ژانى لە دایکبوونى کابینەى نۆیەم

‌بورهان شێخ ڕەئوف



ئەگەرچى سیستمى حوکمڕانى لە عێراق و هەرێمى کوردستانیش  دیموکراسیە و پەرلەمانیەو لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 1992 ەوە یەکەم هەڵبژاردن کراوەو ئەوکات ئەنجومەنى نیشتمانى کوردستان  پێکهێنر او  دواتر ناوەکەى  گۆڕا بۆ پەرلەمانى کوردستان و یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان  دامەزرا و لە عێراقیش لە دواى ساڵى 2003 ەوە و دواتریش دواى نووسینى دەستوورى عێراق و ڕاپرسى خەڵک (2005 ) سیستمى دیموکراسى لە عێراق جێگیر کرا 

ئەوەى جێگەى تێبینى و هەڵوەستە لە سەر کردنە هەموو جار لە دواى هەڵبژاردنەکان بە ئاسانى هەرچەندە لە عێراقدا دەستووریش هەیە بەڵام لە هەرێمى کوردستان دەستوورمان  نیە حکومەت و کابینەى وەزارى بە ئاسانى و لەوادەى یاسایى دیاریکراوى خۆیدا نایەتە ڕاگەیاندن .

دەستوورو حکومەت 

ڕاستە ساڵانێکە ڕەشنووسى دەستوورى هەرێم نووسراوە و بەڵام لە بەر چەند هۆکارێک  نەبوونى کۆدەنگى نیشتمانى لەسەرى هەنگاوە یاسایى و دەستووریەکانى خۆى نەبڕیوو تاوەکو ببێتە دەستورى فەرمى هەرێم و زۆر بۆشایى پڕ بکاتەوە   کە پێدەچێت بەربەسستى گەورەى  بەردەم پێکنەهێنانى کابینەى وەزارى ئەم دەستوورە بێت کە لایەنە سیاسیەکان ناچار بکات لە وادەى یاسایى خۆیدا ڕێکبکەون و کابینە ڕابگەینن و بوارى مانۆڕو سەپاندنى هەژموون و بەرژەوەندى حزبێک نەهێڵێت بەسەر لایەن و حزبەکانى تردا ئەوەى ئێستا دەبینرێت هێشتنەوەى دانیشتنى  یەکەمى خوولى ى نوێ ى پەرلەمان بە کراوەیى بە بێ دیاریکردنى ماوەیەکى دیاریکرا و هیچ مانا و پاساوێکى یاسای وسیاسى تەنانەت نیشتمانیشى نیە لە کاتێکدا کوردستان و عێراق و ناوچەکە لە بارو دۆخێکى هەستیار و تەمومژاوى و ڕوو لە گرژیە .
ئەگەرچى کۆبوونەوەى هەردوو هێزى یەکەم و دووەم  و سێ یەمیش کراوە و بڕیارى کۆبوونەوەى تر و پێکهێنانى لیژنە دراوە بۆ وتوێژو دان وسان بۆ بەشکردنى پۆستەکان و وەزارەتەکان  لە هەرێم  بەڵام هەنگاوەکان خاوو لە ئاست پێداویستى و گۆڕانکارییەکانى بارودۆخەکەدا نین بە گشتى .
ئەوەى گرنگە ئەمجارە هەرێمى کوردستان لە شەڕى تیرۆر دەربازى بووە پەیوەندییەکان لە گەڵ بەغداد بەرەو ئاساییبوونەوەدا دەچن نرخى نەوت لەجاران زۆر بەرزترە بۆیە خەڵکى هەرێم چاوەڕوانى حکومەتێکە بە ڕووخسارى نوێ و کارئەکتەرى  نوێ و بیرى نوێ و خواست و ئیرادەى پۆڵایین بۆ دەربازکردنى هەرێم لە قەیران و کێشە بەردەوامەکانى و  نەبوونى خزمەتگوزارى  و مووچەو کاراکردنى کەرتى کشتوکاڵ و بنیاتنانى بەنداو پرۆژەى گەورەى کارەبا نەوەکو کڕینى کارەبا لە دراوسێکان تاوەکو بازاڕەکان جموجووڵ و زیندوویەتى بۆ بگەڕێتەوە .
لەوانەش گرنگتر  بە گژاچوونەوەى  پەتاى گەندەڵى و ڕیشەکێشکردنى  چونکە گەندەڵى لە تیرۆر سامناکترە .


PM:04:56:23/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 1240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی