ئێمە مرۆڤدۆستین ،بەڵام بە مەرج!

‌پەيمان عيزەدين


یەكێك لەو پرسیارانەی زۆرجار لە خۆمم ئەكرد،ئێمە بۆ كیسەڵ ئاسا ئەچینە پێشەوە؟ زۆرینەمان دژی ئەم واقعەین و هیچمان پێ ناگۆڕێت،زۆربەمان دژی پێشێلكاری مافی مرۆڤین، داكۆكیكاری سەرسەختی دیموكراسین ، شەیدای داد و دادوەرین ، كەچی لەگەڵ ئەم هەمو بێدادیە هیچمان پێناكرێت.

لەم ڕۆژانە و بە سوپاسەوە لەڕێی پۆستی هەندێ كەسەوە كە پشتیوانی و خۆشحاڵیان بۆ ئەو جۆرە تیرۆركردنەی مامۆستاهێمنی دەربەندیخانەوە دەربڕیبو ، وەڵامی ئەو پرسیارانەم دەستكەوت، بەكورتیەكەی ئێمە مرۆڤدۆستین،بەڵام بە مەرج، عاشقی دیموكراسیەتین تا سنورێك، لەگەڵ دادین تا شوێنی بیركردنەوەی خۆمان.
منێكی چەپ مرۆڤدۆستیم بۆ هاوڕێ چەپەكانم ئەوێ لێرە بن یا لە مۆزەمبیق، دیموكراسیەت و دادم بۆ هاوبیر و هاوڕەگەزەكەی خۆم ئەوێت گرنگ نیە لە كوێ بن.

جا تا ئەو كاتەی پرەنسیپی ئەخلاقی نەبێتە بنچینەی مرۆڤدۆستی و كۆمەڵێك بنەمای جێگیر نەبێت بۆ دیموكراسیەت و دادوەری ، ئەوا قسەكانمان بە پۆستی فیسبوك ئەمێنێتەوە،تا مرۆڤدۆستیمان نەبێتە حەقیقەت ،بۆ نمونە تا شێوازی كوشتنی سەدامێكی دیكتاتۆر ڕاماننەچڵەكێنێت،ئەشكەنجەدانی داعشێك وەك ئەشكەنجەی ژنێك توڕەمان نەكات ، ئێمە مرۆڤدۆستی بە مەرجین،دیموكراسی خوازی كارتۆنین. بۆیە قسەكانمان مویەك لە سیستمی دیكتاتۆری و بێ دادی ناجوڵێنێت لەم هەرێمەدا.


PM:12:49:10/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 4311 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی