سیاسەتی ئەمریکا دەگۆڕێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوین ؟

‌بورهان شێخ ڕەئوف

ئەگەرچی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین تا ڕادەیەکی زۆر جێگیرەو لە سەر چوار ئامانجی سەرەکی بنیات نراوە ئیتر ھەر سەرۆکێک لە کۆشکی سپی نیشتەجێ  بێت پابەندە بەو ئامانجانەوە جا ئیتر لە پارتی کۆماری بێت یان دیموکراتی ئامانجەکانیش ئەمانەن :-


١.    ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی توندڕەوی .

٢.    بەرگرتن بە ھەژموونی ئێران لەناوچەکەدا.

٣.    کارکردن بۆ بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوتی خاو.

٤.    بەرگری و پاراستنی  دەوڵەتی ئیسرائیل.

لە دوای بڕیارەکەی یان ڕاستتر تویتەکەی  سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە ١٩/١٢/٢٠١٨ بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا شەپۆلێکی زۆر ی نیگەرانی و ناڕەزایەتی لێکەوەتەوە کە وەکو گێژەڵوکەیەک  وابوو  یارو نەیارەکانی ئەمریکای گرتەوە چ بە دەست لەکار کێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا(جیمس ماتیس ) و ھەروەھا ژەنراڵی خانەنشین جون کیلی سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی و برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەمە لەلایەکەوە .

لەلایەکی ترەوەباس لەوە دەکرێت کە سەرۆک ترەمپ نیازی کێشانەوەی ھەزاران سەربازی ئەمریکای ھەیە  لە ئەفغانستان ھەروەھا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە تورکیا سەرکردایەتی شەڕی لە ناوبردنی داعش بکات ( ئەمە بەڕاستی جێگەی پێکەنین و لاقرتیە کە میدیاکانی  تورکیا خۆیان بە گومان بوون لە پەیوەندی تورکیا و ئەو گروپانە) ھەروەھا  ترەمپ وتوویەتی دەکرێت ڕۆڵێکیش بە ڕوسیاو ھندستان و پاکستان بسپێرێت لەو شەڕەدا .

لەئاوا بارودۆخێکدا ترس و نیگەرانی دۆست و ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا ی لە ناوچەکە  تووشی شۆکێکی گەورە کردووە کە کێ ئەو بۆشاییە گەورە پڕ دەکاتەوە کە کشانەوەی ئەمریکیەکان لە ناوچەکە بە جێ ی  دەھێڵێت ؟ ھەرچەندە تا ئێستا ئەمریکا بەفەرمی دەستی نەکردووە بە کێشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا .

بێگومان ھەر ئێرانییەکان دەبن لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ئەو توانایان ھەبێت بەو ئامادەگی و پەیوەندییە ئقلیمیەی کە لەناوچەکەدا ھەیانە  بتوانن لە کورتترین ماوەدا دەست بە سەر بارودۆخەکەدا لە بەرژەوەندی خۆیان بگرن .

بۆیە لە ئێستاداو لە ٨/١/٢٠١٩ ەوە   وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک بۆمبیۆ  گەشتێکی سیاسی و دیبلۆماسی و ئیستراتیجی  بۆ ھەشت وڵاتی گرنگی ناوچەکە دەست پێکردووە بە مەبەستی ڕەوانەوەی ترس و نیگەرانییەکانیان و وردتر وڕاشکاوانەتر بۆ گەیاندنی دوومەبەست ئەوانیش:-

١.    ئەمریکاناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین چۆڵناکات و بەجێ ی ناھێڵێت.

٢.    ھەژموونی ئێران مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەرناوچەکە و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ھەوڵی بەرگرتنی دەدەین.

ئەوەی جێ ی تێڕامان و ھەڵوێستە لەسەرکردنە ھەموو  ئەو ھەشت وڵاتەشی کە بۆمبیۆ سەردانی یان  دەکات ھاوھەڵوێست و تەبا نین لەسەر ھەموو قەیران و ئاریشەو کەیسەکانی ناوچەکە ھەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنن , بۆ نموونە شانشینی ئوردون زیاتر کێشەی فەلەستین و مەسەلەی ئاشتی عەرەب و ئیسرائیل و پەناھەندە فەلەستینیەکان مەبەست و خەمیەتی,عەرەبستانی سعودیە کێشەو ململانێکانی لەگەڵ ئێران وشەڕی یەمەن و دەستوەردانەکانی ئێران لەوێندەر دەخاتەبەرباس و مەسەلەی تیرۆری خاشقچیش نیگەرانی دەکات لە باسکردنی ,سوڵتانشینی عومانیش باسی ھەوڵەکانی خۆی بۆ ئاشتی فەلەستینیەکان و ئیسرائیل و ھەروەھا ڕۆڵی ناوەندگیری خۆی بۆ ئاشتی لەیەمەن دەکات ,لە ھەمانکاتدا بەحرین باسی کێشەکانی خۆی و ئێران دەکات کە وڵاتێکی ڕووبەڕووبونەوەیە لەگەڵ ئێران.

قەتەریش باسی ئابڵووقەی عەرەبەستان و گەمارۆکانی سەری دەکات , میسریەکان باسی کێشەی تیرۆر و مەسەلەی ھاندانی پرۆسەی ئاشتی عەرەب و  ئیسرائیل دەکەن.

جۆن پۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل و تورکیای کرد و لە تورکیا ئەردۆگانی نەیبینی بۆ باس کردنی بارودۆخی سوریا .

لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کارێکی لۆجیکی نی یە ئەمریکا گۆڕانکاری خێرا لە ھەڵوێست و سیاسەتەکانی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بکات بەڵکو گۆڕانکاری پێویستی بە کات و زەمینەسازی ھەیە بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانی نوێ ی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و لە کاتێکدا تورکیا خۆی سازو ئامادە کردووە لە کاتی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا خەونی کورد بۆ بەدیھێنانی مافەکانی زیندەبەچاڵ بکات.

بەھەرحاڵ لەکاتی کشانەوەی ئەمریکا ھەرلە ئیستاوە کوردەکانی سوریا لە ھەوڵی دانو سان دان  لە گەڵ ڕژێمی ئەسەد ودووریش نیە ھاوپەیمانێتێکی بەھێز لە نێوان ڕوسیاو تورکیا و ئێراندا پێک بێت کە ھەموو ئامانجانەو سیاسەتانەی ئەمریکا ساڵانێکە لە ناوچەکەدا کاری بۆدەکات ببن بە بڵقی سەرئاو.


PM:01:52:15/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی