ئا ئەمەیە کەرتی تایبەت، دەبێ قبوڵت بێ!

‌کەمال چۆمانی


حکومەتی هەرێم لەدوای ٢٠٠٣ەوە ئەوەندەی توانیبێتی کەرتە گشتییەکانی بەتایبەت کردون. قۆناغ بە قۆناغیش خوێندنی باڵا و پەروەردە و تەندروستیی وێران کردون بۆ ئەوەی وڵاتییان بەناچاریی بەتایبەتکردنی خوێندنی باڵا و پەروەردە و تەندروستییان قبوڵ بێت.

یەک حیزبی حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت شیوعیش، دژایەتیی ئەو سیاسەتەی حکومەتی هەرێمیان نەکردوە. میدیا و ئەکادیمیا و "رۆشنبیر"انیش، بەشێکیان بە هۆی سودمەندبونیان لەو سیستەمە، بەشێکیان بە هۆی لیبراڵبونیان و بەشێکیشیان بە هۆی تێنەگەیشتنیان و بەشێکیشیان بە هۆی لوتبەرزییان کە پێیان وایە تەنها قسەکردن لەسەر ئەلبێرت کامۆ و شیعری مۆدێرن و رۆمان و ئازادیی ئیشی ئەوانە، نەیانتوانیوە ئەو سیاسەتەی حکومەتی هەرێم رەخنەبکەن، یان دەنگی دژ هەڵبڕن.

سەرمایەداریی و بازاڕی ئازاد و نیۆلیبرالیزم شتێک نین کوردستان خۆیان لێ لابدات، یان بتوانێ دژایەتییان بکا، بەڵام هەندێک کەرت هەن، وەک خوێندن و تەندروستیی، دەبێ هێڵی سور بن. بەتایبەتییش سیستەمی کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازادی کوردستان کە نە کەرتی تایبەتە و نە بازاڕی ئازادە، بەڵکو کەرتی ئازاد و تایبەت حیزبەکانە، لەناویشیاندا هی دو بنەماڵە و کۆمپانیاکانیان.

خوێندن و تەندروستیی تایبەت بەو جۆرەی لە کوردستان هەیە پێویستی بەوەیە نەک هەر دژایەتیی بکرێت، بەڵکو مانگرتن و خۆپیشاندانی توندی دژ بکرێت.

خوێندن و تەندروستیی گشتیی مافی یونیڤێرساڵن/مافی گەردونیین و دەبێت چۆن هەوا هەڵمژین بۆ هەموان وەک یەک بێ، ئاواش ئەو دوانە وەک یەک بێ، لای کەم بۆ زۆربەی خەڵک کە ناتوانێت خوێندن و تەندروستیی تایبەت بەدەستبێنێت کە سەدا نەوەدی کوردستانە.

تۆی وڵاتیی و سیاسەتمەدار و رۆژنامەنوس و ئەکادیمیی و "رۆشنبیر" تەنها ئەو کاتانە خەبەرتان دەبێتەوە کە دەبینن یەک شەو مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت ملیۆن و نیوێک دینارە. بەڵێ، ئەو ملیۆن و نیو دینارە لە چوارچێوەی ئەو سیاسەت و قانونانەیە کە حکومەتی هەرێم دەریکردون و تاوانی ئەوان نییە. یان نابێ کۆی سیستەمەکەت قبوڵ بێت، یان دەبێت ئەمەت قبوڵ بێ، بەڵکو خراپتریشت قبوڵ بێ لە داهاتودا کە کەرتی تەندروستیی و خوێندن هێندەی دی وێرانتر دەکرێن بۆ ئەوەی بەتەواوی بەتایبەتکردن/بەئەهلیکردنی تەندروستیی و خوێندن بەسەر خەڵکدا بسەپێنن.


AM:10:39:11/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 1340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی