(کە زلەیەکیان لێدایت . لاکەی تریان تێبکە) بۆ سیاسەت ناگونجێت

‌پەيمان عيزەدين


لە سیاسەتدا دوو ئاراستەی جیاواز بونیان هەیە ، ئاراستەیەک کار لەسەر نەرمی  دەکات و پێی وایە هەمو کێشە وململانێکان لە سەر سەکۆی سیاسی کە پەرلەمانە چارەسەر دەبێت و تاکە ڕێگا بۆ یەکلایکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی سندوقی دەنگدانە.هەرچی ئاراستەی دووەمیشە ئاراستەیەکی زبرە و پێی وایە قسەی کۆتایی لە ململانێ سیاسیەکاندا و یەکلایکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ هێزە.

 بە پێی بارودۆخ و کەشی سیاسی هەر ناوچەیەک ئەگەری بونی هەریەک لەو ئاراستانە هەیە .
ئەوەتا دەبینین دەسەڵاتی سیاسی دیموکراتی هەیە (پەرلەمانی بێت یا کۆماری) بڕوای بە گفتوگۆ و دەنگی گە ل و دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە سندوقی دەنگدان و هەڵبژاردن بڕیاردەری سەرەکیە. دەسەڵاتی سیاسی  دیکتاتۆریش هەیە کە ئاشکراو بێ پەردە بڕوای بە مانەوەی دەسەڵات هەیە بۆ چینێکی دیاریکراو, پێش وەخت ئەوەیان یەکلایکردۆتەوە کە دەنگی گەل بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی نیە و هێزی سەربازیش ساز و ئامادەیە بۆ بێدەنگ کردنی هەر نارەزایەتیەک.

لەو بەینەدا خراپترین جۆری دەسەڵاتی سیاسی ئەوەیە کە لە نێوان ئەو دوئاڕاستەیە یاری دەکات،لە ڕوکەشدا بڕوای بە گفتوگۆ و سندوقی دەنگدان و یاسایە و لە کارکردن و ناوەڕۆکدا سیستمێکی دیکتاتۆری سەرکوتکارە بڕوای بەو دەنگدانە هەیە کە بردنەوەی ئەوی تیا مسۆگەر بێت،ڕێز لەو یاسایە دەگرێت کە دەسەلاتی ئەبەدی دەداتێ،ئەو گەلە بە هی خۆی ئەزانێ کە ناچاری بەگەڕخستنی هێزی سەربازی نەکەن.کە بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە ناوازەیەیانە،خراپتریش لەوە شیوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم جۆرە دەسەڵاتەدا کە پێموابێت ئەمە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانانەی هەرێمە .

نەزانین و دروست نەخوێندنەوەی دەسەڵاتی سیاسی کە ئێستا لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەرجەستەیە لەلایەن پارتە سیاسیەکانی ترەوە یەکێکە لە گرفتە سەرەکیەکان،قورسایی خۆیان دەخەنە سەر یاسا و پەرلەمان لەکاتێکدا ئەو یاسا و پەرلەمان بە بڕیاری حیزب پەک ئەخات،هەمو هێز و توانایان لە گفتوگۆکردندا بەکار دێنن لەکاتێکدا ئەو یەک لایەنە حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە بێ حسابکردن بۆهیچ لایەنێکی هاوبەشی لە حکومەت،فریشکیان لە ناوهێنانی دروستکردنی هێزی چەکدار ئەکەوێت لە کاتێکدا ئەو بە هێزی چەکدار چاویان لێسورئەکاتەوە وڕێگری لەسەرۆکی پەرلەمان ئەکات.

کەواتە بۆ دەربازبون لەم قەیرانە پێویستە بەر لە گلەییکردن لە پارتی و پاڕانەوە لە دەرگای ڕەحمەتیا ،پارتە سیاسیەکان بە خوێندنەوەیاندا  بۆ دۆخی سیاسی و دەسەڵاتی بەرامبەریاندا بچنەوە و لەو وەهمە خۆیان ڕزگار بکەن  ئەگەر زلەیەکیان لێدان لاکەی تریان تێبکەن چونکە ئەوە بۆ سیاسەت ناگونجێ و لە عورفی کۆمەڵایەتیشدا ئەبنە هێزی زەلیل و دۆڕاو.


PM:06:41:19/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3723 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی