‌عیراق، دووانەی سوپا و حەشدی شەعبی
AM:10:49:25/08/2019
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەگەرچی سوپای عیراقی لە 6 كانونی 1921 دامەزرا، سەرەتا لەلایەن زۆرێك لە ئەفسەرەكانی پێشووی سوپای عوسمانی بە سەرەتایەكی هاوسەنگ و پیشەیی باش كە هەموو پێكهاتەكانی عیراقی تێدا بوو بە تایبەتی بەشێكی باش لە فەرماندە و سەركردەكانی لە ئەفسەرە كوردەكانی وەكو جەعفەر پاشا عەسكەری و بەكر سدقی و زۆری تریش، دواتریش یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ‌ لە عیراقدا پیادەكرا. بەڵام لەدوای كودەتای دووەمی بەعسییەكان لە 17 تەموزی 1968، ئەو سوپایە لە پرەنسیپە سەرەتاییەكانی خۆی لایدا و مۆنۆپۆڵكرا بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو و حزبی بەعس بەتایبەتی، تا لەلایەن پۆل بریمەری حاكمی ئیداری ئەمریكا لەعیراق، لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی عیراقەوە ئەو سوپایەی هەڵوەشاندەوە.

دواتر سەرلەنوێ‌ سوپایەكی تازە بۆ عیراق دروستكرا لە هەموو پێكهاتەكان و یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ‌ (ئیجباری) هەڵوەشایەوە، بەڵام ئێستاش هاوسەنگیی تێكچۆتەوە لە سوپای نوێی عیراقدا ئەو یاسایەی كە بۆی دەركراوە بەتەواوەتی جێبەجێ‌ نەكرا، ئەوەش ئاكامەكەی بوو كە 2014 نەیتوانی خۆی بگرێت بەرامبەر پەلاماری داعش.

هەر لە ئاكامی ئەو هەرەسە گەورەیەی سوپای عیراق، مەرجەعیەتی باڵای شیعەی عیراقی هێنایە دەنگ، كە خۆی لە سەید سیستانی-دا دەبینێتەوە ‌و وایكرد بانگەواز و فەتوای نەفیری گشتی بدات و حەشدی شەعبی پێكبهێنن بۆ پاراستنی مەزارە پیرۆزەكانی شیعە و پاراستنی حكومەتی عیراق كە شیعە سەركردایەتی دەكرد، لە شاڵاوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام.

هەربۆیە هەموو لایەن و حزبە شیعەكانی عیراق لە دوای فەتواكەی سەید سیستانی كەوتنە خۆیان و هەریەكە بۆخۆی هێزێكی چەكداری دروستكرد، كە دوایی بووە ناوكی حەشدی شەعبی، دواتر حەشدی شەعبی بە خێرایی گەشەی كرد و بووە ژمارەیەكی قورس لە هاوكێشەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی عیراقدا، تەنانەت جێی بەهێزە ئەمنییەكانیش لێژ كرد و پێگەی ئەوانیشی پڕكردەوە، بە سوپای عیراقیشەوە و بوو بەخاوەنی زەبەلاحترین بودجە و سەرەڕای بایكۆتی هێزە سوننیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران ، یاسای بۆ دەركرا و بوو بە بەشێك لە سیستمی بەرگری عیراق.

لە دوای پێنج ساڵ، ئێستا حەشدی شەعبی هێزێكی گەورەیە و تەنانەت لە دوا هەڵبژاردنی عیراقدا لە 30 حوزەیرانی 2018، بەشداری ئەو پڕۆسەیەیان كرد و لەهێزێكی سەربازییەوە بوونە هێزێكی سیاسیش، كە بەشداریی لە حوكمڕانی عیراقدا بكەن و نەخش و ئەجیندای خۆیان هەبێت بۆ ئایندەی عیراق.

لەهەمان كاتیشدا حەشدی شەعبی هەر بەهێزی سەربازی و سیاسییەوە نەوەستاوە، بەڵكو بەكردنەوەی دەیان و سەدان نووسینگەی ئابووری زۆر لە ناوچە ئازادكراوەكانی بندەستی داعش، ئێستا بۆتە خاوەن و هاوبەشی هەموو پڕۆژە بازرگانی و وەبەرهێنانەكان لەو ناوچانەدا، كە ئەمەش سەرچاوەیەكی گەورەی داهات و كۆكردنەوەی سەرمایەیە بۆ حەشدی شەعبی.

ئێستا كە بنكە و بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەچەند شوێنێكی جیادا كەوتوونەتە بەر هێرشی فڕۆكەی نەناسراو، بەتایبەتی سەربازگەی سقور لە باشووری بەغدا و سەربازگەی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین كە چەك و جبەخانەكانیان بە ئامانج گیراوە و زیانی زۆریان بەركەوتووە، كە هەندێك ئیسرائیل و هەندێكی دی ئەمریكا بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەكەن، لەناو حەشدی شەعبی و بە تایبەتی چەند كەسایەتییەكی شیعە لە تاقمەكەی نوجەبا، سوپای عیراق بە بەكرێگیراوی ئەمریكا وەسف بكەن و داخوازی ئەوە بكەن كە سوپای عیراق هەڵبوەشێنرێتەوە و حەشدی شەعبی جێگەی بگرێتەوە و هەندێكی تریان بڵێن ئەو سوپایەی كە بریمەر دروستی كردووە، خێری بۆ عیراق نابێت.

هەرچەندە هەندێك لەلایەنە شیعەكان و لایەنە عیراقییەكان بەتەمای ئەوە بوون كە سەید سیستانی لە دوای تەواوبوونی شەڕی تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی داعش فەتوای هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی بدات، وەكو دەیانوت ئەو فەتوایەی ناوبراو بۆ حاڵەتێك و دۆخێكی تایبەت و مەترسییەك دراوە و ئێستا ئەو مەترسییە نەماوە و پاساو بۆ مانەوەی حەشدی شەعبیش نەماوە، بەڵام عادل عەبدولمهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ئیتیحادی عیراق بڕیاری تێكهەڵكێشكردنی حەشدی بە سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عیراق دا تاوەكوە 31 مانگی تەموزی 2019 رابردوو، بەڵام پێناچێت ئەو بڕیارە بەئاسانی جێبەجێ‌ بكرێت.

ئەمانە و جگە لە گلەیی و گازندە و رەخنەی توندی هێزە سوننیەكان كە باس لە پێشێلكاریی گەورە دەكەن لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەكانیان و لەهەمان كاتدا گومانی گەورەیان لە قەبارەی هێزەكە هەیە، كە دەڵێن بەلیستی مووچەكانیان بێت 150 هەزار كەسن، بەڵام خۆیان لەڕاستیدا 60 هەزار كەسن.

ماوەتەوە بڵێین، لە عیراقی نوێی ئیتیحادی و دیموكراسی، دروستكردنی هێزی چەكدار لەسەر بنەمای تائیفی و ئتنیكی لە چ یاسا و دەستوورێكدا جێی دەبێتەوە؟ یان بۆمێیكی سامناكە هەركات بخوازن دەتەقێتەوە؟


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.