داعش و ژن

‌بورهان شێخ ڕەئوف

لە دواى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام لە ساڵى ٢٠١٤دا لەلایەن خەلیفەکەیانەوە، ئەبوبەکر بەغدادى، دیاردەى ژنە جیهادییەکان وەدەرکەوت کە لە ناو ڕێکخستنەکانى دەوڵەتى ئیسلامیدا وایان پێ دەبێژن، بە ڕێژەیەکى بەرچاو ئامادەگییان هەیە و تەنانەت هەندێ لە سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە عەرەبییەکان بە زیاتر لە ١٠% کۆى گشتیى چەکدارە بیانییەکانى نێو ڕێکخراوەکەیان دەخەمڵێنن.

لە هەمان کاتیشدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کە زۆربەى ئەو ژن و کچە موجاهیدانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢١ ساڵە لە زۆر وڵات و شوێنى جیاوازەوە پەیوەست بوون بەو ڕێکخراوەوە جگە لە عێراق و سوریا لە وڵاتانى باکوورى ئەفریقیا بەتایبەتى تونس دواتر میسر و سعودیە و وڵاتانى ترى وەکو ئەمەریکا و وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژئاوا وەکو بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، کە ئەمانە نەوە و وەچەى ئەو کۆچبەرانەن کە ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتانەیان وەرگرتووە و هەروەها ناوچەکانى ئاسیاى ناوەڕاستیش سەرچاوەیەکى ترى ئەو موجاهیدە ژنانەن.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش هەر نووسەر و لێکۆڵەرێک کە باس لەم دیاردە بکات ئەرێ بۆچى ژنان و کچان پەیوەست دەبن بەم ڕێکخراوە و تیرۆریستییەوە کە لە بارودۆخێکى ئێجگار سەختدا ژیان بە سەردەبەن؟

ئەمەش کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکار و پاڵنەرى هەیە وەکو سەرچاوە عەرەبییەکان باسى دەکەن هەوڵ دەدەم لە خوارەوە هەندێکیان بخەمە ڕوو:

١. هۆکارى کەسی: ئەمەیان زیاتر پەیوەندى بە ژنانى عێراق و سوریاوە هەیە چونکە ئەمانە بە هۆى بارودۆخى شەڕى داعش لە وڵاتەکانیاندا لەژێر بارێکى گەلەک قورسدان کە یان کوڕیان یان هاوسەرەکانیان یان یەکێک لە ئەندامانى خێزانەکانیان کوژراون یان تووشى ڕفاندن و ئازار و ئەشکەنجەدان بوون یان ماڵ و موڵکیان وێران کراوە لەو شەڕانەدا، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ ئەمان پەیوەستبوونە بە ڕیزەکانى دەوڵەتى ئیسلامى بە مەبەستى تۆڵەکردنەوە.

٢. هۆکارى ئاینزایى: هەروەکو هەمووان ئاگادارین بارودۆخى عێراق و شام جۆرێک لە شەڕى ناوخۆیى بەرقەرارە کە لە ململانێى سیاسییەوە گۆڕاوە بۆ شەڕى ئاینزایى و تائیفى لە نێوان شیعە و سوننەدا کە ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە ژنان بچنە ناو ڕیزەکانى ئەو ڕێکخراوە و بەشداریى کردەوە تیرۆریستییەکانى بکەن و زۆر ئەرکى تریش بە جێبهێنن بەو پێیەى جیهاد تاکە ڕێگەیە بۆ سەرکەوتنى دەوڵەتى ئیسلامى سوننى دژبە ڕافیزە شیعەکان.

٣. هۆکارى ئایدیۆلۆجى: هەروەکو ڕوون و ئاشکرایە لە پاش ڕاگەیاندنى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام دانانى خەلیفە بۆى، ئەوە ئاوات و ئامانجى زۆربەى زۆرى ئیسلامییە توندڕەوەکان و لەوانە ژنانیش بوو بۆیە بە ئەرکێکى ئایینیی پیرۆزى خۆیانى دەزانن پەیوەست بوون بەو دەوڵەتە و ژیان لە ژێر سێبەر و قەڵەمڕەوەکەیدا.

٤. هۆکارى کۆمەڵایەتى: هەندێکى تر لەو ژنانەى کە بوونەتە داعش ئەو ژنانەن کە لە بنەچەى ڕۆژئاوایین و بوونەتە ئیسلام و لە ناو کۆمەڵگاى خۆیاندا تووشى بارێکى نامۆبوون هاتوون و خۆیان لە خێزانگەلێکى بێ ئایین یان مەسیحى کاسۆلیکى و یان یەهودین کەسوکارەکەیان ڕازى نابن ئەوان ببنە موسڵمان بۆیە ئەمانیش ڕوو دەکەنە عێراق و شام بۆ ناو ڕیزەکانى دەوڵەتى ئیسلامى و هەست بە نامۆبوون ناکەن لەوێندەرێ، ئەمە بە گوێرەى سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان.

٥. هۆکارى مرۆیى: هەندێکى دى لەو ژنە موجاهیدانەى کە پەیوەست بوون بە دەوڵەتى ئیسلامییەوە ئەوانەن کە لەسەر پەروەردە و داب و نەریتى ڕۆژئاوایى ڕاهاتوون وەکو یەکسانى و دادپەروەرى و ڕێزگرتن لە مافى مرۆڤ بە تاوان و خەمساردى دەزانن گەلى سوریا و عێراق بەتەنیا جێبهێڵن لە بەردەم هەموو ئەو پەلامار و جەور و ستەمەى کە لێیان دەکرێت لە لایەن ڕژێمى ئەسەد و لایەنەکانى ترى ئەو جەنگەوە لە کاتێکدا حکومەتەکانى ئەوروپا وەکو پێویست نەهاتوونەتە پێشەوە بۆ چارەسەرى ئەو قەیرانە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکى ترەوە وەکو ئەرکێکى ئایینى بەشداریکردنە لە جیهاد و یارمەتیدانى خەڵکى ئاوارە و کەمئەندام و پیر و پەککەوتە و هەتیو و بێسەرپەرشتانى ئەو جەنگەیە لە عێراق و شامدا.

کار و فەرمانەکانى ژن لە ناو داعشدا هەر تەنها چەک هەڵگرتن نییە بەڵکو زۆر کار و فەرمانى تر ئەنجام دەدەن لەوانە کارى ماڵدارى و پەروەردەکردنى مناڵ و خێزان و یارمەتیدانى مرۆیى و پەرستیارى و خزمەتکردنى برینداران و گەیاندنى یارمەتى و کۆمەک لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تر و بەشداریکردن لە پۆلیسى ژنان و بەشداریکردن لە کاروبارى ڕاگەیاندن و بەشداریکردن لە ڕاهێنان لە سەر چەکى سووک بۆ حاڵەتى بەرگریى لە خۆکردن.

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى کە هاتنى ئەو ژمارە زۆرەى ژن و کچ بۆناو ڕیزەکانى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش چەند مەبەست و ئامانجێکی لە پشتەوەیە لەوانە داعش واى پیشانى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بدات کە پێشکەوتنى بیر و ئەندێشەى ڕێکخراوەکەیان کە ژنیش بەشدارى کایەکانى کۆمەڵگا دەکات و ڕۆڵى خۆى دەگێڕێت.
لەلایەکى ترەوە هاتنى ئەو ژمارە زۆرە لە ژنە داعش بۆ ئەو شوێنانە گۆڕانکارى لە دیمۆگرافیاى لەو شوێنانەدا دروست دەبێت و هاوسەرگیریى لەنێوان ژنان و چەکدارە پیاوەکاندا ئەنجام دەدرێت کە ئەوەش دیمۆگرافیایەکى تازە دێنێتە ئاراوە کە دواتر گۆڕینى ئاسان نابێت.


PM:10:22:22/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 5466 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی