خیانەت ئەوە نیە تۆ لێی تێگەیشتویت!

‌پەيمان عيزەدين

بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە 
خیانەت ئەوە نیە تۆ لێی تێگەیشتویت!!!! 

سەرەتای بیستنی هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی زۆر گەشبینی کردم بە وەی هێشتا دنیا خێری تیا ماوە و بەرپرسی حکومی هەیە کە قبوڵی پرۆسەی شکستخواردوی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتەی نیە و لە پێناو کورسیدا سازش لەسەر بەرژەوەندی گشتی و ناعەدالەتی ناکات.

پێم وابو مامۆستا دڵشاد هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەی زەوتکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و وەڵامێکە بۆ حکومەتەکەی پارتی کە بەڕێزیاب قبوڵی ئەو خۆڵکردنە چاوەی وەزیری پەروەردە و حکومەتەکەی ناکات کە بە بیانوی بەرژەوەندی خوێندکاران و نەفەوتاندنی ساڵێکی خوێندنەوە درێژە بە سیاسیتە شکستخواردۆکانیان بدەن،بەڵام داخەکەم لەبری ئەوەی مامۆستا دڵشاد بڵێت جەنابی وەزیر من نەبوم بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە بۆ ئەوەی ببمە داردەستی حکومەتەکەت بۆ سوکایەتیکردن بە مامۆستا، بۆ هەڵخەڵەتاندنی خوێندکار و کەسەکاریان وەک هەولێر و دهۆک تەنیا هەفتەی چەند ڕۆژێکی کەم وانە بوترێتەوە وپێم وابێت پرۆسەی خوێندن بەردەوامە،من نەهاتوم بۆ ئەوەی خوێنکاران ببەمەوە خۆێندنگایەک کە نە ئەتوانی پێویستیەکانی خوێندنی بۆ دابین بکەم و نە ئەتوانم نەوت و غازی بۆ پەیدا بکەم،جەنابی وەزیر من ویژدانم قبوڵ ناکات خوێندکارێک ناچار بە خوێندن بکەم کە لە سایەی حکومەتەکەتەوە کەسوکاری ناتوانن ڕۆژانەی بدەنێ،کرێی هاتوچۆی بدەن.

لە بری هەمو ئەم ڕاستیانە بەڕێزیان هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی گێڕانەوە بۆ ململانێی سیاسی و قسەی نەشیاو و سانسۆر نەخستنە سەر قسەی مامۆستایان و هەڵوێستی پەرلەمانتارانی ئێستاو و پێشو کە پێی وایە بۆ خۆ پاڵەوانکردن هانی مامۆستایان و بایکۆتیان داوە و بە خیانەت لە گەل و نیشتیمان لە قەڵەمی دا.

بە گرنگی دەزانم لەسەر مەفهومی خیانەت هەنێک بوەستم،لە کات و بارودۆخی وەک هەرێمی کوردستاندا کە ناعەدالەتی و سوکایەتیکردن بە مرۆڤ وپێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە لوتکەدایە و بەهەدەردانی سامانی گشتی و بە تاڵانبردنی سەروەتی نیشتیمانی لە ئاستێکی بەرزدایە،خیانەتی نیشتیمانی چاوپۆشیکردن و هاوکاریکردنی تاڵانبەرانە بۆ درێژەدان بە پلانەکانیان .لە بەرامبەریشدا خیانەتکردن لە تاڵانکەران و سەرکوتکارانی ئازادی پشتیوانیکردنی نارەزایەتیکردنی خەڵک و هاودەنگبونە بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی مۆچەخۆران و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە.من بە ناوی خۆم و هاوڕێکانمەوە لە پەرلەمانتارانی ئێستا و ڕابردو بە شانازیەکی گەورەی دەزانین کە زومرەیەکی فاسد بە خائینمان بزانێت کە هیوادارم بەڕێزتان لەو زومرەیەدا نەبن و بە خیانەتناوبردنی هاوپشتی ئێمە بۆ خەباتی ڕەوای مامۆستایان و موچەخۆران هەڵەیەکی زمانەوانی بوبێت.

لە کۆتایدا ئەوەی جێی سەرنجە لەم بێ موچەیی وهەمو داڕوخانەی وەزارەتی پەروەردەدا مامۆستا دڵشاد سۆپاسی وەزیری پەروەردەی کرد!!!


PM:12:20:07/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 4421 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی