کۆمەڵ و یەکگرتوو..گۆڕان لەخۆتان مەڕەنجێنن!

‌سيروان رەشيد


ئەو حەملەیەی کۆمەڵ و یەکگرتوو لەدژی گۆڕان لە پەیوەست بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کارێکی کورتبینانەیەو خەرمانی نزیک بە ۱٠ ساڵ کاری پێکەوەی دەسوتێنێت.

یەک: ساڵی ۲٠٠٥ بە دەنگی پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتووش یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە پەرلەمان تێپەرێنراوە بۆ هەڵبژاردنی بارزانی بەسەرۆکی هەرێم بە کاملی دەسەڵاتەوە.

دوو: ساڵی ۲٠٠۹ بە دەنگی کۆمەڵ و یەکگرتووش یاسای سەرۆکایەتی هەموار کرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵک واتە سیستمەکە تەواو کرا بە سەرۆکایەتی.

سێ: بەدەنگی پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتووش لە ۲۲ی ٦ی ۲٠٠۹ بڕیار لە پرۆژەی دەستوری هەرێم دراو بڕیاریش درا لە ۲٥ی ۷ی ۲٠٠۹ دەستورەکە راپرسی بۆ بکرێت. کە ئەگەر ئەوکاتە دەستورەکە تێبپەرێنرایە ئێستا بەدەستور دیکتاتۆرێکمان بۆ سەرۆکی هەرێم دەبوو.

چوار: لە گەرمەی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم لە ۲٠۱٥ دا گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو بۆ ئەوەی قەیرانەکە چارەسەر ببێت پارتییان سەر پشککرد لە رازیبون بە بە یەکێک لەم دوو ئۆپشنە:

یەک: سەرۆک لە ناو خەڵک هەڵبژێردرێت بە دەسەڵاتی تەشریفاتی .

دوو: سەرۆک لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت بە مانەوەی دەسەڵاتەکانی وەک خۆی.

کەسەرەنجام ئەو کاتە پارتی هیچیانی قبوڵنەکردوو قەیرانەکە بە داخستنی پەرلەمان قوڵتربۆوە.
(تێبینی بکەن ئەوکات یەکگرتوو و کۆمەڵ لەگەڵ گۆران ئەمەخواستیان بوە).

سیستمی پەرلەمانی دوو کۆڵەکەی هەیە:

یەک: سەرۆک لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت
دوو: دەسەڵاتەکانی سنوردارو تەشریفاتی و رەمزی بێت

ئێستا ئەوەی بەدەستهاتووە تەنها یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیستمی پەرەلەمانی چەسپیوەو کۆڵەکەیەکی تری گرنگی ماوە.
ئەم هەنگاوەو گرنگەو بەری رەنج و خەباتی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووە لە دوای ۲٠٠۹ وە.

یەکگرتوو و کۆمەڵ و گۆڕان زۆر کاری گەورەیان کردوە بە هاوبەشی. ئەڵبەتە لە داهاتوشدا زۆر کاری گەورە هەیە هەر دەبێ ئەو سێ لایەنە بەیەکەوە شان بدەنە ژێر باری. 

بۆیە بەردەوام بون لەسەر ئەو هێرشانە بۆسەر گۆڕان زیانی گەورە بە جەبهەی چاکسازیخواز دەگەیەنێت.


PM:09:19:04/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی