سودان هەمان وانە دەڵێتەوە

‌ستران عەبدوڵا

هەموو جارێك دیموكراسییەكە دەیسەلمێنێتەوە كە یەك پاكێجە و دابەش نابێت. ئەوە نایخوات كە گوڵبژێری بكەیت و لێی هەڵبژێری، یەك پاكێجە و نابێ بە دوو. دەشێ قۆناغبەند بكرێت، بەڵام گوڵبژێر و دڕك بژێر لە پرسی چارەنووسسازی دیموكراسی ناكرێت. وا چەند هەفتەیەكە لە وڵاتی دوور، لە سودانی دوای راماڵینی عومەر بەشیر، ئەم وانەیە دووبارە دەبێتەوە و كرۆكی ململانێی نێوان عەسكەر و جەماوەر پێكدێنێت.

راستە سودان دوورە، بەڵام سودان و كوردستانیش بەشێكن لەو جیهانە پانوبەرینەی جیهانی سێیەم. لەبەرئەوە لە یەكەم رۆژنامەی كوردی، (كوردستان)ی میقداد میدحەت بەدرخان-دا، ناوی هاتووە.

بەدرخان لە ژمارە یەكی، 22ی نیسانی ساڵی 1898-دا وەعدی دابوو لەسەر شەڕی سودان بنووسێ، ژمارەی دووش گوزارشتێكی لەوبارەیەوە دابوو. دە با لە (كوردستانی نوێ) ئەوی (كوردستان)ی دێرین لەسەر سودان، تەواو بكەین.

یەك لە كەموكوڕییەكانی (بەهاری عەرەبی) لە خولی یەكەمی بەهارەكە (لە ساڵی 2011) و لە خولی ئێستاش، ئەوەیە تەكلیفی خۆی لەسەر مەسەلەی نەتەوەكان و گروپە ئەتنیكییەكان هەر رۆشن نەكردەوە. بەهاری سوریا تائێستا خۆشی بە نەورۆزی كورد لە رۆژئاڤا نایە و ئەو هەموو گۆڕانەی لە رژێمەكانی ناوچەكە قەوماون، هێشتا روون نییە لەسەر نەتەوە بندەستەكان چی دەڵێن؟.
لەم رۆژانەدا خەبەر لە سودانەوە هات، ئەو هێزانەی هاوپەیمانیی عەسكەرن لە سەركوتكردنی خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی گەلی سودان، هەر ئەو هێزانەن كە جاشی عومەر بەشیر بوون لە سەركوتكردنی گەلی دارفۆر لە باكووری سودان، واتە هەر هێزەكانی جەنجەویدن.

دارفۆرییەكان ئەو پێكهاتە موسڵمانەی هەرێمێكی سودانن كە نە عەرەبن تا وڵاتانی عەرەب لەسەریان بێنە جواب، نە مەسیحیی جنوبی سودانیشن كە دنیای رۆژئاوا هەفتەیەك پێش بەهاری عەرەبی لە سودانی (دایك) جیایان كردنەوە و لە راپرسیدا دەوڵەتیان بۆ مسۆگەر كردن.

هۆزەكانی جەنجەوید وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچوون و كەس لەسەر جینۆسایدی دارفۆر لە گوڵ كاڵتری پێنەوتن. وا ئێستا لە سودانی راپەڕیودا ئەركی نوێی پێدەسپێردرێت. ئەوی بەشداربوو لە سەركوتی بندەستەكان، هەر ئەویشە ئێستا بەشدار دەبێت لە سەركوتی دیموكراسیدا!

ئەزموونەكە لە سودانەوە هەمان وانە دووبارە دەكاتەوە. دیموكراسی دابەش ناكرێت، چونكە نەتەوەكان و دیموكراسیخوازان هەر چەوساوەی دەستی یەك عەسكەر و یەك جەنجەویدن.


PM:01:44:09/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 1912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی