پارتی لە چ ڕێککەوتنێکدایە لەگەڵ پارتەکانی تر؟
پەيمان عيزەدين
گرێبەستی ملدان (ٳذعان) ،جۆرێکی گرێبەستە کە تیایدا یەکێک لە لایەنەکانی ، بەهەموو مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە ڕازی ئەبێ و مل ئەدات بەهەموو بڕگەکانی گرێبەستەکە، بێئەوەی مافی زیادکردن یان هەموارکردن یا گۆڕینی مەرجەکانی هەبێت.
ئەگەر لەمەوە و بەلەبەرچاوگرتنی نوێترین مەرج و داواکاری پارتی لەیەکگرتوو ( کەبۆ پارتەکانی تریش هەمان شتە )، ڕێککەوتنەکانی پارتی و لایەنەکانی تر هەڵبسەنگێنین ، ئەبینین پارتی بە ئاشکرا بێ یا لە دڵی خۆیدا ، کۆی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ پارتەکانی تردا لەسەر بنەمای گرێبەستی ملدانە.
پارتی لە دوا داهێنانی سیاسی خۆیدا ،یەکگرتووی ئیسلامی لە نێوان دوو بژاردەدا دانا ، یا پەرلەمانتارەکانیان پاشگەزببنەوە لە ئیمزاکانیان بۆ داوای پرسین و لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەت، یا ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی هەڵئەوەشێتەوە و ئەبێ یەکگرتوو لە پۆستەکانی بادینان بکشێتەوە ، سەرەنجام یەکگرتوو بژادەی دووەمی قبوڵکرد .
پارتی بەم هەڵوێستەی ناترسێ لەوەی پرسی پرسینەوە لەسەرۆکی حکومەت ببێتە بڕیاری پەرلەمان، ئەو ئەزانێ هەویری پەرلەمانی چۆن شێلاوەو لەچ ڕێککەوتن و گرێبەستێکا کۆی پارتەکانی تری ملکەچ کردوە .
پارتی بەم هەڵوێستەی ،بەیەگکرتوو و لەڕێی یەکگرتووشەوە بە پارتەکانی تر ئەڵێ ، ئێوە شەریکی من نین لە دەسەڵاتدا، ئێوە لایەنی گرێبەستێکن کەلەبەرامبەر بەشداریپێکردنتان لەدەسەڵات و وەرگرتنی چەند پۆستێکدا ، تەنازولتان کردوە لەهەموو ماف و مەرجەکانتان ، ئێوە لە گرێبەستێکدان کە ملتان داوە بەهەموو مەرجەکان و بە ئیرادەی خۆتان دیموکراسیەت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و قسەکردنتان لەسەر حوکمی بنەماڵەیی بۆ هەتا واز لێهێناوە.
بۆیە ئێوە لەنێوان هەردوو بژاردەی پاشەکشە لەدەسەڵا ت و ملدان بەهەموو مەرجەکانی پارتیدا ، بژاردەی سێیەمتان نیە.
ئەمە ئەسڵی ئەو پەیامە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێی یەکگرتووی ئیسلامیەوە دای بەگوێی هەمواندا.
ئەگەر نا پارتی نە منەتی بەبەشداری هیچ پارتێک و نە مەترسی لە بونیان هەیە، بەڵام پارتی سەرگەرمی سەپاندنی مۆدێلەکە لە سیاسەت و دەسەڵاتداری ،کە بوار ناهێڵێتەوە بۆ هیچ بێگوێی و لاساریەکی سیاسی.
ئێستا لەکوردستاندا یا ئەبێ قبوڵی مۆدێلی پارتی بکەیت ، یا لەدەرەوەی ڕێککەوتن و مەرجەکانی ئەو بی ، ئەمەش هەم ئازایی و هەم شۆڕشگێڕی ئەوێ .
AM:10:45:24/09/2020
ئهم بابهته 1528
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی