عێراق لە پێشوازی ھەردوو سەرۆکی کۆمارو وەزیرانی نوێدا

‌بورهان شێخ ڕەئوف

دواجار لە دوای نزیکەی پێنج مانگ لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی  عێراق لە  ڕۆژی   ١٢ /٥/٢٠١٨ ەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەوی ٢تشرینی یەکەم ٢٠١٨ توانی  دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵەح بەسەرۆک کۆماری عێراق ھەڵبژێرێت دوای ئەوەی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم نەیانتوانی بسازێن لە سەر کاندیدێکی ھاوبەش کە ئەمەش باس و خواستێکی درێژە لەوەیە لێرەدا بە باشی نەزانم بچمە ناو درێژیەکەوە .

ھەر ھەمان شەو سەرۆکی نوێ دوای ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد لە بەردەم سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراقدا ئەویش دکتۆر عادل عەبدولمھدی کەسایەتی بێلایەن لە ئێستادا ھەرچەندە لە ڕابردوودا یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوو  ڕاسپارد بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگێکدا کابینەی نوێ ی حکومەتی عێراق پێکبھێنێت .

تائێرە ئاساییە ئەگەرچی ئەم دوو کەسایەتیە سیاسیە دوو کاراکتەری کۆنی  گۆڕەپانی سیاسی عێراق بوون بەتایبەتی لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ بەڵام لە چەند ساڵی لە ڕابردوودا لەسەرشانۆی ڕووداوەکان نەبوون ئەوەی ئەم دوو کەسایەتیە لەسیاسیەکانی تری عێراق جودا دەکاتەوە ئەمان خوێندن و پەروەردەیان لە دەرەوەی عێراق و لە فەرەنساو بەریتانیا بووەو بە بیرو بۆچوونی دیموکراسی و کراوە ناسراون و دوورن لە توندڕەوی نەتەوەیی و تائیفی و بەیەک مەودا لە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق دەروانن و کەس ھیچ ھەستیاری و نیگەرانیەکی دیاری بەرامبەریان نیە بۆیە بە کاندیدی کۆ یان ھەمووان ناو دەبرێن و خەڵکی عێراقیش بە ھیواو ئومێدێکی گەورەوە لێیان دەڕوانێت بەو ھیوایەی بتوانن چارەسەرێک بۆ دەردە بێدەرمانەکانی تائێستای عێراق بدۆزنەوە ئەم دکتۆرانە .

ئەم دووانە لە دوو بنەماڵەی ئەرستۆکراتی کوردو عەرەبەوە ھاتوون دکتۆر عادل کوڕی وەزێرێکی پێشووی عێراقەو پەروەردەی گەڕەکی کەڕادەی بەغدادە و دکتور بەرھەمیش کوڕی  دادوەرێکی کوردە  لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی .

ئەوەی ئەمجارە مەترسی لێدەکرا ململانێ ی  توندو پڕ لە گێرەو کێشمەی شیعەکان بوو  بۆ دروستکردنی گەورەترین قەوارەو فراکسیۆن لە ناو پەرلەمانی عێراقدا  بۆ ئەوەی ڕابسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەی جارانی پێشوو پێش ئەوەی قەوارەو فراکسیۆنی گەورە ڕبگەیەنرێت کاندیدێکی بێلایەن ڕاسپێرا بۆ ئەوەی کابینەی نوێ پێکبھێنێت لە ماوەی دەستووری دیاریکراودا ھەرچەندە ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی لیستی فەتح لە پرێس کۆنفرانسێکی کورتدالە دوای ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند کە قەوارەی گەورە یەکلایی کراوەتەوە بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا نیە  ئەوە بسەلمێنێت .

ئەرک و ئالنگارییەکانی پێش ئەم دووانە

ھەرچەندە حکومەتەکەی عەبادی بارێکی قورسی  بۆ ئەم حکومەتەی  عەبدولمەھدی جێھێشتووە  چ لە قەیرانو ململانێکانی نێوان ھەرێم و بەغداد و ئاوەدان کردنەوەو بنیاتنانەوەی ناوچە وێرانبووەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و کێشەو داخوازییەکانی خەڵکی بەسرەو ھەموو عێراق بۆ خزمەتگوزاری پێویست و خێرا لە ئاوی خواردنەوەو کارەباو....تد جگە لە قەیرانی ئاو و وشک بوونی ڕووبارەکانی عێراق لە لایەن وڵاتانی دراوسێەوە کە ئەمانە ھەموو شەڕی قورسن و  بۆ ئەم کابینە نوێیە بە جێماون , ئەگەرچی  ئەم دووانە بە کاندیدی سازان و ھەماھەنگی ھەردوو دوژمنی باوک کووشتەی یەکتر  ئێران و ئەمریکا ناسراون بەڵام  لە پێگەیەکدا نین ئیرەییان پێ ببرێت بە ھۆی ھەموو ئەو قەیران و کێشانەوە کە لە ڕابردوودا عێراق دووچاریان بووە بەڵام لە ھەمان کاتیشدا پشتیوانی ئەمریکاو ئێرانیش سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەیەکی کورتدا ھەنگاوی پێویست ھەڵبگرن .

  ھەروەھا ململانێکانی ئەو دوو وڵاتەش پێویستی بە کەناڵێک ھەیەبۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بتوانن بەکاری بھێنن بۆ گەیاندنی مەسجەکانیان ئەو کەناڵەش دەکرێت سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و بەرھەم ساڵەح بێت کە خاوەنی پەیوەندی ھاوسەنگە لە گەڵ ھەردوو لای ھاوکێشەکە ,   ئەوەشمان لە بیر نەچێت ھەردووکیان خاوەنی توانا پسپۆڕی باشن لە بواری ئابووری و کارگێڕی دا   .


AM:11:06:08/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 1156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی