پەرلەمان و رۆڵی سیاسی

‌فەرحان جەوهەر

هەرلە سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان تا بە ئێستاش دەگات، نە یتوانیوە رۆڵی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە سیاسیەكان بگێڕێت، سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە هە موو لایەنەكان، تەنها رۆڵی یاساییان بە پەرلەمان سپاردووە، هۆكاری ئەم دۆخەی پەرلەمانی ئێمە دە گەڕێتەوە بۆ هەبوون و كارا بوونی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی، راستە سەركردایەتی سیاسی بە شێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی لە شەرعیەتی شۆڕشگێری داوەتە شەرعیەتی یاسایی و دەستوری، بەڵام رۆڵە سیاسیەكەی هێشتا لای خۆی گلداوەتەوەو نەیداوە بە پەرلەمان، بەڵگەشمان ئەوەیە كە هێشتا بەشێكی زۆری ئەو سەركردانەی خاوەنی شەرعیەتی شۆڕشگێرین، رۆلێكی سیاسی لە دەرەوەی ئەو دامەزراوەیە دەبینن و خۆیان بڕیارە سیاسیە گرنگەكان دەدەن، تا ئەو كاتەی ئەو سەركردانە لە دەرەوەی پەرلەمان رۆڵی سیاسی دەگێڕن و ناهێنە ناو پەرلەمان، پەرلەمان بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت رۆڵێكی سیاسی بگێڕێت.

بۆیە پەرلەمان نەیتوانی چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، چونكە پرسەكە وێڕای رەهەندی یاسایی رەهندی سیاسیشی هەیە، پەرلەمان بەتایبەتی سەرۆكایەتیەكەی حەق بوو ئەو راستییەی بزانیبا یان دەیزانی و خۆی لێ‌ نەبان نەكردبایە، كە ئەوان ناتوانن بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ مەرجەعیەتی سیاسی خۆیان بڕیار لە پرسێكی وەها بدەن، چونكە لە پشت هەرسێ‌ ئەندامی سەرۆكایەتی پەرلەمان، خەڵكێكی زۆر بە دەسەڵات ترو دەست رۆیشتوو تر هەیە كە بە بڕیاری ئەوان ئەم هەرسێ‌ كەسانە وەك سەرۆك و جێگرو سكرتێری پەرلەمان دانراون، نەك بە تواناو پێگەی خۆیان، ئەگەر بە دەنگی خەڵكیش بوایە، زۆرێك لە ئەندامانی تری پەرلەمان لە لیستەكانی خۆشیان زیاتر لەوان دەنگی خەڵكیان هێناوە. ئەگەر بە بڕیاری حزب نەبوایە، هەرگیز ئەمانەی ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن ، بە هەرسێ‌ لایەنەكەوە نەدەبوونە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

بۆیە لە دۆخێكی سیاسی وەك ئێمەدا كە سەركردە دەست رۆیشتووەكانی ناو هەموو حزبەكان كە خاوەنی خەباتی چەكدارین و لە پاڵیشیدا بوونەتە خاوەنی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و نا هێنە ناو پەرلەمان و دەست بەرداری سیاسەتیش نابن، پەرلەمان ناتوانێت رۆڵە سیاسیەكەی بگێڕێت، بۆیە هەموو ئەندامانی پەرلەمان بە شێوەیەك لە شێوەكان یەكەم جار نوێنەری حزبە كانیان ئینجا بە پلەی دوو نوێنەری خەڵكن، بۆیە دەبینین لە سەرەتا پەرلەمان بۆ ماوەیەك نمایشێكی سیاسی هەر بە ئیعازی حزبەكانی خۆیان دەكات و دەیەوێت خۆی وا نیشان بدات كە دەتوانێت لە پاڵ رۆڵی یاسایی رۆڵی سیاسیش بگێڕێت، بەڵام هەر زوو فەشەلی هێناو دیسان گەڕاینەوە بۆ مەكتەب سیاسیەكان بۆ چارەسەری پرسەكە، پەرلەمان بە هەموو لایەنەكانەوە هیچ كارەكتەرێكی دەست رۆیشتووی ناو كایەی سیاسی تێدا نییەو ناتوانن بەبێ‌ گەڕانەوەی رۆژانە بۆ مەكتەبی سیاسی حزبەكانیان هیچ بڕیارێك بدەن، ئەوەی لە هەموو ی كارەسات تر ئەوەیە كەسایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتار بۆتە جێگای رەخنەی بەشێكی زۆری خەڵك، لەبەرئەوەی هێشتا سیاسیەكانی دەرەوەی پەرلەمان، زۆر مەسئولانە ترلە هەندێك پەرلەمانتارقسە دەكەن، هەندێك لە پەرلەمانتاران جگە لە جنێو تاكو ئێستا رۆڵێكیان نە بۆ خەڵك و نە بۆ حزبەكەشیان نەگێڕاوە، پەرلەمانتار هەیە بەرلەوەی وەڵامی پرسیارەكەی بۆ بیێتەوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاوی دەكاتەوە، لە بڕی كاركردن بۆ خەڵك، رۆڵی خۆ بە پاڵەوان كردن دەبینێت.

ئەوەی دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆز كرد، پەرلەمان بوو، چونكە خۆی لە قەرەی پرسێكی مەزنداو توانای چارەسەركردنیشی نەبوو، كورد گووتەنی: بەردێكی مەزنی هەڵگرتبوو بۆیە نەیتوانی بیهاوێژێت، جا بۆ ئەوەی پەرلەمان لەرۆڵی راستەقینەی خۆی تێبگات بۆ ئەم قۆناخە و سەریش لە خەڵك نە شێوێنێت، تەنها رۆڵە یاساییەكەیەتی، هەركاتێكیش سەرۆك و مەكتەب سیاسیەكان بوونە ئەندامی پەرلەمان، ئەو كاتە دەتوانیین بڵێین: بەڵی پەرلەمان چارەسەری سیاسیشی دەكات، بۆیە لە پێناوی ئەوەی چیتر دۆخەكە لەوە ئاڵۆزتر نەبێت، با هەر كەسێكمان بە قەد بەڕەی خۆمان پێ‌ درێژ بكەین.




PM:05:57:15/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 2945 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی