ئیحتیوا لە ئیستانبول و قەیوم لە ئامەد

‌ستران عەبدوڵا

جارێكی تر دیموكراسی لە توركیا كەوتەوە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی دژوارەوە. سێ گەورەترین شارەوانی باكوور درایە دەست دامەزراوەكانی قەیومەوە، كە وەكالەتێكی نادیموكراسییە و هەموو جار دەوڵەت بۆ چارەسەر و دەستكاریی ئاڕاستەی دەنگی خەڵك، بەتایبەتی لە كوردستانی باكوور، بەكاریدەهێنێت. لەجێدانانی قاسرێكە كە گوایە كاری خۆی پێ راناپەڕێنرێت.

(قەیوم) وەك كەفالەتێك وایە، نەك وەكالەت، چونكە وەكالەت هەر نەیسە، وەختێك كەسێك بۆ ئەركێك دادەنرێت تا ئەو كاتەیە كە خاوەنی ئەسڵی دێتەوە، بۆیە وتراوە وەكیل چوون ئەسیل وایە. ئەمما كەفیل كەلەپچەیەكە دەكرێتە دەستی خاوەن شایانی هاتوو بە دەنگ و دیموكراسی، راسپاردەی خەڵكی پێیە، ئەگینا هیچ مانایەك بۆ دیموكراسی و رای خەڵك و بژاردەكانیان نامێنێتەوە. لەجێی عەدنان سەلجوق سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد، حەسەن بەسری جوزال ئۆغڵو والی دیاربەكر، لەجێی ئەحمەد تورك سەرۆكی شارەوانی مێردین، مستەفا یامان والی مێردین و لەجێی بەدیعە ئۆزگۆگچە سەرۆكی شارەوانی گەورەی وان، محەمەد ئەمین بیلماز والی وان، تەعین كراون.

جاران دەوڵەت هانای بۆ ئەم تەرزە ئیدارییە ناوەندێتییە دەبرد تا سەرۆك شارەوانی هەڵبژێردراو لە حەسانە داماڵرێ و دۆسێی جیاجیای دادگایی لەسەر بكرێتەوە. لەبەرئەوەیە زۆربەی ئەو جارانەی پەنا بۆ قەیوم براوە سنووردار و كات دیاریكراو بووە. بۆ نموونە پاش چەند ساڵێك لە ماوەی حوكمڕانی، یان چەند مانگێك پێش خولی هەڵبژاردنەكان بەكارهاتووە. لێ ئەمجارە پاش ماوەیەكی كەم لە دوا هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، سێ گەورەترین شارەوانی گرتۆتەوە و تا هەڵبژاردنێكی تر هەروا دەمێنێتەوە.

كەیسی لابردنی سەرۆكە هەڵبژێردراوەكان، یان كردنەوەی دۆسێ لە پەرلەمانتار و سیاسەتكارانی باكوور، هەموو جار كەرەستەیەك بووە بۆ خاوكردنەوەی رەوتی روو لە گەشەی بەشداری دیموكراسیی باكوور لە بەدەنەی سیاسیدا.

هەر بۆیەش رەوتی كورد لە باكوور بە دەوری خۆی وەك ئەزموونێك هەمیشە رێوشوێنی بەرەنگاریی دیموكراسی دۆزیوەتەوە تا بە شێوەیەكی زگزاكی درێژە بە بوونی خۆی بدات، بەڵام ئەمجارە ئیجرائاتەكانی وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوی ئیستباقییە و نیەتی تەنگەبەركردنەوەی زیاتری دیموكراسیی لێ دەخوێنرێتەوە، تا ئەوەی هەر قۆڵبادانی هەدەپە بێت.

دیموكراسی لە داكشانێكی وادایە مانشێتە سەرەكییەكەی هەوڵی ئیحتیواكردنی سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئیستانبول بوو و تایتڵە فەرعییەكانیشی وا لە باكوور كەوتۆتە كار. لەبەرئەوە ئیمام ئۆغڵو سەرۆكی شارەوانی ئیستانبول زوو لێی تێگەیشت و دژی كودەتای سپی ئیفادەی دا. ئیفادەی ئەو هەر لەبەرئەوە نییە قەرزاری دەنگەكانی هەدەپەیە لە ئیستانبول، بەڵكو دەزانێ ژینگەی سیاسیی لەو وڵاتە، وردە وردە شارەوانییەكان دەخاتە دەست غەیری ئاكپارتی و دەوڵەتی ئاكپارتیش پارێزگارەكانی خۆی لە باكوور و حكومەتەكەی لەسەرتاسەری توركیا وا بەكار دێنێت پانتایی دەسەڵاتی شارەوانییەكان كەم بێتەوە مادام ئاوەها لە قازانجی خۆی نەبن.

لە ساڵی 1991 -ەوە كوردی باكوور بە تایتڵی حزبی كوردییەوە بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانی و پەرلەمان دەكات و لە هەر وێستگەیەك هەنگاوێك دەچێتە پێشەوە. تا ئەم ئاستەی ئێستا هەیە. كە دەوڵەت گەرەكێتی بنكۆڵی بكات.

مۆدێلی قەیومەكان یەك لە دەیان ئامرازن بۆ بەرتەسككردنەوەی ئەزموونی بەشداریی كورد و كلك و گوێكردنی ئیرادەی دەنگدەران، ئەمجارە زوو پەنای بۆ برا، چونكە قەڵاكە لە ئیستانبولیش درزی تێكەوتووە.


PM:12:15:21/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 2568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی