ئەمریکا و تورکیا.. لە دۆستایەتییەوە بۆ دوژمنایەتی

‌بورهان شێخ ڕەئوف

ئەگەرچی ھاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەنتیک ناسراو بە (ناتۆ) لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزرێنرا ،بە سەرکردایەتی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی، دەوڵەتی  تورکیاش لە بەرواری ١٨ شوباتی ١٩٥٢ـەوە بە ئەندامی ئەو ھاوپەیمانێتییە وەرگیرا. لەوساوە تا ساڵی ٢٠٠٢ کە ئەکەپە واتە ''پارتی داد و گەشەپێدان'' دەسەڵاتی تورکیای گرتووەتە دەست تورکیا ھاوپەیمانی ئەمریکا بووە و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی کردووە جگە لە ساڵی ١٩٧٥ کاتێک تورکیا باکووری دووڕگەی قوبرسی داگیر کرد ئەمریکا نیگەران و ناڕازی بوو بۆیە چەک فرۆشتنی بە تورکیا قەدەغەکرد و تورکیاش لە بەرامبەردا  ھەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لەسەر خاکەکەی داخست و دوای سێ ساڵ دانوستانی درێژ و پڕ لە ھەوراز و نشێو  ئینجا پەیوەندیەکانیان  ئاسایی کردەوە.

پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن مێژووییەکی دوور و  درێژی ھەیە لە نەوەد ساڵی ڕابردوودا، ئەوەی ئێستا زیاتر خەریکە گەورە دەبێتەوەو درزی ڕاستەقینە دەخاتە نێوانیانەوە ئەوەیە کاتێک سەرۆک ترەمپ و جێگرەکەی ھەڕەشەی ئەوەیان لە تورکیا کرد ئەگەر قەشە ئەمریکییەکە (ئەندریۆ برانسۆن) کە بە تۆمەتی یارمەتیدانی تیرۆر و ھەواڵگری  گیراوە ئازاد نەکەن ئەوا سزای ئابووری قورس دەخەنە سەر تورکیا  ھەروەھا ئەو سزانەی خرانە سەر ھەردوو وەزیری دادو ناوخۆی تورکیا زیاتر پەیوەندییەکانی ئاڵۆز کردو تورکیاش ھەمان ھەنگاوی نا بەرامبەر بە وەزیرەکانی ئەمریکا .

ھەرچەندە کاربەدەستانی تورکیا چاودێران و نووسەرانی تورک لە وەڵامی ''ترەمپ''دا دەڵێن ئەمە کەیسێکی یاساییە ودەسەڵاتی دادوەری یەکلایی دەکاتەوە و ئیدارەی ئەمریکا  ھەڵوێستی گۆڕیوە بەرامبەر بە تورکیا و دەخوازێت وەکو کەیسەکانی ئێران و کۆریا سەیری بکات و ھەروەھا ھۆشدارییان داوە لەوەی کە لۆبی و ناوەندی ھێز و بڕیار ھەن لە ئەمریکادا لە ھەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتن  بۆ بەرژەوەندی لایەنی تر کە مەبەستیان ئیسرائیلە، بە دیدی من. لە ھەمان کاتدا کاربەدەستانی گەورەی تورکیا لە پێش ھەموویانەوە ئەردۆگان ڕایگەیاندووە کە لە ژێر فشاردا ناچنە ژێرباری ھیچ کام لە داخوازییەکانی ئەمریکا .

گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن:

١. کەیسی قەشە برانسۆن .

٢. پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ھەسەدە واتە ڕۆژئاوای کوردستان کە ھەماھەنگی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی سیاسی و سەربازیی گەرم لە ساڵی ٢٠١٤ بەرامبەر داعش و تیرۆر کە تورکیای زۆر نیگەران کردووە .

٣.  کێشەی کڕینی سیستمی ڕۆکێتی S٤٠٠ ڕووسی  کە پێچەوانەی ڕێکەوتننامەی ناتۆیە کە تورکیا ئەندامە تێیدا کە بە نیازە نەوەی پێنجەم لە فڕۆکەکانی F٣٥ ئەمریکی بکڕێت کە بۆندەکەی واژۆ کراوە و یەکەم فڕۆکەش بۆ ڕاھێنان وەرگیراوە بەڵام ئێستا  کۆنگریسی ئەمریکا بۆندەکەی وەستاندووە .

٤. کێشەیەکی تازەتر لەم ڕۆژانەدا کە سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەستی پێکردووە، سەری ھەڵداوە ئەویش ئەوەیە تورکیا بڕیاری داوە پابەند نابێت بەو سزایانەی ئەمریکاوە، بۆیە ئەمەش دەبێتە کەلێنێکی گەورەی تر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ھاوپەیمانەدا .

کێشەکان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

١. ھەرچەندە لە ساڵی ٢٠٠٢ـەوە ئاکەپە تاکە پارتی فەرمانڕەوای ڕەھای تورکیایە کە باکگراوندێکی ئیسلامی ئیخوانی ھەیە بۆیە ناکۆکیەکی ئیدیۆلۆجی سەری ھەڵداوە لە نێوان تورکیاو ئەمریکا و ئەوروپاش ئەگەر ئاوڕێک بدەینەوە بۆ دواوە و ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکا عێراقی داگیرکرد، تورکیا کە ئەندامی کارای ناتۆیە بواری نەدا ھێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ خاکی تورکیا بەکاربھێنن بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمە خاڵی جەوھەری بنەڕەتی و سەرەتا و سەرەکیی ململانێکانە.

٢. داواکردنی فەتحوڵا گویلەن، ئەو پیاوە ئاینی و بانگخوازەی کە لە ولایەتی پانسلڤینیای ئەمریکایەو تورکیا بە پلاندانەر و نەخشەڕێژی کودەتاکەی ١٦ تەمووزی ٢٠١٦ی دەزانێت .

٣. کاتێک فڕۆکە سیخۆکەی ڕوسیا لەلایەن تورکیاوە خرایە خوارەوە و تێکشکێنرا ھاوپەیمانەکانی لە ناتۆ ھەڵوێستیان نەبوو بەرامبەر ھەڕەشەکانی ڕووسیا لە تورکیا.

٤. ھەندێک شیکاری تر ھەیە باس لەوە دەکەن کە ترەمپ و جێگرەکەی دەخوازن کەڵک لەم ناکۆکیە ئاینیەی نێوان تورکیا و ئەمریکا وەربگرن بۆ ڕاکێشانی دەنگی مەسیحیە توندڕەوەکان لە ھەڵبژاردنی تەواوکاری چەند مانگی داھاتوو بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کە سەرۆکێکی ئیسلامی و پارتێکی ئیسلامی قەشەیەکی ئینجیلیان زیندانی کردووە .

بە ھەرحاڵ، لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە، تورکیا جگە لەوەی پێگەیەکی جیۆسیاسی گرنگی ھەیە بۆ ئەمریکا و ناتۆ خۆیشی زیرەکانە کەڵکی لە ململانێی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا وەرگرتووە و زۆرترین قازانجی کردووە، چ لە سوریا و کێشەکانی تری ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین و لە ئێستاشدا شاندێکی تورکیا لە ئەمریکایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان .


AM:11:06:13/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی