ئامانج دژایەتی پارتییە و بەس

‌فەرحان جەوهەر


حوکمڕانیەتی کوردستان لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی رابردوو، تەنها پارتی نەبووە بەڵکو پارتیش بەشێک بووە لەو حوکمڕانییە، بۆیە ئەوانەی دژایەتی پارتی دەکەن دەیانەوێت فەشەلی خۆیان بشارنەوە، بەپێچەوانەی ئەو هێزانەوە پارتی خۆی لە بەرپرسیاریەتی نادزێتەوەو و زۆر مەردانە قۆڵی لێ هەڵماڵیوەو بەباشی و خرابیەکانیەوە خۆی بە خاوەن دەزانێت، کەچی شەریکەکانی حوکمڕانیمان هەر ئەوەندە زانیان رووبەڕوی کێشەیەک بوینەە ئیدی ئاڵای سپی بەرزدەکەنەوە و تەسلیم دەبن.

کاتی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم هەموو لایەنەکان هەڵپەی هاتنەناو حکومەتیان بوو، هەرچەند ئێمە هەر ئەو کاتە دەمانزانی حکومەتی هەموو ئەو هێزانە ناتوانێ حوکمڕانیەکی باش بکات، بەڵام پارتی قبوڵی کرد بۆ ئەوەی نەڵێن پارتی قۆڕخی دەسەڵاتی کردووە، ئیدی کەزانیان بارودۆخی ئابوری خراب بوو کەوتنە رەخنەو خەڵک هاندان دژی پارتی، هەموو کارو بەرنامەیان ئەوەیە دژایەتی پارتی بکەن، جا گرنگ نییە لەمەدا خۆشیان و گەلی کوردستانیش زەرەرمەند بێت، بۆ دژایەتی پارتی ئاماددەن دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵ کەن، دیتمان حەشدی شەعبی لە خورماتوو چی بەخەلکی کورد نەکرد لە کوشتن ماڵ سوتان و تاڵان کردن، دەستدرێژی کردنە سەرژنان، ئاوارەبوون و داگیرکردن، کەبەیەک وشەش ئاماددەنەبوون لە راگەیاندنەکانی خۆشیان باسی بکەن، هەر لە پێناوی دژایەتی پارتی، بەڵام  ئەوان لە هەولێر شەقی پۆلیسێک لە کەسێک لەسەر هەرچی بێت دەیکەنە کراسی عوسمان و بەهەفتەو مانگ لە تیڤیەکانیان پیشان دەدەن و هەزار بارەی دەکەنەوە، ئەگەر هەموو گەلی کورد لە ئێران لەناوبچێت ئاماددەنین یەک بەیاننامەش دەربکەن، بەڵام بۆ ڕۆژئاوا حازرن هەموو رۆژێ بەیاننامەیەک دەربکەن چونکە خزمانی ئەولا پێیانخۆشە، هەرکات زانییان پارتی نێوانی لەگەڵ بەغدا باش نییەو تێکچووە، ئەوا سەرەو مەوعید وەردەگرن بۆ بینینی بەرپرسانی بەغدا، بەپێچەوانەشەوە هەرکات بینیان تۆزێک پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا باشە، ماکینەی ئیعلامیان دەخەنەگەڕ لە دژی عەبادی، ئیدی حەقی ئەوەیان نییە چ کارێک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستانە، گرنگ ئەوەیە کێ دژی پارتییە.

لە هەمووو دنیا ئۆپۆزسیۆن هەرگیز لە دژی بەرژەوەندی گەلەکەی بڕیار نادات، هەربڕیارێکیش لەبەرژەوەندی گەلەکەی بدرێت لەلایەن حزبی حوکمڕانیشەوە بێت ئەوان پشتگیری دەکەن، سەیری تورکیا بکەن دژایەتی هەردوو حزبی جەهەپەو ئاک پارتی چەندیش توندە و یەکیان ئۆپۆزسێۆنەو ئەوی تریشیان حکومڕانە، بەڵام کە ئەردۆگان و حزبەکەی بڕیاری هێرشی سەر عەفرینیاندا، حزبی جەهەپەی ئۆپۆزسێون و رکەبەری سەرسەختی ئەردۆگان و حزبەکەی، پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی ئەردۆگان دەربڕی، چونکە ‌ئەو بڕیارو هەنگاوەی ئەردۆگان لەبەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان بوو، ئەمەیە کاری ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەو بەرژەندی گەل، ئەی لای ئێمە نەک هەر ئۆپۆزسیون بەڵکو ئەو حزبەی لەگەڵیشمان حوکمڕانە، لە پێناووی دژایەتی کردنی پارتی، لایەنگیری هەموو ئەو هێزو حکومەتانەش دەکەن کە دژایەتی بەرژەوەندی گەلی کوردستانیش دەکەن، بۆیە دڵنیابن ئەمانە ناتوانن حکومڕانیەتیەکی باش بکەن، چونکە خاوەن هیچ روئیاو بەرنامەو ستراتیژێک نین بۆ گەلی کوردستان، جگەلە دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت.


PM:04:06:07/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 3021 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی