هەموو رێگاكان بەرەو بەغدا دەچن ‌

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

تا ساڵی 2011 كێشەیەكی وامان لەگەڵ بەغدادا نەبوو شیاوی چارەسەركردن نەبێ. بوونی تاڵەبانی لە بەغدا رۆڵێكی دیاری لە دابین كردنی كەرەستەی پێویست بۆ بەردەوامبونی پەیوەندییەكە هەبوو.
 
لە ساڵی 2011 بەدواوە ململانێی نێوان بارزانی و مالكی گەیشتە ئاستێك كە چیتر نەدەشاردرایەوە. هاوكات پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی هەولێر –توركیا و بەهێزبوونی بەكارهێنانی كارتی نەوت لە بازرگانیدا لەگەڵ توركیا، هیچ بوارێكی بۆ بەردەوامبوونی ستراتیجی سازان لەگەڵ ناوەنددا نەهێشت و كارێكی وای كرد ستراتیجی قەیران لەگەڵ ناوەنددا بێتە ئاراوە. 

لەبەرەنجامدا دوو فاكتەر بوونە مایەی هەڵتەكاندنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا. یەكێكیان هەوڵی لەكارخستنی مالكییە لەڕێی دروست كردنی هاوپەیمانییەكی سێقۆڵییەوە لەنێوان بارزانی و ئەیاد عەللاوی و موقتەدا سەدردا. ئەوی دیكە هەناردەكردنی نەوتە بۆ دەرەوە لەڕێی توركیاوە بەبێ هیچ هەماهەنگییەك لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ.

هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكە هیچ ئەنجامێكی بەدەست نەهێنا و لەكۆتاییدا هەولێر كاری نەوتی لەدژی بەغدا بەكارهێنا، بەغداش كارتی بڕینی بودجە. بەتێكدانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدادا، هەرێم ناچار بوو پشت ئەستورتر بن بەتوركیا و كار گەیشتە ئەو رادەیەی كە هەرێم سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی خۆی لەگەڵ ئاراستەكانی سیاسەتی ئەنكەرەدا گونجاند، بەتایبەتی سەبارەت بە قەیرانی سوریا، پەیوەندی لەگەڵ پەیەدە، ناردنە دەرەوەی نەوت، پەیوەندی لەگەڵ سوننەكانی عیراقدا هەڵوێست بەرامبەر بە پەكەكە و كوردی باكوور و حكومەتی مالكی.

ئەم سیاسەتە كوردستانی تووشی ململانێی شیعە - سوننە كرد و وای لە هەولێر كرد پشتیگیریی هەموو نەیارانی مالكی بكا بەبێ بیركردنەوە لە ئاراستە و نیاز و بۆچونەكانیان هەم لە ناو وڵات هەم لەدەرەوە.
ئەم سیاسەتە بووە مایەی ئەوەی هەرێم پشكی 17%خۆی لەبودجەی عیراق لەدەست بدا. لەناوخۆشدا ستراتیجی راكێشانی كۆمپانیا گەورەكانی نەوت و وەبەرهێنانی بیانیی نابەرهەمهێن، بەهۆی پلانە كۆنترۆڵكراوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە ئامانجی خوازراوەیان بەدەست نەهێنا و لەكۆتاییدا دەركەوت كە سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووری كە بانگەشەیەكی زۆری بۆ كرا، سیاسەتێكی كارەساتبارەو زۆرتر لەئەزموونە ئابوورییە شكستخواردووەكانی جەزایری سەردەمی هەواری بوومیدیەن و چینی ماوتسی تۆنگ دەچێ كە بوونە هۆی ئەوەی چین و جەزایر لانی كەم بیست ساڵ بۆ دواوە بگەڕێنەوە.

كوردستان لەسەردەمی ستراتیجی سازان لەگەڵ ناوەنددا ساڵانە پشكی 17% ی خۆی لەبودجەی عیراق وەرگرتوە بەبێ ئەوەی یەك فلس قەرزاری كەس بێ و بەبێ ئەوەی مووچەی كارمەندەكانی بۆ یەك رۆژ دوا بكەوێ. لەسەردەمی ستراتیجی قەیران كوردستان لەگەڵ ناوەنددا كوردستان پشكی 17%ی خۆی لەبودجەی عیراق لەدەستداوەو ئەوەندە قەرزارە كە حكومەتەكەی لەڕووی نایە قەوارەی قەرزەكان ئاشكرا بكات (كە لە كەمترین مەزەندەكاریدا لە 15 ملیار دۆلار كەمتر نییە)و كارمەندەكانیشی 3-4 مانگ جارێك موچە وەردەگرن و ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی دابەزیوەتە ئاستی 5% جاران.

ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كە ستراتیجی قەیران لەگڵ ناوەنددا، بەو چەشنەی كە پەیڕەوی لێ كراوە، ستراتجێكی كارەسەتبار و قەیرانزا بووە. هیچ رێگەیەك جگە لەوازهێنان لەم ستراتیجە نییە. هەموو رێگاكان بەرەو بەغدا دەچن. هەرچەند مەسەلەكە نەختێك قورس دەكەوێ و لەگەڵ فیزی نەتەوەییدا رێك نایەتەوە، بەڵام ژیان لەنیوەی بگەڕێتەوە، باشترە لەمایەپوچی و قەرزو قۆڵەو بێ مووچەیی و بێ خزمەتگوزاری.

كوردستانى نوىَ



PM:03:16:19/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 3032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی