شۆڕشی زانكۆكان و چەند سەرنجێك!

‌د. سه‌عید عه‌لی محمد

دوابەدوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانی قوتابیانی زانكۆكانی ئەمریكا كە داوای وەستاندنی پەلامارەكان دەكەن بۆ سەر غەززە و، داوای ڕاگرتنی یارمەتییەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ قەوارەی جولەكە ، هەروەها بایكۆت كردنی ئەو كۆمپانیانەی یارمەتی تەلئەبیب دەدەن ، ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە زانكۆی كۆڵۆمبیا دەستیان پێكرد و (30) زانكۆی ئەمریكای گرتەوە و، دەیان زانكۆی گەورەی جیهانیی تریش لە فەڕەنسا و بەریتانیا و ئۆستۆرالیا تا ئەم لەحزە لە گەرمەی شەپۆلی ڕێپێوانەكاندان! لەسەر ئەم ڕێپێوانانە نوسەرێكی ناوداری ئەمریكی دەڵێ : ئەمریكا پارچە پارچە دەبێ ، یەكێكی تر نوسیویەتی : ئەمریكا بەرەو گۆڕانكاریی دەڕوات ، نوسەرێكی تر دەڵێ : ئیسرائیل بۆتە بارێكی قورس بەسەر ئەمریكاوە ، ناڕەزایەتییەكانی قوتابیان لە زانكۆكانی ئەمریكا یەكێكە لە ڕووداوە هەرە گرنگ و نەوعیی و كاریگەرەكان كە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا ڕەنگدانەوەی بەهێز و ڕاستەوخۆی هەبووە و هەیە  لەسەر سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی ئەمریكا ! بۆ نمونە ئەو ناڕەزایەتییانە یەكێك بوو لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی كۆتایهێنان بە شەڕی ئەمریكا دژ بە ڤێتنام لە ساڵی 1960، هەروەها فاكتەرێكی سەرەكی دەركردنی یاسای قەدەغەكردنی جیاوازی كردن بوو لەگەڵ ڕەش پێستەكاندا ، ئەو ڕێپێوانانە گڕوتینێكی زۆرتری دایە بواری بەرفراوانكردنی زیاتری ئازادییە مەدەنییەكان لە ئەمریكا لە ساڵی 1970، لەدەرەوەی ئەمریكاش هەر ڕێپێوانی قوتابیانی زانكۆكانی ئەندەنوسیا بوو (سۆكارنۆ)ی لە دەسەڵات دوورخستەوە ، ئەمە جگە لە ڕۆڵ و گرنگی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی لەدروست كردنی بەهاریی عەرەبی!!

ئەڵبەتە لەگەڵ ئەوەدا كە هێشتا زووە بڕیار لە داهاتووی شۆڕش لە زانكۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی تری جیهان بدرێ ، بەڵام  ناكرێ ئاماژە گرنگەكانی پشت ئەو ڕووداوە گرنگە لە ئاست ئەمریكا و جیهان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش فەرامۆش بكرێن كە دەكرێ ئێمە لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە هەندێكیان بكەین :

1-     ئەم ڕێپێوانانە ئاماژەن بۆ ڕوودانی گۆڕانكاریی گەورە و بەرفراوان لە پێكهاتە و میزاجی كۆمەڵایەتی و سیاسی گشتی لە ئەمریكا ، ئەم ناڕەزایەتیانە دەكرێ ئاماژەی بەهێزبن بۆ دیاریكردنی جۆری بیركردنەوە و ئاڕاستەی ڕای گشتی لە ئەمریكا و ئەوروپا ، پەرەسەندنی خێرای ئەو ڕێپێوانانە تەنها لە چەند ڕۆژێكی كەمداو، پشتیوانیكردنی لەلایەن ژمارەیەكی زۆری مامۆستا ناودارەكانی زانكۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا و قوتابیەكانیان و هەندێ لە سیاسەتمەدارە گرنگە كاریگەرەكانی جیهانەوە ئەوەمان پێ دەڵێ : كە ئەمریکاو ئەوروپا لەبەردەم وەرچەرخانێكی جەماوەریی بەرفراوانی گەورەی نەوعیی دان لە پشتیوانیكردنی قەوارەی جولەكەوە بۆ ڕیسواكردنی ئەو قەوارەیە ، ئەو پشتیوانیە خەیاڵییەی كە پشت ئەستوور بوو بە سوپایەك لە سیاسەتمەدارو هێزی لۆبیی و میدیا و دامەزراوەكانی توێژینەوە ، ئێستا خەریكە بەرەو لاواز بوون و هەڵوەرین دەڕوات!

2-    ئەم ڕێپێوانانە بەو پێیەی لە چەندین زانكۆی گەورە و ڕەسەن و بەناوبانگی وەك (زانكۆی هارڤارد) و (زانكۆی جۆرج واشنتۆن) و (زانكۆی یێڵ) و، لە قوڵایی نێو چینی نوخبەی مەعریفی و ئەكادیمییەوە سەرچاوەیان گرتووە ، كە لە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری سیاسیدان و گومان لە مەبەست و پاڵنەرو ئامانجی هاتنیان بۆ نێو شەقامەكان ناكرێ ، ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە بەرەكانی جەنگی ئێستا وەك بەرەكانی جەنگی عەرەب – ئیسرائیل نیە لە ڕابردوودا ، بەرەكانی ئەمڕۆ تەنها بەرەكانی ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆ نیە ، بەڵكو ئەو بەرانە پەلیان بەرەو ئەكادیمییەكان و سۆشیال میدیا و نوخبە ئەكتیڤە بەهێزەكەی كۆمەڵگە هاویشتووە! واتە ئەگەر ئەمریكا و ڕۆژئاوا بە سیاسەتەكانی خۆیاندا نەچنەوە و بەدەم داواكاری ڕێپێوانەكان و ناڕەزایەتییەكانەوە نەچن ، ئەوا تسۆنامیەكی ڕاستەقینە بەڕێوەیە كە زۆر مەترسیدارتر و كاریگەرترە لەسەر داهاتوو!

3-     شۆڕشی زانكۆكانی ئەمریكا ئەوەی سەلماند كە هەمیشە كۆمەڵگە هۆشیارو بەهێزو تۆكمەكان زامنكەری ڕێزگرتنی مافەكان و دەستوورەكان و یاساكانە و، قەڵایەكی بەهێزە دژ بە خۆسەپاندن و دیكتاتۆرییەت ، وڵاتانی ڕۆژئاواش هەمیشە هەوڵیانداوە لە وڵاتانی ئێمەدا ئەو كۆمەڵگە بەهێزو یەكپارچە و تۆكمانە دروست نەبن و نەیەنە كایەوە و، بەردەوام پشتیوانی دیكتاتۆرەكانیان كردووە لەپێناو مانەوەیان لەسەر تەختی دەسەڵات ، هەر ئەمەش بوو قەوارەی جولەكەی هەراسان كرد چونكە پرسی غەززە گەیشتە ئەو كۆمەڵگە تۆكمە و هۆشیارو بەهێزانە! دەمەوێ بڵێم : مامەڵەی توندی پۆلیس لەگەڵ قوتابیان و دەستگیركردنیان و بڵاوە پێكردنیان بە زەبری توندوتیژی نیشانەی ئەوەیە ئەگەر ئەو وڵاتانە خاوەن كۆمەڵگای یەكگرتوو و دەزگاو دامەزراوەی یاسایی بەهێز نەبوونایە ئەوا مامەڵەی دەسەڵات و سەركردەكانیان هیچی كەمتر نەبوو لە مامەڵەی دەسەڵات و سەرکردەكانی وڵاتانی جیهانی سێیەم! ئەمەش (ترامپ)ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ماوەیەك بەر لە ئێستا دانیپێدانا كاتێك باسی (عبدالفتاح سیسی) سەرۆكی میسری كرد و بە (دیكتاتۆرە باشەكەی خۆم) وەسفی كرد! واتە (ترەمپ) ڕاشكاوانە گوزارشتی لە ناخ و دەروون و عەقڵیەتی ڕاستەقینەی زۆرێك لە سیاسەتوانە فەرمانڕەواكانی خۆرئاوا كرد كە لە ناخیاندا ئارەزووی خۆسەپاندن و سەركوتكردن هەیە ، ئەگەر بۆشیان بچێتە سەر بێ هیچ سڵەمینەوە و گوێدانە بەهاو پێوەرێكی ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی بە سەر گەل و نەتەوەكانیاندا جێبەجێی دەكەن.

4-     دوای ئەوەی چەندین سەدەیە لۆبی زایۆنی كۆنتڕۆڵی زانكۆكانی خۆرئاوای كردووە و، لەڕێی ئەو زانكۆیانەوە ڕەواج بە ڕیوایەت و سەردییەتی ئیسرائیلیانە دەدات لە داگیركردنی فەلەستین ، بەڵام شەڕی غەززە و شۆڕشی ئێستەی ئەو زانكۆیانە ئەو پەیامەی گەیاند كە ڕیوایەت و سەردییەتی ئیسرائیلیانە مردوو كۆتایی هات ، هەروەها فێڵ و تەڵەكە و خەڵەتاندنی گەلانی ڕۆژئاوا لەلایەن سیاسییەكانەوە كۆتایی هات! نەوەی زانكۆ و تازە پێگەیشتووەكان ئەوەیان بۆ ڕوون بوەوە كە زایۆنیزم تا چ ڕادەیەكی خەیاڵی و بێ سنوور لەنێو سیاسەت و ئابووری ئەمریكادا ئامادەیی قوڵ و كاریگەری هەیە ئەگەرچی لەسەر حیسابی ئەمریكا و بەرژەوەندی ئێستا و داهاتووشی بێت! بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش دەكرێ ئەنجامی ڕاپرسیی ( ناوەندی ڕاپرسیی ڕای گشتی ئەمریكی  --  byu) بەبەڵگە بهێنینەوە كە ئاشكرای كرد %60 گەنج و لاوە ئەمریكییەكان كە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 29 ساڵ دەبێت دژی قەوارەی جولەكە و پەلامارەكانینی بۆ سەر غەززە و گەلی فەلەستین!

5-     شەڕی غەززە و پەلامارەكانی جولەكە درێژكراوەی ڕووبەڕووبونەوە ئایدۆلۆژیەكانە و شەڕی دژایەتی كردنی بەها مرۆییەكانە ،  كە ئەمەش هیزری بەشێكی زۆری زاناو بیرمەندەكانی جیهان و وڵاتانی ئیسلامی سەرقاڵ كردووە! ئاشكرایە پێش ڕوودانی تۆفانی ئەقسا هەموو جیهان بە پرسی ڕەواجدان بە (لادانی سێكسی) وبەرگریكردن لە (هاوڕەگەزبازی) و، بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی جەندەری كۆمەڵایەتی و لێدان لە بنەما و كۆڵەكەكانی خێزان و كۆمەڵگە سەرقاڵ بوو بوو، ئەمانەش هەمووی لەپێناو دەرچوون و دەرباز بوون لە سیستەمی بەها ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقیەكان كە سەرتاسەری جیهان هەر لە ئادەمەوە تا ئەمڕۆ ژیانی لەگەڵدا كردوون و لەگەڵیدا ڕاهاتوون ، تۆفانی ئەقسا و ئاسەوارەكانی دوای خۆی (كە ڕێپێوانی زانكۆكان) بەشێكە لەوانە ، جارێكی تر مشتومڕی ئەو پێشنیارو بیرۆكانەی گەرم كردەوە ، شەڕی غەززە جارێكی تر ئەو پرسیارەی وروژاند كە ئایا شارستانیی خۆرئاوا بەو هەموو ئەفكارانەوە چی پێشكەش كردووە؟! ئایا ئەو بیرۆكانە تا ئەمڕۆبەكوێ گەیشتوون و چ ئاكامێكیان پێشكەش بە مرۆڤایەتی كردووە لەڕووی ڕۆڵی مرۆڤ و نرخ و بەهاكانیەوە؟! ئێستاش لە سەروبەندی سەرهەڵدانی شۆڕشی زانكۆكانی ئەمریكا و جیهان ئەركی گەورەی زاناو بیرمەندو ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و زانكۆكانە لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا ئەفكارو تێڕوانین و سەرنجی نوێ پێشكەش بكەن كە توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئەو مەعرەكە گەورەیەیان ببێ ، تاوەكو خوێنی گەلی فەلەستین و شەهیدەكانی و ئەو هەموو قوربانییەی پێشكەشیان كردووە لە ڕابردوو و لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەتایبەتی بەفیڕۆ نەڕوات!



AM:11:54:04/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی