵەی نایاسایی و سپی كردنەوەی پارە ، سەردەمێك سوریا داگیری كردبوو ئێستاش رۆژانە لەلایەن ئیسڕائیلەوە سەروەریەكەی پێشێل دەكرێ ، بەكورتی وڵاتێكی خاوەن سەروەری نییە ، هەربۆیەش ئەمە پانزە ساڵە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان لێكۆڵینەوە لە تیرۆركردنی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر رەفیق حەریری دەكات ، بۆ ئەم تەقینەوەیەش هەر پەنا دەبەنە بەر لایەنی نێودەوڵەتی خۆیان ناتوانن ئەم كارە بكەن .


PM:02:01:08/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 1516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی