سنورداشکردن لای پارتی درێژەی هەیە

‌پەروا علی

لە ڕۆژی ٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٦ سەعات ٩ ی بەیانی ٦ کەس لە ئاسایشی گشتی هەولێر بەبی هیچ پاساوێکی یاسای ، هەڵدەکوتنە سەر ڕێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد، ئەم ڕێکخراوە لە ئازاری ٢٠١٤ دامەزراوە و بەفەرمی لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و مۆڵەتی وەرگرتووە. ئامانجی ئەم ڕێکخراوە کار کردنە بەمەبستی یەکخستنی گوتاری ژنانی هەرچوارپارچەی کوردستان و ژنانی کوردە لە دەرەوەی کوردستان.

ئەو هێزەی ئاسایش دەست دەگرێ بەسەر پاسپۆرت و ناسنامە و تەلەفۆنی ستافەکە تا نەتوانن پەیوەندی بە هیچ لایەن و کەسێکەوە بکەن، پاشان هەر بە ئۆتومبیلی خۆیان تا ئەودیو بازگەی پردێ دوریان دەخەنەوە،  پێیان دەوترێت لە کوێوە هاتون بڕۆنەوە بۆ ئەوێ و جارێکی دی بۆتان نیە بێنەوە ناو خاکی هەولێر!!!!!

پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە خاوەنیلە زاخۆوە تا دێگەڵە و پردێ دەزانێت ، بەڕویەکیدا پارتی پێی هەزم ناکرێت هیچ حیزب و ڕێکخراو و گروپێک کە هەمان سیاسەتی خۆی نیە و لەژێر ڕکێفی ئەودا کار ناکەن ، واتە دەستەمۆ نەبون، بە هەر شێوازێک بێت پێویستە دوربخرێنەوە، بۆئەم مەبەستەش پەنا بۆ هێز دەبات نەک گفتوگۆ و ئاگادار کردنەوە و ،،،،،

هەر هێز و لایەنێک پێچەوانەی با  ی ئەوان شەن بکەن  پێویستە بەرەو دەڤەری سلێمانی دەرکرێن واتە زۆنگی نیللی و سەوز ، کەواتە کارکردن بە مەنتقی یا لەگەڵ منی یا دوژمنی .

بەڕویەکی تردا بە ئاشکرا دانپیانانە بە بونی دیموکراسی لەمبەر دێگەڵەوە کە ئەوان هەزمی ناکەن، وە خۆیان بە خاوەنی ئەم بەر دێگەڵە نازانن و ئیرادەی قبوڵکردنی جیاوازی حیزب و گروپ و تەنانەت تاکیشیان نیە.

پارتی بەم شێوازە ڕفتارەی کەبۆتە دیاردە و چەند ساڵێکە بەردەوامە لەسەری، لەپێشدا ڕەت کردنەوەی خۆیەتی،  و خزمەت نەبە خۆی وەک حیزب  و نە بە پرۆسەی دیموکراتی دەکات لە باشوری کوردستان. سنورێکی بەدەوری خۆێدا داناوە بەتایبەت بەرەو سلێمانی و ڕۆژئاوا. هەرکەس و لایەنێکیان بەدڵ نەبێت ڕێگریان لیدەکات و سنورداشیان دەکات، وەک ڕێگرتن لە کۆسرەت ڕەسول بەرەو هەولێر، نوێنەری ڕۆژئاوا و پارێزگاری سلێمانی بەرەو رۆژئاوا، دەستگیر کردن و ڕەدونانی چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن و میدیاکاران . جگە لە سیاسیەکان پێش دو ساڵ بە هەمان دەستور ڕێکخراوی ڕژاکی داخست لە کاتێکدا مۆڵەتی فەرمییان هەبوو.

لە هەموی قێزەونتر ئەو کودەتایە بو کە لە ١٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥  ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کرد بچێتە شاری هەولێر، ئەوکات من بۆخۆم یەکێک بوم لەو پەرلەمانتارانەی کە یاوەری سەرۆکی پەرلەمان بوین ، ئەو هێزەی  لە دواین بازگەی نزیک پردێ دانرابو، گەر بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ئەبوبەکر بەغدادیش بوایە  هەر ئەوەندە هێز دەهێنرا. پارتی هەر ئەو کاتە سنوری دەستکردی لە نێوان پارچەیەکی کوردستاندا دانا ئیتر چۆن دەتوانێت کار بۆ سڕینەوەی سنورەکان بکات!.

دانانی سنور بۆ سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران، سیاسیەکان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان مۆدێلێکی نوێی سنورداشکردنە کە هەر لە پارتی دەوەشێتەوە،،

لە باشور بەتایبەت لە دەڤەری زەرد، لە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی داین، بەرەو ریفراندۆم هەنگاو دەنێین، خۆمان و دنیامان سەرقاڵ کردوە بەوەی لەخەمی گەورەی نەتەوەی کورد داین و دەبێ تا زووە ئەم دەوڵەتە ڕابگەیەنین،( لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتی کوردی ئاواتی هەمو کوردێکە لە هەر شوێنێک بن لەم جیهانەدا). سەربەخۆبون پرسێکی نەتەوەیی گرنگەو پلان و کۆششی دەوێت ، پێویستی بەوەیە هەلومەرجی گونجاوی بۆ بڕەخسێت،  ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان و بیروڕای جیاوازی بەرامبەرەکان قبوڵ بکەین.  نەک ئیدیعای سڕینەوەی سنور و دانانی سنورێکی نوێ

بۆیە ئەمشێوازە لە دانانی سنور و سنورداشکردنی دەنگە ئازادەکان پەڵەیەکی ڕەشی گەورەیە بە ناوچەوانی مێژووی پارتیەوە، ئەگەر هەڵوەستەی لەسەر نەکات بەرەو هەڵدێری دەبات.


PM:08:19:09/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 4853 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی