عێراق لە نێوان بەرداشی ئەمریکاو ئێراندا

‌بورهان شێخ ڕەئوف

وا ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ھەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ھەڵکشان بە خۆیەوە دەبینیت ھەر لە کشانەوەی ئەمریکا لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆک لە ڕێککەوتنامەی ( ٥+١) ی تایبەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکە ی ئێران و دواتر سەرلەنوێ سەپاندنەوەی سزا ی ئابووری قۆناغ بە قۆناغ تا لە ٥ ی ئەم مانگی تشرینی دووەمدا بەشی دووەمی سزاکان خرایە بواری پراکتیکیە و ھەرچەندە ھەشت وڵات بووراون لەو سزایانە تا ماوەیەکی کورت .

ئەوەی تایبەتە بەم باسە و تایتڵی ئەم وتارە کورتەیشە ڕۆڵی عێراق و کاریگەرییەکانی ئەو سزایانەیە لە سەر عێراق کە ھەردوو لایەنی ئەو ھاوکێشە لە ھەوڵدان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بھێنن و پێدەچێت خاکی عێراقیش ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ئەو قەیرانە قورسە کە تەمەنی ٤٠ ساڵە ھەر لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە دەستبەکاربوونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیەوە لە ئێران سەری ھەڵداوە و تا ئێستا درێژەی ھەیە .

ھەرچەندە تائێستا عێراق لە ناو ئەو ھەشت وڵاتەدایە کە بووراون لە سزاکان بۆماوەی ٤٥ ڕۆژ ئەویش بەھۆی ئەوەی عێراق پشت بە گازوایلی ئێرانی دەبەستێت بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و جگە لەوەش بەشێکی زۆر کارەباش لە ئێرانەوە ھاوردە دەکات کە ناکرێت وا بە خێرایی و ئاسانی ئەڵتەرناتیڤیان بۆ پەیدا بکرێت  , ئەمریکیەکان ڕەچاوی ئەوەیان کردووە و لە ڕابردوودا عەرەبستانی سعوودیە ئامادە نەبوو ئەو پێداویستیانە بۆ عێراق پڕبکاتەوە بەڵام لە ئێستادا ئامادەیی  پیشانداوە و ئیتر ئەو بیانووەی عێراقیش دەبڕێت کە ناچارە بەردەوانی بە ئەو پەیووەندییانە بدات .

یەکەم ئاماژەی فشاری ئەمریکا بۆعەبدولمەھدی

کاتێک دووشەمەی ڕابردوو ١٩/١١/٢٠١٨ وەزیری گەنجینەی ئەمریکا( ستیفن منوشین ) پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجامدا ھەرچەند بە درێژی باسی وتوێژەکانیان نەکراوە  بە فەرمی، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە ئەمریکا خوازیارە عێراق پابەندی تەواوی سزاکان بێت بۆسەر ئێران و ھەروەھا عێراقی لەوە ئاگادار کردۆتەوە کە لیستێکی درێژی لایە لەو کەسایەتی و بانک و دامودەزگا عێراقیانە کە لە ژێر چاودێری وردی ئەمریکادان کە سزاکانی ئەمریکا نەبەزێنن .

عێراق چارەکێکی کارەبای پێویستی ڕۆژانەی لە ڕێگای ئێرانەوە دابین دەکات بۆیە عەبدولمەھدی داوای ئەوەی لە وەزیرەکەی ئەمریکا کردووە ئەو ماوەیان بۆ درێژ بکاتە و تاوەکو ئەڵتەرناتیڤێکی بۆ دەدۆزنەوە، بەڵام وەزیرەکە وەڵامێکی ڕاستەوخۆی نەداوەتەوە .

عێراق ئێستا لە نێوان فشارێکی دووسەرەدایە ئەوا ئەمریکیەکان دەخوازن عێراق تەواو پابەند بێت بە سزاکانەوە و ئێرانیش دەخوازێت عێراق دەروازەیەک بێت بۆی بۆ دەربازبوون لەو سزانە لە ڕێگەی ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییانەی کە لە گەڵ زۆر ڕەوت و لایەنی سەر گۆڕەپانی عێراق ھەیەتی لە ھەموو پێکھاتەکانی .

ھەرچەندە عادل عەبدولمەھدی وتی ئێمە نابینە بەشێک لە دوژمنکاری ھیچ وڵاتێک بۆسەر وڵاتێکی دی و ئاماژەی بەو ھەوڵ و کۆششانەدا کە بۆ ڕوونکرنەوە و ڕاگەیاندنی ھەڵوێستی عێراق لەم کێشەو ململانێانە داویانە چ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و ئێرانی  پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەمان پارێزگاری لە خاک و بەرژەوەندی گەلی عێراق دەکەن و زیان و ئازار بەکەس ناگەیەنن، ئەمەش بە ڕوونی لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئێران بە ڕاشکاوی باسکراوە،  یەکێک بەندە سەرەکیەکانی سەر خشتەی کارو کۆبوونەوەکانی بووە بە ھامەھەنگی لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا پلانی بۆ دانراوە  .

لە کۆتاییدا ئەوەی ئەمریکیەکان کاری بۆ دەکەن توندکرن و جێبەجێ کردنی سزاکانە و لە دوا گۆڕانکاریشدا باڵوێزێکی نوێ دەستنیشانکرا بۆ عێراق ئەویش ماسیۆ تولەرە کە لە یەمەن بووە پێشتر و یەکێکە لە ھەڵۆتوند ڕەوەکانی ئیدارەی ئەمریکا و زۆر توندە بەرامبەر بە ئێران و ڕەخنەی ئەوە لە ستاڤی پێشووتری وڵاتەکەی لە عێراق دەگرێت کە لاواز بوون بەرامبەر بە ئێران .


AM:11:18:29/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1351 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی