نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەت

‌سيروان رەشيد

سڵاو رێز..
من وەک هاونیشتیمانییەکی ئەم هەرێمە.. لە دوێنێ وە هەست بە ئیهانەیەکی گەورە دەکەم کاتێک بیستم باوکی ئەو کیژۆڵە (٨) ساڵانەیەی شاری هەولێر کە چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە لایەن گروپێک کەسەوە کە بەحساب وەلائیان بۆ حیزبەکەی بەرێزتان هەیەو دوای لاقەکردنی بەزۆری مناڵە هەشت ساڵانەکە، چەند رۆژێکە، تاوانباران ئازاد کراون.

ئەم هەواڵە بەرادەیەک نارەحەتی کردووم هەست دەکەم ئەو تاوانە بەرامبەر من و هەموو خەڵکی کوردستان کراوە..

بەرێز سەرۆک وەزیران؛ هەرچەندە ئەمڕۆ پۆلیسی هەولێر رونکردنەوەی بڵاوکردەوە کە هەواڵەکە ناراستە، بەڵام دام و دەزگای ئەمنی ئەم وڵاتەی ئێمە متمانەی لای خەڵک بەهێز نیە، بۆیە ئەگەر جەنابتان بەخەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی خەڵکەوەیت، تکایە خۆت راستەوخۆ وەرە سەر خەت و بە بەڵگەو دۆکیۆمێنتی ڤیدیۆیی بۆ رایگشتی بسەلمێنە کە تاوانباران ئازاد نەکراون!.

بەرێز کاک مەسرور بارزانی.. تەنانەت حیزبێکی گەورەی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ لە بەلاغی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیەکەیدا باسی ئەم حاڵەتە دەکات..

ئایا جەنابت دەزانی ئەگەر هەواڵەکە راستبێ و تاوانباران ئازاد کرابن، ئەم سکانداڵە دەبێتە خاڵێکی رەش لە راپۆرتی رەوشی مافەکانی مرۆڤی ئەمساڵی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەمەش بۆ سومعەی هەرێم و لە پێشەوەش بۆ ئەو کابینەیەی کە جەنابت لە کارنامەکەتدا جەختت لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان کردۆتەوە، نەنگی و  حەیاچونێکی گەورەیە..

تەمەننام ئەوەیە؛ هەواڵی ئازادکردنی تاوانباران ناراست بێت.


PM:07:40:21/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 1804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی