توێژینەوە سیاسیەکانی دەزگا و رێکخراوەکانی هەرێم ستاندەر بە نمونە
فەرحان جەوهەر
کورد بە گشتی خاوەن ئەزموونی توێژینەوە نییە له هیچ بوارێکدا ، بۆیە دەزگاو رێکخراوی پتەویشی بۆئەم مەبەستە نەبووە ، ئەو توێژینەوانەشی کە زانکۆکانی ئێمە دەیکەن ، زیاتر بۆ پلە بەرزکردنەوەی کەسەکان بووە ، بۆیه تا ئێستا هیچ یەک لەو توێژینەوانە نەبوونەتە جێگای هیچ مشتوومڕێک نە لەسەر ئاستی میدیایی و نە لەسەر ئاستی ئەکادیمی ناوخۆ و دەرەوەش.
ماوەیەکە لە هەرێم چەند دەزگایەکی توێژینەوە خۆیان دیارکردووە هەرە بەهێزەکەشیان پەیمانگای مێرییە کە تا ڕادەیەک باشە ، ئەویش زیاترخۆی سەرقا کردووە بە پەنەڵ و سیمیناری سیاسییەکان ، کەمتر توێژینەوەی کردووە ئەگەر ئەنجامیشی دابن ، بێ کاریگەر ماونەتەوە و هیچ دەنگدانەوەیەکی نەبووە ، لەم ماوەیەدا سایتی ستاندەر، خۆی وەک رێکخراوێکی ئەم بوارەش ناساندووە.
ئەگەر سەیری ئەو توئژینەوانەی یان روونتر بڵێم ئەو لێکدانەوە سیاسیانەی بکەین ، لەیەک کاتدا مایەی گریان و پێکەنین، گریانەکەی بۆحاڵی ئەو میللەتەیە کە ئەم فاڵ گرتنەوەیەی بە ناوی توێژینەوەی سیاسی دەرخوارد دەدرێ و هەندێک لە خەڵکیش باوەڕیان پێ دەکات ، پێکەنینەکەشی ئەوەیە کە سایتێکی خەبەری خۆی وەک دەزگایەکی توێژینەوە ناساندووە .
دوا توێژینەوەی ئەم دەزگایە دوێنێ رێکەوتی 8 نیسان دەرچوو ، لەسەر بەیاننامەی سەرۆکی هەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی لە بارەی پشتیوانی و پێشوازی کردن لە راسپاردنی مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی تری وەزاری بوو ، هەر زۆری پێنەچوو ئەو دەزگایە کەوتە خۆی و توێژینەوەیەکی لەسەر ئەو بەیاننامەیەی سەرۆکی هەرێم بڵاوکردەوەو رایگەیاند ئەم کارەی کاک نێچیرڤان بارزانی دەبێتە هۆی تێکدانی نێو ماڵی کوردو زیاتر بە دوژمن کردنی پێکهاتەی شیعە بۆ کورد و چەند وڕێنەیەکی تریش كە خۆی لە چوار خاڵدا نواندبوو ، زۆری پێنەچوو یەکێتی پێشوازی لە راسپاردنی کازمی کردوو رایگەیاند بەیاننامەی سە رۆکی هەرێم بە ئاگاداری ئێمەش بووە ، دواتر سووننەکانیش هەمان هەڵوێستیان راگەیاند . ئێستا دەبی هەڵوێستیان چۆن بێ ؟
ئاخر کە ئێوە هیچ زانیاریەکتان نییە و کەس هیچ زانیاریتان پێنادا بۆچی خۆتان دەکەنە گاڵتەجار؟ نازانم توێژینەوەکەیان لەسەر سایتەکەیان ماوە یان لایان بردووە؟ ئاخر ئەگەر تۆ دەزگای توێژینەوە بی چۆن توێژینەوە بەپەلە دەکرێ و لەهەمان رۆژی دەرچوونی بەیاننامەی سەرۆکی هەرێم بڵاوی دەکەیتەوە ؟ توێژینەوە پڕەنسیپ و کەرەستەی تایبەت بە خۆی هەیە ، جگەلە کۆمەڵێک مەرج و رێکاری تایبەت. ناوەندو پەیمانگاکانی توێژینەوە لە ئەمریکا خاوەن دەیان کەسی پسپۆرن ، ئەوانەی توێژینەوەی سیاسی دەکەن ، پێویستە نزیکی بڕیاری سیاسی بن ،
زۆرێک لەو ناوەندانە لەلایەن دەزگا هەواڵگیریەکان پاڵپشت دەکرێن ، چونکە ئەو کەسەی یان ئەو دەزگایەی توێژینەوە دەکات ، ئەبێ پێش هەموو شتێک خاوەن زانیاری بێ ، هەروەها نابێ پێشتر خۆی وەک نەیاری لایەنێک دەرخستبی ، بۆئەوەی بتوانێ توێژینەوەیەکی بابەتیانە پێشکێش بکات ، لانی کەم ببێتە جێگای متمانەی لایەنگرانی خۆی ، ئەوەی ئەو دەزگایە بەناوی توێژینەوە دەیکات ، جگەلە دژایەتی کردنی سیاسی لایەنێک نەبێت هیچی تر نییە ، لەهەمووشی کارەساتبارتر جۆری ئاخاوتنی سەرۆکی ئەو دەزگایە، کە بەجۆرێکی ئەوەندە خێڵەکیانە قسە لەسیاسەت دەکات ، ئەگەر مرۆڤ باش دیقەت نەکات ئەڵێی : سەیری بەرنامەی فۆلکلۆری بن رەشماڵانی کاک ئەسعەد عەدۆ دەکات.
PM:06:21:09/04/2020
ئهم بابهته 2040
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی