گەندەڵی زەبەلاحترین دۆسیەی بەردەم کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی

‌بورهان شێخ ڕەئوف

ئەگەرچی حەیدەر عەبادی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو کاربەڕێکەری ئێستای عێراقیش زۆری  وت دەرھەق بە گەندەڵی تەنانەت لە سەرەتای دەست بەکاربوونیدا وتی ئەگەر سەریشم دابنێم واز لە دژایەتی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران  ناھێنم بەڵام ئەوەی بینیمان ئاکامێکی بەرچاوی نەبوو لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری سەرانی وڵات خۆیان تێوەگلابوون بە دیاردەی گەندەڵی  لەوەیە بارودۆخی چوارساڵ پێش ئێستاش  جیاواز بێت لە ئێستا کە شەڕی داعش و تیرۆر کۆتایی ھاتووە .

گەندەڵی ئەو دەردە کوشندەیەکە لە تیرۆر مەترسیدارتر و زیانبەخشترە بۆ وڵات لە بەرئەوەی کۆسپی گەورەی بەردەم گەشەکردن و پێشووە چوونی گەل و وڵاتە لە ھەموو بوارەکانی بنیاتنان و پەروەردەو فێرکردن وەبەرھێنان و ھەموو خزمەتگوزارییە پێویست و گرنگەکانی تری  وڵات .

لەبەر ھەموو ئەوانە سەرکەوتنی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی پەیوەستە بە چۆنێتی ھەڵسوکەوت و ئەو ڕێکارانەی کە دەیگرێتەبەر بۆ چارەسەرو بەگژاچوونەوەو ڕیشەکێشکردنی گەندەڵکاران کە زیانی گەورەیان بە ئابووری و سامان وداھاتی عێراق گەیاندووە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا .

کاریگەرییەکانی گەندەڵی لەسەر عێراق

١.    دەرگایەکی گەورە بۆ فێڕۆدانی ماڵی گشتی.
٢.    کۆسپی گەورەی پێش گەشەکردن لەبەرئەوەی ڕێدەگرێت لە وەبەرھێنان لە ڕێگەی پاڵنان بە وەبەرھێنەرانەوە کە نەوێرن نزیکی حکومەت ببنەوە بۆ کارکردن .
٣.    فاکتەرێکی ڕاستەوخۆیە بۆ وەستانی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن و بەربەستی بەردەم بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری .
٤.    ڕێخۆشکردن وزەمینەسازی بۆ سەرھەڵدانی بیرو بۆچوونی توندڕەوی و تیرۆرو توندو تیژی ئەویش لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی ھەژاری و بێکاری بەھۆی گەندەڵی .
٥.    گەندەڵی ھۆکارێکی گەورەی تێکچوونی بارودۆخی ئاسایشی وڵات و دروستبوونی پشێوی و سەرھەڵدانی تاقمی مافیاو تیوەگلان بە بازرگانی مادەی بێھۆشکەر.

 باشترین بەڵگە لەسەر گەندەڵی وکاریگەرییەکانی لە سەردۆخی عێراق و سەرھەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی  لە عێراق وشام و داگیرکردنی سێ یەکی خاکی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ بوو بە ھۆی گەندەڵی لە بۆندەکانی کڕینی چەک و دامەزراندن ھەزاران کەسی بندیوار لە ناو ڕیزەکانی سوپای عێراق و ھێزە کانی ئاسایشی ناوخۆ بە تایبەتی لە سەردەمی کابینەی نوری مالیکی کە ڕۆڵێکی زۆر نالەبارو نێگەتیڤی گێڕا بۆ تێکدانی دۆخی عێراق و سەرھەڵدانی ململانێ ی ئتنیکی و تائیفی و تا ئێستاش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچووە  .
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

لەوەیە کارێکی زۆر قورس و پڕ سەرئێشە بێت بۆ عەبدولمەھدی چونکەی بەشێکی دیارو خاوەن پێگەو ھەژموون لە نێو سیاسیە دەستڕۆیشتووەکانی عێراقدا تێوەگلاون بە گەندەڵی و ھەر ئەوانیش ھاوڕان و سازاون بە مالیکیشەوە  لەسەر ئەوەی عادل عەبدولمەھدی ببَیتە کاندیدی ھەمووان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ  لە بەرئەوە ئەرکەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێ ئاسان نابێت .

بۆیە ئەگەر عەبدولمەھدی ھەر ھەنگاوێک بھاوێت بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی دەبێت لەگەڵ ئەوانەدا بەریەک بکەوێت کە ئەویان کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە گرنگترین و ھەستیارترین پۆستە و بەھێزترین و زۆرترین دەسەڵاتی ھەیە لە عێراقی نوێدا بە پێی دەستووری عێراق .

لە ئاوا بارودۆخێکدا چی بکات عەبدولمەھدی؟

بە دیدی من لە ئاوا بارودۆخێکدا باشترین و خێراترین ڕێگە بۆ دۆخی ئێستای کارگێڕی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بە ھەموو دامودەزگاکانیەوە ئەوەیە کە بەر بە بڵاوبوونەوەی زیاتری گەندەڵی بگێرێت  و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ ڕیشەکێشکردنی  وازھێنان لە دۆسیە کۆنەکان و نەکردنەوەی لە کاتی ئێستادا بۆئەوەی بەریەککەوتن ڕوونەدات لەگەڵ زۆرێک لە سەرە گەورەکان کە ھەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان تێوەگلاەن بە دیاردەی گەندەڵی و بۆئەوەی کێشەو کۆسپ دروست نەکەن بۆ کابینەی نوێ لە بە جێھێنانی ئەرکە نوێ و قورسەکانیدا.


AM:11:27:15/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی